گۆڕان: بۆ وەرگرتنی پۆست یەكێتی ھەڕەشە دەكات
"یەكێتی دەبێ بەپێی سەنگی خۆمان بەشداری لە حكوومەت بكەین"
K24 - ھەولێر
یەکێتی و گۆڕان سەرەڕای ئەوەی کۆکن لەسەر ئەوەی کە دەبێت پارتی پەلە بکات لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت و هەرچی زووە دانوستانەکان دەستپێبکەنەوە، بەڵام رکابەرییەکی بەهێزی یەکتری دەکەن بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەت.
ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێ دەبێ، بەپێی سەنگی خۆمان بەشداریمان پێبکرێت نەک بەپێی ژمارەی کورسییەکان، بەو پێیەش وەرگرتنی ئەو پۆستە بە مافی خۆیان دەزانن، لە وەڵامدا ئەندامێکی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان پێیوایە ئەوەی یەکێتی دەیکات هەڕەشەیە و دەشڵێ داواکارییەکانی یەکێتی هی حزبێکە زیاتر لە 50 کورسی هەبێت.
ئارێز عەبدوڵڵا، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "پێكھێنانی حكوومەت دواكەوتووە، ھیوادارین دەستوبردی لێ بكرێت، ئەركی سەرەكیش لە ئەستۆی پارتییە، ئێمە كێشەمان نییە كە گۆڕان بەشداری دەكات یان نا، گرنگ ئەوەیە ئێمە وەك یەكێتی بەپێی سەنگی خۆمان بەشداربین، سەنگی یەكێتی 21 كورسی نییە، دەبێ سەنگی یەكێتی لەسەر ئاستی ھەرێمی كوردستان و عێراق لەبەرچاو بگیرێت".
گوتیشی: "ئەگەر پارتی و گۆڕان لەسەر پێكھێنانی حكوومەت رێك بكەون، ئێمە كێشەمان نابێت و دەبین بە ئۆپۆزسیۆن".
گۆڕان کە ئێستا بەرەو بەشداری لە حکوومەت دەچێت چاوەڕوانی پارتییە و داواکارییەکەی یەکێتیش بە هەڕەشە دەزانێت.
هێمن شێخانی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بە كوردستان24 گوت: "ھەندێك لایەنی سیاسی دەڵێن، پارتی چاوەڕێی وەڵامی بزووتنەوەی گۆڕانە، بەڵام پێچەوانەكەی راستە، ئێمە پاكێجمان پێشكەش بە پارتی كردووە، بۆ ئەوەی بزانین تا چەند دەتوانن لەناو كارنامەی كابینەی داھاتووی حكوومەت جێ بكەنەوە".