ئاسۆ عه‌بدوللـه‌تیف
نووسەر
به‌غداد و حیكایه‌تی ماچه‌كان
ئه‌وانه‌ی گولـله‌یان هاوێشته رۆحی كورد، ئه‌م ماچانهیان له چییه بۆ ده‌می به‌رپرسی كورد؟
ماچی سیاسی، نه‌ریتێكی باوی شانده حیزبی و ئایدۆلۆژیه‌كانی عێراقه به كوردستانیشه‌وه، ئه‌گه‌ر له بنه‌ره‌تدا ماچ خۆشبه‌ختی هێنابا، ئه‌وا له یۆنان و ئه‌غریقی كۆنه‌وه تا ئێستا ده‌كرایه ناو تێكست و بنه‌ما ده‌ستوریه‌كانی گه‌لانه‌وه، كه‌واته ماچ هه‌ندێك جار نهشوهت ئه‌داتێ وه‌لێ به‌دبه‌ختی گه‌وره‌شی له‌پشته، حیكایه‌تی ئه‌م ماچه سیاسیانه‌ی عێراق هه‌میشه حیكایه‌تێكی ئازارهێنه به‌تایبه‌تی بۆ گه‌لی كورد، كام سه‌ركرده‌و سه‌رۆكه‌ی له عێراق و كوردستان دوژمنی سه‌رسه‌ختی یه‌كتر بوون، له یه‌كتریان كوشتوه‌و یه‌كترییان كردووه به شه‌یتان و ده‌عجان و خیانه‌تكار، دواجار ده‌یان ماچی ده‌م و باوه‌ش و رۆمانسیه‌تی سیاسی و دیبلۆماسی كۆی كردوونه‌ته‌وه، ئیتر كاتی ئه‌وه هاتووه ماچه‌كان بوه‌ستێ له پێناو ده‌ستكه‌وته‌كان، موجامهلهكان رابگرین به خاتری خوێنی شه‌هیده‌كان، پێكه‌نینه‌كان وازلێ بهێنین تا هه‌رێمێكی جێگیر‌و ئارام ده‌سته‌به‌رده‌كه‌ین.
ته‌وقه‌ی سیاسی و دیبلۆماسیه‌تی روكه‌ش و ماچ به‌مه‌به‌ستی پێكهێنانی حكومه‌تی ئاینده له به‌غداد بازاری گه‌رمه، گه‌رموگوڕی شه‌قامی سیاسی له به‌غداد له ئێستادا جمه‌ی دێت له نێوان لیست و قه‌واره براوه‌و دۆراوه‌كانی هه‌ڵبژاردنی خولی چواره‌می په‌رله‌مانی عێراق به كورد‌و سونه‌و شیعه‌و كهمایهتیهكانیشهوه، ئێستا ئه‌وه‌نده‌ی ماچ و بۆنی ماركه‌و شان بادان و وێنه‌گرتن پاره ئه‌كات هیچ شتێ ئه‌وه‌نده به‌های نیه به نه‌وتیشه‌وه، هه‌میشه ئه‌م نه‌ریته سیاسیه نهرمبڕه به‌هۆی ماچه‌وه بۆ كورد به‌شێك بوه له‌و ده‌مامكانه‌ی سه‌ركرده‌كانی عێراق له سه‌رده‌می قاسمه‌وه تا ئێستا بۆ فریودانی تاكی كورد‌و به لاڕێدابردنی دۆز‌و كێشه‌ی كورد بۆ زه‌مه‌نێكی دیاریكراو.
