بۆ گفتوگۆ لەسەر بودجەی 2027 شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان دەگاتە بەغدا

ئەرشیڤ
ئەرشیڤ

بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2027 و چەند پرسێکی دارایی دیکە، شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات.

ئەمڕۆ سێشەممە 8ـی ئەیلوولی 2026، دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند: شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی فیدراڵ، دەچێتە بەغدا ، شاندەکە لە هەریەکە لە: د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، د. ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و د. عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون پێکهاتووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، بڕیارە شاندەکە لەگەڵ فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق کۆببنەوە. تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان تایبەت دەبێت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027 و چۆنیەتی جێگیرکردنی شایستە داراییەکان.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، دۆسیەی 120 ملیار دینارەکەی داهاتی نانەوتی و میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی سیستەمی "ئەسیکۆدا" (ASYCUDA) لە دەروازە سنوورییەکان، بە وردی تاوتوێ دەکرێن.

ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە حکوومەتی فیدراڵ سەرقاڵی ئامادەکردنی رەشنووسی یاسای بودجەی ساڵی داهاتووە و هەرێمی کوردستانیش دەیەوێت پێشوەختە کێشە تەکنیکی و یاساییەکانی پەیوەست بە پشک و مووچەی فەرمانبەران لەگەڵ بەغدا یەکلا بکاتەوە.