
ئازاد جندیانی
نووسەر
وتارەکەی مامۆستا جەعفەر، هاوڕایی و بەڵامێک

دوای ئەوەی دووجار فەیسبووکەکەم هاک کرا، بۆیە دەمێکی زۆرە وازم لێی هێناوە، بەڵام دۆستێکی بەڕێزم بە سوپاسەوە شەوی ڕابردوو وتارەکەی برای خۆشەویستم مامۆستا جەعفەری بۆناردم، کە لە فەیسبووکی خۆیدا بڵاوی کردبووە. وتارەکە بە ناونیشانی ( کێشەی مووچە & کێشەی نوێنەرایەتی کورد لەبەغدا) بوو.
بەر لە نیو سەعاتێک لەوەی وتارەکەم پێ بگات، لە بەرنامەی (باسی ڕۆژ) لە کوردستان24دا منیش ئاماژەیەکم بە بابەتی نوێنەرانی کورد لە بەغدا دابوو، کە دۆستە بەڕێزەکەم گوێی لە لێدوانەکەی منیش ببوو، بۆیە سەرنجی ئەرێنی خۆی لەسەر لێدوانەکەی من لەپاڵ بۆچوونی ئەرێنی سەبارەت بە وتارەکەی مامۆستا جەعفەر بۆ ناردم .
لەڕاستیدا منیش سەبارەت بە کڕۆکی وتارەکەی لەمەڕ ڕۆڵی ئەوانەی پێیان ئەوترێ نوێنەرانی کورد لەبەغدا لە چوارچێوە گشتیەکەیدا لەگەڵ مامۆستادا بیرکردنەوەی چوون یەکمان هەیە و لەوەدا یەک دەگرینەوە، کە لەوێ بوونی ئەو بەناو نوێنەرانە، نەک هەر هیچی باشی بۆ کورد وەک نەتەوە و نیشتمان و مەسەلەی نەتەوایەتی تێدا نییە، بەڵکو ماوەیەکی زۆرە لەوێ بوونیان (کە مەبەستم تێکەڵکردنی باش و خراپ و ڕەش وسپیان نییە، وەک چۆن مەبەستم نییە یار و نەیارەکانی ئەوێ پێکەوە کۆ بکەمەوە) بۆتە مەترسی بەسەر کوردەوە، کە دەرەنجامە نەرێنیەکانیان بۆ کورد لە زۆرینەی کەیسە ناکۆکە دژوارەکانی هەرێم و بەغدا (کورد و بەغدا)دا ڕەنگی داوەتەوە، بۆیە ئیدی وەختی ئەوە هاتووە ڕاست و ڕەوان وەک پیرەمێردی نەمر لە دێرزەمانەوە بۆ ئەو جۆرە کەسانە دەستەواژەی (هەرزە وکیل)ی بەکارهێناوە و لەو دەرچەیەشەوە هاوبڕوا لەگەڵ مامۆستادا من دەڵێم ئەمانە (میللەت وەکیلی) نین، بەڵکو (هەرزە وەکیل)ن، هەر لەو پێودانگەشدا دەبێ ئەوەبڵێم کە هەرکاتێک ئەو هەرزە وەکیلانە لە دژی کوردستان و بەرژەوەندییەکانی دەردەکەون و لێدوان دەدەن، بەدەست خۆم نییە (شاهین تاڵەبانی) * خۆفرۆشم بیر دەکەوێتەوە .
لەڕاستیدا لە ڕەهەندە سیاسیەکەشدا پێم وایە کاتی ئەوە هاتووە بە شێوەیەکی هەمەلایەنە بەشداربوونمان لە دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراقدا، لە هەموو دەسەڵات و دامەزراوە سیادییەکان و هیتریش تاوتوێ بکەین و لە ڕوانگەی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئەم قۆناخەی کوردایەتی و هاوکات لەبەر ڕۆشنایی ئەزموونەکانی نزیک بەچارەکە سەدەیەکی ڕابردوومان لەگەڵ بەغدا بەراوردێکی بوێرانە و ڕاشکاوانە و ڕاگەیەندراوانەی ڕەخنەگرانە سەبارەت بە (لەوێ بوون یان لەوێ نەبوون)مان بکەین، بەتایبەت لەبەر ڕۆشنایی سێ پرنسیپەکە (هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان) کە نیازمان بوو ئەم سێ پرەنسیپە فاکتەر و زەمینەی کۆکردنەوەی کورد و عەرەب بن لەسەر بەڕەیەکدا.
لەڕاستیدا ئەو سەرەباسەی مامۆستا وڕووژاندی زۆر گرنگە و شایستەی ئەوەیە، هەموو لایەک بەتایبەتیش ئەوانەی لەبەغدا ئەرکیان پێ سپێردراوە (پێ سپێردرا بوو) لەو گفتوگۆ و دیالۆگەدا بەشدار بن کە بابەتەکە بەرپای دەکات.
* * *
مامۆستا جەعفەر هەر باسی نوێنەرایەتی کوردی لە بەغدا نەوڕووژاندووە، بەڵکو دەرگای لەسەر دوو بابەتی تریشدا کردۆتەوە کە شایانی ئەوەن گفتوگۆ، بگرە کێشمەکێشیشیان لەسەر بکرێ، یەکێکیان بابەتێکی (سۆسیۆ- سیاسی) پەیوەست بە دیاردەی ئۆپۆزسیۆنەیە لە کوردستان، کە بۆتە دیاردەیەکی بەلاڕێدا براوی فرە پێناسەی نابەرژەوەند بە دۆزی كوردستان. من ئەمە جێ دێڵم بۆ دەرفەتێکی تر (نووسینێکی تر) .
بەڵام گەرەکمە لە کورتترین کۆمێنتدا سەبارەت بە سێ (تکا)کەی کاک جەعفەر ئەمەی خوارەوە بڵێم:
من بە پێچەوانەوە، بڕوام وایە کە وەختی ئەوەیە لەپاڵ وتن و نووسینی هەر ڕەخنەیەکی سەرەکی یان لاوەکی کە لە حکوومەتی هەرێم (لەم کابینەیە و لە کابینەکانی ڕابردووشدا) هەمانە، دەبێ داکۆکی دروست و ڕەوا و بونیادنەری لێ بکەین، من بۆخۆم ئیدی ئەو ئەرکی داکۆکی لێکردنە دەخەمە بەرنامەی کارمەوە، چونکە نامەوێ بە ویست یان بێ ویستی خۆم ڕەدوو ئەو ڕەوتە ناکوردانەیە بکەوم کە تا سەر ئێسکان گوماناویە و هەموو کارێکیان دژایەتیکردنی حکوومەت و دەسەڵاتەکانی هەرێمە.
دڵنیام مامۆستا جەعفەریش لەو باسەدا هاوڕامە ، بەڵام ئەو بەزمان و دەربڕینێکی شارەزایانە و وەستایانەتر پشتیوانی لەکورد دەکات، چونکە ئەو حکوومەتی هەرێمی لە خەرمانی کوردایەتی ئافەرۆز نەکردووە و نایکات.
* شاهین تاڵەبانی ، جاش میدیایەکی سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول بوو ، کە ڕۆژانە لە ڕادیۆی کوردی بەغدا جنێوی بە شۆڕش و پێشمەرگە دەدا و دواتر هەر لەو سەردەمدا دەستی پێشمەرگەی گەیشتێ و کوژرا .