گه‌لی كورد به‌درێژایی ئه‌و سه‌رده‌مانه‌ی رابردوو له‌م كۆبونه‌وه‌و گه‌شته دیبلۆماسیانه قوربانیی یه‌كه‌م بووه له رووی ماف و ده‌ستكه‌وت و حیزبیش وه‌ك كارخانه‌یه‌كی سیاسی سودمه‌ندی یه‌كه‌م بووه له رێككه‌وتن و ته‌وقه‌و ماچه‌كان، ئێستا ئه‌و كوتله كوردییه بچوكانه‌ش كه یه‌ك كورسی په‌رله‌مانییان هه‌یه كێبركێی ئه‌وه ده‌كه‌ن چه‌ند خێراتر‌و تیشكاوهرتر بگه‌نه لای تابلۆكه‌ی ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی عێراق و یه‌ك دوو وێنه‌ی یادگاری بگرن و سنگی پێ بابده‌ن و دواتریش بگه‌نه لای ته‌وقه چه‌وره‌كان و سه‌ردانه تهشریفاتیهكان بۆ چه‌ند پۆست و ئیمتیازێك كه نرخی گه‌وره‌ی له‌سه‌ره‌و وه‌ك ده‌وترێت ئێستا له عێراق وه‌زاره‌ت نرخه‌كه‌ی 50 ملیۆن و به‌رێوه‌به‌ری گشتی 10 ملیۆن دۆلاره‌و كڕیاریشی زۆره، لێره‌دا ببینن ئه‌وه‌ی گرنگ نه‌بێت یه‌كڕیزی و یه‌ك گوتاریی و كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی گه‌لی كورده كه نه چاره‌سه‌ر ده‌بێت و نه كۆتایی دێت، هه‌مووشی ماچه له پێناو ماچدا!
له مێژووی ئێمه‌دا ئه‌وه‌نده رێككه‌وتن كراوه به‌سه‌ر رێككه‌وتن و كۆبوونه‌وه له دوای كۆبونه‌وه‌و هه‌زاران سه‌ردانی به‌غدادو ئه‌بونه‌واس و رۆخی دیجله به ماچه‌وه، مێژو شه‌رم ئه‌كات له باسكردنیان كه ئه‌وه‌نده لاواز‌و كه‌مخوێنن، ته‌نانه‌ت بایی ئه‌وه‌نده شه‌هامه‌ت و ده‌ستكه‌وت و ئومێدیان تێدا نییه تا له كۆنترین رۆژمێریشدا بنوسرێته‌وه، هه‌ر بۆ مێژووی نزیك بگهرێیینهوه، ده‌یان رێككه‌وتنمان دوای كه‌وتنی به‌عس 9/4/2003 له‌گه‌ڵ به‌غداد كردووه له‌سه‌رده‌می "جه‌ی گارنهرو بریمه‌ره‌وه بۆ جه‌عفه‌ری و عه‌للاوی و مالیكی تا عه‌بادی و حه‌شدی شه‌عبی و كردنه‌وه‌ی پردی پردێ"
دیارترین ئه‌و رێككه‌وتنانه له‌سه‌ر هه‌رێمێكی فیدراڵ بۆ كورد و له ده‌ستوریشدا هه‌یه كه‌چی كه‌س حسابی بۆ نه‌كردوو كه‌ركوكیان به‌و ده‌رده بردوو شه‌ڕی پردێش سه‌لماندی كورد هێشتا ئه‌وه‌تا له‌به‌رده‌م مه‌ترسی و هه‌ره‌شه‌ی فاشیزمی مه‌ركه‌زیدا، ئیتر كۆبونه‌وه‌كان چ سودێكی هه‌یه، رێككه‌تن له‌سه‌ر بودجه و نه‌وت و ماده ده‌ستوریه‌كان و ماده‌ی 140 و زمانی كوردی و فرۆكه‌خانه‌كان و سه‌رجه‌میان پێشێلكراون به پله‌ی ئیمتیاز.
له 26/11/2012 شاندێكی حیزبی كوردیی له به‌غداد كارنامه‌یه‌كی 14 خاڵیان دایه به‌غداد گوایه رێككه‌وتنێكی ئیجابی كراوه‌و كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بووه، خه‌ریك بوو پاشه‌كشه به هێزی پێشمه‌رگه بكه‌ن، گوایه ئه‌وه‌نده رێككه‌وتنه‌كه ستراتیجی بووه، به‌ڵام دوای یه‌ك رۆژ نوری مالیكی 11 خاڵی كارنامه كوردیه‌كه‌ی ره‌تكرده‌وه‌و شكستی كۆبونه‌وه‌كه‌ی راگهیاندو هێزی جوڵاند بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌و بارگرژیه‌كی گه‌وره‌ی بۆ ئه‌م هه‌رێمه خوڵقاند، ئێستاش هه‌مان سیاسه‌ت دووباره ئه‌كه‌ینه‌وه‌و خه‌ریكه شاگه‌شكه ده‌بین به هه‌ندێ به‌ڵێنی زاره‌كی بۆ كه‌ركوك و ده‌ستورو ماف و ئازادی سیاسی كورد، ته‌نها بۆ لێدوانێكی نهرمبڕی عه‌بادی كه ووتی "داواكاریه‌كانی كورد مایه‌ی قبوڵن" ئیترخهریكه هه‌موو ئه‌چینه‌وه بۆ به‌غداد بۆ مشتێ به‌ڵێنی سواو بۆ كۆمارێكی به‌تاڵ، بۆ وهزارهتخانهیهكی بێ ئیش، به كورتی حیكایه‌تی كورد له گه‌ڵ حوكمرانی عێراقی ئه‌وه‌یه كه عێراقیه‌كان باوه‌ریان به هاوژیانی نیه له‌گه‌ڵ كورد‌و نایانه‌وێت ده‌ستور جێبه‌جێ بكه‌ن له كۆنه‌وه تا ئێستا، ئه‌وه مێژوه‌و نوسراوه.
