عێراق بەرەو ﺋﺎﯾﻨﺪەیەﮐﯽ ﺷﮑﺴﺘﺨﻮاردوو

(نووری مالیكی) سەرۆك وەزیرانی پێشوی عێراق بەبێ گوێدان بە بڕگەکانی دەستور، بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی

عێراق بەرەو ﺋﺎﯾﻨﺪەیەﮐﯽ ﺷﮑﺴﺘﺨﻮاردوو
عێراق بەرەو ﺋﺎﯾﻨﺪەیەﮐﯽ ﺷﮑﺴﺘﺨﻮاردوو

لە 12ی ئایاری رابردوو گەلانی عێراق بەرەو سندوقەکانی دەنگدان بەڕێکكەوتن بە هیوایی  ئەنجامدانی گۆڕانکارییەک لە وڵاتەکە و باشتر کردنی بارودۆخەکە، کەچی بەداخەوە ئەوە زیاتر لە یەک مانگە نەتواندراوە حکومەتێکی فەرمی  پێک بهێنرێت، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ململانە تەسکەی نێوان حزبەکان و دەست تێوەردانی وڵاتە ئیقلیمیەکان لە پێش هەمووشییانەوە ئێران.

ئەمە لەلایەک لە لایەکی ترەوە دوای تێپەڕبوونی 15 ساڵ بەسەر رووخانی رژێمی بەعس، زۆربەی زۆری ئەوانەی پێیان دەوترێ  سیاسەتمەدار کە لە عێراق گەیشتنە سەر دەسەڵات، تەنیا خەریکی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بوون و هیچ کاتێک بیریان لە میللەت نەکردووه‌تەوە، جگە لەوە رێگە خۆشکەرێکش بوون بۆ هێنانە ناوەوەی یارییە سیاسيیەکانی وڵاتانی دەوروبەر بۆ ناو خاکی عێراق.

ئەوەی کە لە دوای  رووخانى رژێمی سەدام لە عێراق باسی لێوە نەکرێ دەستوری  نوێیە.  دەستوور بەمانای یاسای بنەڕەت دێت، كە لە ژمارەیەك ماددە و بەند پێك هاتووە و بەپێی ئەو دەستوورە دەبێت مافی گشت پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و بۆچوونە سیاسییە جیاجیاكان بپارێزرێت.

دەستوور لە هەر وڵاتێك بەیاسای یاساكان دادەنرێت لە هەموو ڕوویەكەوە، هەر لەسەر ئەم بنەمایەیش هاووڵاتیان سستەمی دامودەزگای وڵاتەكەیان ڕێك دەخەن بۆ ئەوەی كاروباری خۆیان بەپێی یاسا و بەشێوەیەكی دادپەروەرانە جێبەجێ بكەن. هەر لە پێناو ئەمەدا پێویستە لە سەرەتای داڕشتنی دەستووردا گشت لایەنە سیاسیەكانی وڵات لەسەری ڕێك بكەون و نابێت لە ویست و خواستی هیچ چینێكی‌ كۆمەڵایەتی گرینگ بەدەر بێت، نەوەك دواتر لە دژی ئەو چینە بەكار بهێنرێت، هەتا گەر بێت و لە هەڵبژاردنێكی ئازادیشدا زۆرینەی دەنگی لەسەر درابێت.

داڕشتنی دەستووری نوێی عێراق تەنیا لەسەر كاغەز دانەڕێژراوە بۆ ئەوەی بڵێین دەستوورمان هەیە و دەبێت لە ژێر سایەیدا بژین، بەڵكو دەبێت ماددە و بەندەكانی ئەم دەستوورە لە پێناو بەرژەوەندی هاووڵاتیانی عێراقدا بەگشت پێكهاتە سیاسی و ئایینی و نەتەوەییە جیاجیاكانەوە بەكار بهێنرێت، هەر وەك چۆن لە بنەڕەتدا بۆ ئەم مەبەستە داڕێژراوە.

دوای تێپەڕبوونی 13 ساڵ ‌بەسەر داڕشتنی دەستووری عێراقدا، كە گەلانی ئەو وڵاتە لە ژێر هەڕەشەی تیرۆرستاندا چوون بەرەو سەندووقەكانی دەنگدان بۆ پەسەندكردنی دەستوورێك كە ئازادی بەگشت پێكهاتە سیاسی و ئایینی و كۆمەڵایەتییەكانی عێراق دەبەخشێت.

لە ڕاستیدا بەكارهێنانی دەستوور بەشێوە پێچەوانەكەی، هەروەك چۆن (نووری مالیكی) سەرۆك وەزیرانی پێشوی عێراق  بەبێ گوێدان بە بڕگەکانی دەستور،  بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی، هەروەها لە دوای ئەویش  (حەیدەر عەبادی) کاتێک کە هێرشی کردە سەر کوردستان و میلیشای لە دژی گەلانی عێراق دروست کرد، ئەمانە هەمووی پێچەوانەی ئەو دەستورە نوێیەیە کە گەلانی عێراق دەنگیان بۆ دا.

ئەوە لە کاتێک دا کە دەستور زۆر بە راشکاوەیی لە بڕگەی (9)دا رێگری لە پێکهێنانی میلیشا دەكات،  هەروەها تیایدا هاتووە کە رۆڵی هێزی سەربازی دەبێ دوور بێت لە سیاسەت.  بەڵام عەبادی بێ  هیچ گوێ پێدانێک حەشدی شەعبی دروست کردو  هێرشی کردە سەر ناوچە کوردستانیيەکانی دەرەوەی هەرێم.  بەمەش ئاشکرا بوو کە چ  مالیكی و چ عەبادی دەیان ویست  بارودۆخی سیاسی و ئاسایشی ئەو بەشە هێمنەی هەرێمی كوردستانیش وەكو بەشەكانی تری عێراقی لێ بكەن، لە جیاتی چارەسەركردنی بارودۆخی ئاسایشی بەشەكانی تر.