ئاسۆ عه‌بدوللـه‌تیف
نووسەر
حكومه‌ت و راوێژكاره‌كانی
هه‌میشه زانكۆكانی ئێمه خۆیان بچووك پیشانداوه
ره‌نگه ئیتر كاتی ئه‌وه هاتبێت فێربین چۆن پیشه‌سازی به راو بۆچون و راوێژی سیاسییه‌وه بكه‌ین، ته‌نانه‌ت قه‌رزی وشه‌و بیرۆكه و فیكر‌و تێگه‌یشتنی چاك بكه‌ین بۆ به‌ره‌وپێشبردنی سه‌رجه‌م جومگه و جه‌مسه‌ر و سێكته‌ره حكومییه‌كان، پاشایه‌ك كاتێك ده‌چێته راوشكاریی و ناتوانێت ئاسكێك راوبكات، ده‌كرێت پێی بوترێت پاشای من، ئه‌م راوه به‌تۆ ناكرێت و ئه‌م ئاسكانه‌ی نێچیركراون تیری ناو كه‌وانی تۆ نه‌یپێكاون، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی نه‌كه‌وێته ئه‌و دۆخه‌ی ئیتر به به‌رده‌وامی ئامانجه‌كان نه‌پێكێت و تیره‌كانی سه‌رچیخ بچن، كه‌واته مه‌رج نییه سیفه‌ی راوێژكاریی هه‌میشه بۆ حكومه‌ت سیفه‌یه‌كی ته‌شریفاتی و دیبلۆماسی و زمانه‌وانی لوس بێت به‌ڵكو ده‌كرێت هه‌ندێك جار زبر‌و جاڕسكه‌ر بێت.
بۆیه كاركردن به میتۆدی راوێژكاریی و گوێگرتنی باش له راو رای پێچه‌وانه و ده‌ستنیشانكردنی ئامانجه‌كان و برینه‌كان كارێكی له‌پێشینه‌ی حكومه‌تی ئاینده‌یه و گرنگه حكومه‌ت له زۆرێك له‌و ناوه‌ند و چین و توێژانه سیستمی به‌رگریی و راوێژكاریی خۆی هه‌بێت، بۆ نموونه له‌م وتاره‌دا سیستمی زانكۆیی و مامۆستاكانی به نموونه وه‌رده‌گرین، ئایا دامه‌زراوه‌ی زانكۆ وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی مه‌عریفی و ئه‌بستمۆلۆژی باڵا بۆچی نه‌یتوانیوه ئه‌م رۆڵی راوێژكارییه بۆ حكومه‌ت وازی بكات و حكومه‌ت ته‌یار بكات به فیكر‌و جیهانبینی و راوێژكاریی نوێوه، یان پرسه‌كه پێچه‌وانه‌یه و خودی حكومه‌ت زانكۆی له ده‌زگایه‌كی كاریگه‌ر و بكه‌رێكی ئه‌كتیڤه‌وه كردووه‌ته بكه‌رێكی پاسیڤ، یان دیوێكی تری هه‌یه و هه‌میشه زانكۆكانی ئێمه خۆیان بچووك پیشانداوه و ئاستی ته‌رح و تێز‌و بیركردنه‌وه‌كانیان نه‌یتوانیوه دیواری زانكۆكان ببڕێت به‌ره‌و دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران؟ مامۆستایانی زانكۆ‌و ده‌رچوانی خوێندنی باڵا، بۆئه‌وه‌ی دۆخی حكومه‌ت و خودی زانكۆكانیش باش بكه‌ن، چیتر نابێت رازی بن ره‌مزه زانكۆییه‌كان چه‌ور بكرێن و بخرێنه ناو مه‌كینه‌یه‌كی حیزبی حكومیه‌وه، له‌كاتێكدا ئه‌وان ده‌بێت بزانن له پێگه‌یه‌كی هه‌ستیاردان و قه‌دری ئه‌و پێگه مه‌عریفیه‌ش بزانن، دۆخی زانكۆ ئه‌گه‌ر باش بێت ئه‌وا ده‌توانن ته‌رح و جیهانبینی باشتر پێشكه‌ش به حكومه‌ت بكه‌ن، تا ئێستا ئه‌مه كه رووینه‌داوه هی ئه‌وه بووه خه‌یاڵدانی ئه‌م زانكۆیه پڕبووه له ئیمتیاز‌و كه‌ڵكه‌ڵه‌ی وه‌رگرتنی پۆست له ده‌ره‌وه‌ی زانكۆ و ئه‌م فه‌زایه‌ش حیزب خۆی دروستی كردوه و ده‌بێت كۆتایی پێ بێت.