ئه‌گه‌ر كه‌مێكیش بۆ رابردو بگه‌رێینه‌وه دوای هاتنه‌وه‌ی به‌هه‌شتی "مسته‌فا بارزانی" له یه‌كێتی سۆڤیه‌ت، له سه‌رده‌می "عه‌بدولكه‌ریم قاسم" له‌ساڵی 1959 یه‌كێك له ده‌ستكه‌وته گرنگه‌كان ئه‌وه‌بو كورد هاوبه‌شی ده‌سه‌ڵات بێت له عێراق كه له ماده‌ی 3ی ده‌ستوری ئه‌وكاتی عه‌بدولكه‌ریم قاسمدا هاتووه:
"المادة (3) ـ يقوما لكيان العراقي على أساس من التعاون بين المواطنين كافة باحترام حقوقهم وصيانة حرياتهم ويعتبر العرب والأكراد شركا‌ء في هذا الوطن ويقر هذا الدستور حقوقهم القومية ضمن الوحدة العراقية-1958"
چه‌ند ده‌وره‌یه‌ك حوكمرانی له‌وكاته‌وه گۆراوه،60 ساڵه ئه‌و ماده ده‌ستووریه جێبه‌جێنه‌كراوه و گرفتی سه‌ره‌كیشمان هه‌ر ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ن كه دان به بوون و كیان و ئه‌نتۆلۆژیای كوردیدا نانێن له قاسمه‌وه تا عه‌بادی و عامریی، كێشه‌ی ئه‌و زیهنیه‌ته عه‌ره‌بییه هه‌رماوه، كورد هه‌ر رائه‌كات به دوای عه‌ره‌بدا بۆ به‌غداد، به‌غدادیش راوی ئه‌نێت و جینۆسایدی ئه‌كات و ئهیچهوسێنێتهوهو نه‌وت و سامانه‌كه‌شی ئه‌بات كه‌چی هه‌ر ئه‌چێته‌وه بۆ به‌غداد بۆ ماچ و رێككه‌وتن، ئێستاش نه‌یتوانیوه كار له بنه‌ما ده‌ستووریه‌كاندا بكات به ده‌ستوره نوێكه‌ی عێراقی فیدراڵیشه‌وه، رێكه‌وتنێك هاتووه رێككه‌وتنی پێشووی سڕیوه‌ته‌وه، ئایا ئه‌مه دۆخی رابردووی كورد بووبێت كه تا راده‌یه‌ك یه‌ك گوتاریی هه‌بووه كه یه‌كێتی و پارتی بوون، ئه‌ی ئێستا كه كورد به شێوه‌ی پارچه‌و له‌ت و ده‌سته‌ی بچووك، پیرو گه‌نج و نه‌وه‌ی نوێ ده‌چنه‌وه به‌غداد ده‌بێت سكرینهكهی ئاینده چۆن نمایشمان بكات و چۆن بمانكاته ئه‌نیمه‌یشنی كۆمیدیی؟
كێشه‌ی كورد "ده‌وڵه‌ت و شوناس و سه‌ربه‌خۆیی و ئازادیی و نانه" ناكرێت كورت بكرێته‌وه له موچه‌و ده‌رماڵه‌و بودجه‌و نه‌وتدا، پێویسته پێداچونه‌وه به رێككه‌وتنه كۆنه‌كاندا بكرێت و ئه‌وه‌نده گه‌لی كورد خۆشباوه‌ڕ نه‌كه‌ین به كۆبونه‌وه‌و ته‌وقه‌ی سیاسی و به‌ڵێنه دووباره‌كانه‌وه.