ئاسۆ عه‌بدوللـه‌تیف
نووسەر
مۆتیڤه‌كانی ئاواره‌بوون و كۆمه‌ڵكوژیی!؟
له ئایندهی نزیك فۆرمی حوكمڕانیه‌كان و ده‌سه‌ڵاته هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كان، به‌م شێوه‌یه نامێننه‌وه
ئایا كاتی ئه‌وه نه‌هاتووه تراژیدیای ئاواره‌بوون و نه‌غمه‌كانی پشته‌وه‌ی ئه‌م مۆتیڤه جه‌رگبڕانه بگۆڕین به وێنه‌و ده‌ركه‌وتی نوێ كه هاوشان بێت به پێدراوه‌كانی ئه‌م زه‌مه‌نه، هیچ نه‌بێت تێبگه‌ین گوتاری ئه‌مه‌ریكی چییه‌و چی له ئێمه ده‌وێت له ئێستادا.
رۆژاڤا مۆدێلێك له خه‌باتی تری تاقیكرده‌وه هێشتا به‌شی ئه‌وه ناكات بمانگه‌یه‌نێته دۆخێكی ئارام و بێكێشه، كاتی خۆی كه موسڵ وه‌ك ویلایه‌تێك دوای په‌یماننامه‌كانی سیڤه‌رو لۆزان، دروست له 16-12-1925 خرایه سه‌ر عێراقی مه‌له‌كی، ئه‌تاتورك، ته‌نها ئه‌وه‌ی كرد له‌و رێككه‌وتنه تێگه‌یشت و خۆی گونجاند له‌گه‌ڵیدا، تازه خه‌ریكی به پێوه وه‌ستان بوو، باكی نه‌بوو به‌م لكاندنهش، ئه‌مه‌ش له‌پای ئه‌وه‌ی كه سنوره‌كانی ئارام بن تا، ناوچه‌كانی دێرسیم و ئامه‌دو وان و زاب و ئۆرامار، رۆژێك له رۆژان بیری له‌وه نه‌كردبویه‌وه كورد ئه‌وه‌نده به‌هێزبێت ده‌ستی بگاته رۆژهه‌ڵاتی فورات و سه‌رده‌ریای ره‌ش و هه‌رێمێك دروست بكات به سه‌د هه‌زار شهرڤانهوه، ئێستا كه ده‌زانێت مه‌ترسی له‌سه‌ره سكێچی نه‌خشه‌كه‌ی نه‌ك ویلایه‌تی موسڵ، به‌ڵكو ته‌واوی كوردستانی رۆژاڤاو به‌شێكی گه‌وره‌ی باشوریشی خستۆته سه‌ر، وه‌ك پلانێكی عه‌سكه‌ری و فراوانخوازیی.
كاتێك ئه‌تاتورك له ساڵی 1923 له ژێر باڵی ناسیۆنالیزمی توركه‌وه هات و پاكتاوی كوردی كرد، ئاینی وه‌ك ره‌گه‌زی سته‌مكاریی به‌كارنه‌هێنا، بگره ئاینی به تۆپزیی كرده ده‌ره‌وه‌ی مێژوو، ئه‌ردوغان داهێنانی له‌م پاكتاوو كۆمهڵكوژیهشدا كرد‌و ملپێچی ئاینی كرده گه‌ردن و شه‌رعیه‌تی پێبه‌خشی و ده‌وڵه‌تانی ئیسلامی و ئیخوان موسلیمینیش موبارهكهیان كرد.
ئه‌وه‌ی ئه‌م قۆناغه سه‌خته‌ی راگرتووه بۆ كوردانی رۆژاڤا به‌ته‌نها شه‌ڕ نییه، ئیراده‌ی كوردبوون و ئه‌و هه‌سته میللی و كۆنه‌سته جه‌ماعی و سۆزه گشتگیره‌یه، كه بۆته رۆژه‌ڤی جیهانی و لۆبیه‌كی به‌هێز بۆ ته‌حه‌دیاته‌كانی ئاینده ئه‌مه تاكه سه‌ركه‌وتنه، كورد به‌م بیماریی و شۆكه سیاسی و ئازاره‌وه هێشتا هیچی پێناكرێت و پێویسته ده‌ستكاری گوتاری سیاسی خۆی بكات و هیچ نه‌بێت بۆ ئه‌م قۆناغه، له رێككهتنهكان تێبگات و مانۆڕ‌و دانوستان و رێككه‌وتنی نهێنی خۆشی بپارێزێت.
ئه‌م دۆخه ئومێده بۆ ئیستیقلال و سه‌ربه‌خۆیی، توركیا ئه‌وه باش ده‌زانێت، بۆیه خوازیاری ئه‌وه‌یه تێكی بدات وه‌ك چۆن ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی باشوریان تێكدا، كورد ئه‌گه‌ر سه‌ربه‌خۆیی خۆی هه‌بێت ده‌توانێت ئاسمان و خاكی خۆشی بپارێزێت و رێبگرێت له هه‌ر گهلكوژیی و جینۆسایدێك.