حكومه‌ت وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی مۆدێرنی جێبه‌جێكار كه به‌رهه‌می مۆدێرنێته‌ی رۆژئاواییه، یه‌ك دید و روانگه ناتوانێت پایه‌كانی رابگرێت چونكه ئه‌وكات ده‌بێته حكومه‌تێكی مۆنۆكراتی تاكڕه‌و، كه كۆی گرفته‌كانی كۆمه‌ڵگه له تای ته‌رازویه‌كدا وێناده‌كات، راستیه‌كه‌ی ئێستا مۆدێلی حكومه‌تی مۆنۆكرات و ته‌كنۆكرات، یان ئه‌كادیمیست و عاقڵمه‌ندان و ته‌نانه‌ت شۆڕشگێڕانیش وه‌ختی به‌سه‌رچووه چونكه یه‌ك ره‌هه‌ندو دیدگای هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، حكومه‌تی راقی و دیموكرات و به‌رهه‌مهێن له ئێستادا ده‌بێت به‌رمه‌بنای راوێژكاری به‌رده‌وام و سروشتی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی بێت كه چی ده‌وێت و چی ناوێت، حكومه‌ت گرنگه روئیا فراوان بێت نه‌ك بنكه فراوان، حكومه‌تی خه‌ڵك خۆی بێت كه هاووڵاتی ئازاد هه‌ست بكات حكومه‌ت به‌شێك له خه‌ونه‌كانی ئه‌و جێبه‌جێ ده‌كات و چیتر حیزب به‌ته‌نها بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی ئه‌و نادات، ئێمه له كوردستانی باشوور هه‌میشه بۆ رازیكردنی حیزب و ئایدۆلۆژیاكان و ئاینه‌كان و كه‌مه‌نه‌ته‌وه‌كان و زانكۆییه‌كان و شۆڕشگێڕه‌كان و رێسا باوه‌كان هاتوین حكومه‌تێكمان درووست كردووه به‌باڵای ئه‌و قه‌بیله و قوماشانه‌دا، له‌كاتێكدا حكومه‌ت پێویسته داڕێژه‌ری سیاسه‌ت و ستراتیژی دوورمه‌ودابێت، خه‌ریكی پرۆژه‌و دونیابینی خۆی و ئه‌جێندای گشتی و تاقیكردنه‌وه‌ی هێزو كارامه‌یی و داهێنانه‌كان بێت نه‌ك گه‌مه‌ی بچوك و لاوه‌كی.
دۆخی كوردستان له ئێستادا ئاتاجی به موماره‌سه‌كردن و حوكمڕانیه‌كی ره‌شید و راقی هه‌یه كه كۆی دیدگاكان پێكه‌وه ئامانجه‌كانی بۆ دیاری بكه‌ن نه‌ك كۆی حیزبه‌كان ئامانجه‌كان بكه‌نه قوربانی، ئه‌مه بۆ گه‌شه سه‌ندنی هه‌رێم ، به‌ته‌نها بریتی نییه له پانێڵ و میدیای هاوچه‌رخ و به‌رزكردنه‌وه‌ی ته‌لار و باڵه‌خانه‌كان و وه‌به‌رهێنانی حیزبی و شه‌خسی، یانی دوكتۆێكی زانكۆ ئیشی چییه له دیوانی حكومه‌ت بێته فه‌رمانبه‌رێكی ئاسایی، ئایا باشتر نییه له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و دیوانه وزه‌و فیكر‌و راوێژكاریی بفرۆشێت به حكومه‌ت، نابێت مامۆستای زانكۆ به‌رپرسیارێتی مێژوویی و په‌روه‌رده‌یی وازلێ بهێنێت بۆ حكومه‌ت و خۆی بیه‌وێت حكومه‌ت بێت، كه سوور ده‌زانێت ناتوانێت گۆڕانكاری تێدا بكات، راستییه‌كه‌ی ئیمتیازه‌كان و نادادی له موچه و پله زانستی و كارگێڕیه‌كان له بنه‌ڕه‌تدا بێمانایه و ده‌بێت ده‌ستكاری بكرێت و سه‌رله‌نوێ موچه و ده‌رماڵه و ئیمتیازانی سێكته‌ره جیاوازه‌كان بگۆڕین.
