یەكێتی كارنامەی خۆی پێشكەش بە پارتی دەكات

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی: ئەگەر پێویست بكات بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی ھیچ كێشەیەك نییە

K24 - سلێمانی

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی ئاشكرای دەكات، دەیانەوێت بە نووسراو كارنامەی خۆیان لەسەر شێوەی ئیدارەدانی ھەرێمی كوردستان و دابەشكردنی پۆستە سەرەكییەكان پێشكەش بە پارتی بكەن و ناوەڕكی كۆبوونەوەكەش ئاشكرا دەكات.

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی بە كوردستان24 راگەیاند: "دەمانەوێت ئەمجارە بەرنامەیەكی نووسراو پێشكەش بە پارتی دیموكراتی كوردستان بكەین و گفتوگۆ لەسەر ناوەڕۆكی بەرنامەكە بكەین".

ئاشكرای كرد: "ناوەرۆكی بەرنامەكە بریتییە لە شێوەی ئیدارەدانی ھەرێمی كوردستان و دابەشكردنی پۆستە سەرەكیەكان، ھەروەھا بۆچوون و تێڕوانین بۆ كاری چوارساڵی داھاتوو و رێكخستنەوەی پەیوەندییەكان لەنێوان ھەردوولا لە ناوخۆ و دەرەوەی ھەرێم".

سەبارەت بە ھۆكاری دواخستنی كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی كە بڕیاربوو دوێنێ بەڕێوەبچێت، فەرید ئەسەسەرد گوتی: "بە بڕوای من ھەندێك شت ھاتووەتە پێش و كاریگەری لەسەر ئەو بابەتە ھەبووە".

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی رەتیكردەوە، دواخستنی كۆبوونەوەكە پەیوەندی بە كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتییەوە ھەبێت و گوتی: "لەناو خۆی یەكێتی ھیچ كێشەیەك لەسەر پێكھێنانی شاندی دانوستان نییە، پێشتر كێشە ھەبووە لە داڕشتنی بەرنامەی خۆمان ئێستا ئەوەشمان چارەسەر كردووە. ئێستا لیژنەكان كارەكانیان تەواو كردووە و دەكرێت لەگەڵ پارتی گفتوگۆی لەسەر بكەین".

فەرید ئەسەسەرد، لەبارەی كۆبوونەوەی سێ قۆڵی لەنێوان پارتی و یەكێتی و گۆڕان ئەوەی خستەڕوو: "تائێستا كۆبوونەوەكان دوو قۆڵی بوون، ئەگەر پێویست بكات ھیچ كێشەیەك نییە بۆ ئەوەی كۆبوونەوەی سێ قۆڵی ئەنجامبدرێت".