له دوای جینۆسایدی هه‌ڵه‌بجه‌وه ده‌توانین سه‌رێكانی به كۆمه‌ڵكوژیه‌كی نوێ هه‌ژمار بكه‌ین كه توندترین چه‌كی قه‌ده‌غه‌كراوی فسفۆری تێدا به‌كارهات و جیهانیش گوێی خۆی ئاخنی، توركیا‌و ئه‌مه‌ریكاش ده‌یانزانی زه‌مه‌نه‌كه گونجاوه بۆ چاوداخستن و گوێ ئاخنین، ده‌ركه‌وت ئه‌م زه‌مه‌نه زه‌مه‌نی پیشه‌سازیی كردن نییه به خوێن و كۆمهڵكوژیهوه، زه‌مه‌نی حیزب و ئایدۆلۆژیا‌و پاڵهوانبازیش نییه، وه‌ك سه‌رده‌می جیڤاراو ماندێلا‌و گاندی، زه‌مه‌نی پیشه‌سازییه به جوگرافیا و جێكه‌وته‌ی باش و نه‌وتی سپی و بیزنسی ره‌شه‌وه، كورد له‌م زه‌مه‌نه‌دا كه‌وتۆته بن، یان په‌راوێزی هاوكێشه جیهانیه‌كانی نه‌وت و بیزنسه‌وه، ده‌بێت یان خۆی بگونجێنێت له‌گه‌ڵی یان لێی تێبگات به‌تایبه‌تی رێكه‌وتنه سیاسیه‌كه‌ی مایك پێنس جێگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و ئه‌ردوغان له 17/10/2019.
به‌ته‌نها جه‌نگ و شۆرش و به‌رخودان و پیشاندانی هاوار و قیژه‌ی مناڵان به‌س نییه، چیرۆكی ئاواره‌بوون بۆ كورد ده‌ركه‌وتێكی تازه نییه، جیهان خۆی له ناو پرۆسه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئاواره‌بون و كۆچ و گۆڕینی دیمۆگرافیادایهو هیچی پێناكرێت ئه‌وروپیه‌كان باش له‌مه تێده‌گه‌ن، سنور یان ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی وه‌ك خه‌ونێك به‌سه‌رچووه، ئێستا شتێك نییه به‌ناوی ناسیۆنالیزم و بڕوا، ئه‌وه‌ی هه‌یه مانه‌وه‌و به‌رده‌وامی و جه‌نگه بۆ دروستكردنی ناسنامه، بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی و به‌رزبونه‌وه‌ی ده‌خلی تاك و ئامانجه ئینیدفیجواڵهكان، تورك به دیماگۆگیه‌تی ئاین و خه‌ونی ده‌ستبه‌سه‌راگرتن و ئاواكردنی خه‌لافه‌ت و ئیمپراتۆریه‌ت ئه‌مه ده‌كات بۆ ئه‌وانه‌ی به توركی ده‌ئاخڤن، بۆیه پشتگیری ناوخۆیی شۆڤێنیستی و ئاینی هه‌یه، ئاواره‌بوون و سه‌رگه‌ردانی له‌م زه‌مه‌نه زۆر گرنگی پێ‌نادرێت بۆ وڵاتانی خولگه‌ی تره‌مپیزم ، ئه‌وانه‌ی له گفتوگۆی تره‌مپ و بیزنسهكهی ده‌گه‌ن، ده‌بێت بزانن زه‌مه‌نی به كاڵاكردنهی ئینسان خۆی و زه‌مه‌نی بێ‌بڕوایی میدیا‌و گوتاری جدیی و سیاسه‌تی فه‌رمی بازاریان نه‌ماوه، نه به‌یاننامه‌و كه‌مپه‌ین و نه ئیدانه‌و گریان و مافی مرۆڤ و ته‌نانه‌ت ئه‌منستی ئه‌نته‌رناشناڵ و ته‌واوی رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ مایه‌پووچ بوون به‌ده‌ست دیارده‌ی تره‌مپ و به‌ربه‌ریزمی نوێوه.