مۆدێلی هێنانه پێشه‌وه‌ی زانكۆییه‌كان سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو بۆ ناو هه‌یكه‌لی حكومه‌ت له رابردوودا، له داهاتووشدا سه‌ركه‌وتوو نابێت، ده‌كرێت ئه‌وانه له شوێنی خۆیانه‌وه راوێژیان پێبكرێت و جێگه‌كه‌یان له‌ق نه‌كرێت، شوێن و ژینگه زۆر گرنگه بۆ پێشڤه‌چوون، وه‌ك چۆن شۆڕشگێڕه‌كان نه‌یانتوانی ئه‌وه‌ی له شاخ خه‌ونیان پێوه ده‌بینی له‌شار موماره‌سه‌ی بكه‌ن چونكه خۆیان بۆ ئاماده نه‌كردبوو، ئاخر تا ئێستا شۆڕشگێڕه‌كان له دنیای ئێمه‌و حوكمڕانی ئێمه‌دا شوێنێكیان نیه شایسته‌بێت به بیركردنه‌وه‌كانیان، وه‌ك چۆن ئه‌نجوومه‌نی پیران و عاقڵمه‌ندان و ده‌یان ئه‌نجوومه‌نی جیاواز هه‌یه له دنیای مۆدێرن و حكومه‌ته‌كانی دنیا سوود له وزه‌و بیره‌وه‌ری و ئه‌زمونه‌كانیان وه‌رده‌گرن، بكه‌ری زانكۆیی ئێمه‌ش هه‌ر ده‌مه و له شوێنێك هێلانه‌و شوێن خۆش ده‌كات، گه‌ڕیده‌یه‌ك نیه به‌شوێن مه‌عریفه و پرسیار و گومان و كه‌ڵكه‌ڵه‌ی زانستی ئه‌وه‌نده‌ی گه‌ڕیده‌یه‌كه بۆ شوێن و پۆست و ئیمتیاز، ئه‌م زانكۆییانه ناتوانن كێشه و قه‌یرانه‌كانی ئه‌م وڵاته به ئاراسته‌ی ریفۆرمدا به‌رن، چونكه له بنه‌ڕه‌تدا بڕیاریان نه‌داوه كاره‌كه بكه‌ن، بنه‌ڕه‌تی كێشه‌كه ئه‌وه‌یه ناوه‌ندی زانكۆیی عێراق به كوردستانیشه‌وه خۆی وێرانه‌یه و هه‌ر خۆی دروستكه‌ری به‌شێكی قه‌یرانه‌كانه، باشه زانكۆیه‌ك خۆی قه‌یران بێت چۆن ده‌توانێت قه‌یرانی حكومی چاره‌سه‌ربكات، كاتێك به‌و قه‌باره زۆره‌وه هاتوونه‌ته ناو كایه‌ی سیاسی و ژێر په‌رچه‌می حیزبه‌كان، ئه‌مه خۆی په‌یوه‌ندی به سایكۆلۆژیه‌تی روخاوی ناوه‌ندی زانكۆییه‌وه هه‌یه و هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه، ره‌نگه باشترین كارێك بۆ حكومه‌تی ئاینده ئه‌وه‌بێت زانكۆ پاك بكاته‌وه له بیری كۆن و له ریتمی حیزبی و له ئاسه‌واری رابردوو، زانكۆ خۆی پلیشاوه‌ی ژێر سیستمێكی كۆن و كلاسیكی بێبه‌رهه‌م و ده‌غه‌زار بیت، چۆن ده‌توانیت كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك به‌و بیماری و كێشه زۆرانه‌وه چاره‌سه‌ر بكات.
له باشترین حاڵه‌تدا ده‌بێت ئه‌م زانكۆییانه گروپی فشار‌و فاكته‌ری چاره‌سه‌ربن له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و حوكمڕانی به شێوه زانستی و مه‌عریفیه‌كه‌ی، به‌مانایه‌كی تر رێنمای سیاسی و وه‌زیر و ئه‌كته‌ره كاریگه‌ره‌كانی ناو حكومه‌ت بكه‌ن و سه‌پۆرتیان بكه‌ن بۆ روانگه و تێگه‌یشتنی نوێ، پاشان كاركردن بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی زانستی و مه‌عریفی خودی زانكۆكان، زانكۆ بكه‌نه شوێنی فرۆشتنی فیكر و پانێڵ و سیمپزیۆم و درووستكردنی متمانه له نێوان خۆیان و حكومه‌ت، زانكۆ به‌ته‌نها ده‌زگایه‌ك نه‌بێت بۆ به‌ڕێكردن، مۆدێلی ناڕه‌زایه‌تی و فشاری مۆدێرن و روبه‌رێك بێت بۆ دیبه‌یت و ره‌خنه‌ی جددی و به‌رههه‌مهێنانی فیكر‌و ئاراسته دروسته‌كه.