کەنەدا باجی 50% دەخاتە سەر هاوردەکانی ئەمریکا

لە چوارچێوەی پەرەسەندنی گرژییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات، حكوومەتی کەنەدا بڕیاری دا لە رۆژی سێشەممەوە باجی گومرگیی "تۆڵەسێنەرەوە" بەسەر کۆمەڵێک کاڵا و بەرهەمی ئەمریکیدا بسەپێنێت.

رۆژی دووشەممە، وەزارەتی دارایی کەنەدا لە وەڵامی پرسیارێکی ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیدا (DPA) جەختی لەوە کردەوە، لە ئەمڕۆ سێشەممەوە دەست دەکرێت بە وەرگرتنی باجی گومرگی لەسەر هاوردەکانی ئەمریکا، ئەوەش وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو رێکارە بازرگانییانەی واشنتن لە مانگی ڕابردوودا گرتییە بەر.

بەگوێرەی بڕیارەکە، ڕێژەی باجەکان دەگاتە 50% و ئەو کاڵا ئەمریکییانە دەگرێتەوە کە بەهاکەیان نزیکەی 27.6 ملیار دۆلاری کەنەدییە (کە دەکاتە نزیکەی 20 ملیار دۆلاری ئەمریکی). لیستی ئەو بەرهەمانەی کە کەنەدا باجی خستوونەتە سەر، پێکهاتوون لە: پۆڵا، ئەلەمنیۆم، ئامێرە کارەباییەکانی ناوماڵ، کەرەستە و ئامێرە کشتوکاڵییەکان، هەویری دار، کاغەز و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان.

ئەم هەنگاوەی ئۆتاوا دوای ئەوە دێت، کە گفتوگۆ بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات شکستیان هێنا، مانگی رابردوو، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە هەمان شێوە باجی 50%ـی بەسەر بەرهەمە کەنەدییەکاندا سەپاند کە بەهاکەیان 20 ملیار دۆلار بوو.

باجە سەپێنراوەکانی ئەمریکا، کۆمەڵێک بەرهەمی جیاوازی کەنەدییان گرتبووەوە، لەوانە: دارەکانی یاری هۆکی، کەلوپەلی ناوماڵ (مۆبیلیات)، هەنگوین و مەشروبە کحوولییەکان، ئەمەش کەنەدای ناچار کرد هەمان ڕێکار بەرامبەر واشنتن بگرێتە بەر و "شەڕی بازرگانی" نێوان ئەو دوو وڵاتە هاوسێیە پێ بنێتە قۆناغێکی نوێوە.