مام رۆستەم لە رێگەی كوردستان24ەوە دوو ھەواڵ رەتدەكاتەوە
"من لە ماڵی خۆم دانیشتووم و ھەردوو بابەتەكە بەناوی منەوە نووسراوە"
K24 - سلێمانی
دوای ئەوەی لە ماوەی كەمتر لە 24 كاتژمێر دوو روونكردنەوە بەناوی مام رۆستەم، ھەڵسوڕاوی پێشووی گۆڕان بڵاوكرایەوە، كە گوایە مام رۆستەم، وازی لە گۆڕان ھێناوە و پەیوەندی بە یەكێتییەوە كردووە، مام رۆستەم، بە كوردستان24 راگەیاند "ھیچ لەو روونكردنەوانە پەیوەندییان بە منەوە نییە".
لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ كوردستان24 مام رۆستەم رایگەیاند: "ئەو دوو بابەتەی بەناوی من بڵاوكراوەتەوە، ھەم دەست لەكاركێشانەوەم لە گۆڕان، ھەمیش روونكردنەوەی رەتكردنەوەی ھەواڵەكە، كە بەناوی منەوە بڵاوكراوەتەوە، راست نییە، دوور نزیك ئەو دوو بابەتەی بەناوی منەوە نووسراوە پەیوەندی بەمنەوە نییە".
مام رۆستەم، ئاماژەی بەوەشكرد: "من ئێستا لە ماڵی خۆم دانیشتووم".
دوێنێ ژمارەیەك ماڵپەڕ و پەیجی سەر بە یەكێتی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بابەتێكیان بەناوی مام رۆستەم بڵاوكردەوە، كە تێیدا ھاتووە، وازی لە گۆڕان ھێناوەو پەیوەندی بە ریزەكانی یەكێتییەوە كردووەتەوە، دوای ئەوەش ژمارەیەك ماڵپەڕ و پەیجی گۆڕان لە روونكردنەوەیەكدا بەناوی مام رۆستەم ھەواڵەكەیان رەتكردەوە، بەڵام مام رۆستەم ھەردووكیان رەتدەكاتەوە و دەڵێ، ھیچان پەیوەندی بەوەوە نییە.
ھ.م