ئێستا به‌های هه‌موو شتێك هاتۆته‌خوار، ئینسان خۆی له جیهاندا بێبه‌هاترین شمه‌كه، نرخی گه‌وره، خوێن و تراژیدیا‌و ئه‌و تابلۆ كۆنه نییه كه هه‌بوو له رابردوو، ئه‌وه‌ی نهقاشهكان كاتی خۆی بۆ جیهانیان كێشا، نرخی گه‌وره له ئێستادا تێگه‌یشتنه له‌و هاوكێشه‌و هێڵ و مۆدێله موخابه‌راتی و بیزنسه جیهانیانه‌ی كه چواردهویان داوین و وه‌ك ته‌ون قوڕگیان گرتوین، كورد ده‌بێت له رێككهتنهكان و له پێكه‌نین و توره‌بوونی سه‌ركرده‌كان تێبگات و كار به‌م لۆژیكه بكات و چیتر خیانه‌ت و فرۆشتنی خاك و بێمروه‌تی و بێوه‌فایی گه‌لان نه‌خاته زهنیه‌تی خۆیه‌وه، ناوچه‌ی نه‌وت بۆ ئه‌مه‌ریكا پێشنیار بكات به ئۆفه‌رێكی باشترله توركیا‌و ئێران، به‌شێك له گرێ كوێره‌كان به‌م كۆدانه ده‌كرێنه‌وه، كورد شه‌ڕی ئاسمانی و ته‌كنه‌لۆژیای مۆدێرنی له شاره‌كان پێناكرێت، ده‌بێت رێگای دیكه تاقی بكاته‌وه، یان هیچ نه‌بێت بۆ ئێستا سه‌قفی داواكاری و خه‌یاڵاتی خۆی كه‌مێك دابه‌زێنێت ئه‌مه‌ش به رێككه‌وتن، تا نه‌یارانی سه‌رسام بكات، چونكه توركیا پێش ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵكوژیی كورد بكات، به رێككه‌وتنی پێشوه‌خت زامنی هه‌ر گوشارێكی ئهمهریكاو روسیا‌و جیهانیشی كردووه.
راسته كورد به ده‌یان ساڵی دیكه به وتار‌و وه‌عزی سیاسیه‌كانی و میدیاكهیهوه، نه‌یده‌توانی ته‌فسیری فاشیزمی ئاینی توركیا و به‌ربه‌ریه‌تی ئه‌ردوغان بۆ دنیای ده‌ره‌وه بكات، به‌ڵام چ سودی هه‌یه، خۆ فاشیزمی ئه‌ردوغان، كۆمه‌ڵكوژی و بهربهریهتیشی هاته سه‌رو كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی هێشتا نه‌یانتوانی بیوه‌ستێنن، با واز له هاتنه ده‌نگ و قڕه‌قڕو بێده‌نگی جیهان بهێنین، دیزاینی كتێبخانه‌كه گرنگ نییه، ناوه‌رۆكی كتێبه‌كان گرنگن، كورد گرنگه فیكر‌و جیهانبینی خۆی بگۆرێت، كه ئه‌مه‌ریكا داوای دیداری "مه‌زلوم كۆبانی" كرد بۆ كۆشكی سپی ته‌ڤگه‌ری كوردیی هاوسه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی سوریای دیموكرات " ئیلهام ئه‌حمه‌د" یان نارد بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ناوه‌نده ئه‌مه‌ریكیه‌كان، ئه‌مه‌ریكا كه‌سایه‌تی بۆ كورد دروست ده‌كات و تێكی ده‌شكێنێت، ده‌بێت كورد له‌م یاریه تێبگات و دۆزی كوردیی، كێشه گه‌وره‌كه، بێده‌وڵه‌تی و بێ‌شوناسی، به موخاتیب بگرین له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا نه‌ك كه‌سایه‌تیه‌كان، جیهان له سه‌رده‌می مه‌لیك مه‌حموده‌وه تا شێخ سه‌عیدی پیران و قازی محمد و بارزانی نه‌مر، تا مه‌زڵوم كۆبانی خه‌ریكی ئه‌م گه‌مه ناشیرینه‌یه.
ئاخر بڕوانن ئه‌مه‌ریكا له چاوه‌ڕوانی مه‌رگ و جینۆسایدكردنی رۆژاڤادا له‌و په‌ڕی ترۆپكی سۆسیالمیدیاو دیجیتاڵ میدیادا چۆن سیاسه‌ت ده‌كات به‌رانبه‌ر به كورد، كوردیش ده‌بێت مانۆڕ‌و سه‌رلێشێوان و كۆنتراكتی ژێربهژێرو رێككه‌وتنی كاتی و ستراتیجی و چه‌ندین گرێ و گۆڵ بخاته گۆرهپانهكهوه با بچوك بێت، گفتوگۆی ئه‌سه‌دو روسیا‌و ئێران و سعودیه‌و هه‌موو ئه‌مانه بخاته رۆژه‌ڤ، به‌مانایه‌كی تر پرۆسه‌ی هیلاككردن و شێواندن گرنگه، كورد له‌م دۆخه‌دا ده‌بێت مانۆڕ بكات له‌به‌رانبه‌ر رێگریی له سه‌پاندنی دیكتاتۆریه‌ت و سڕینه‌وه‌و گۆڕینی دیمۆگرافیای كوردستان و ره‌شه‌كوژیی تورك و بێده‌نگی ئه‌مه‌ریكا، دڵنیام له ئایندهی نزیك فۆرمی حوكمرانیهكان و كۆی ده‌سه‌ڵاته هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كان، به‌م شێوه‌یه نامێننه‌وه.