ئاسۆ عه‌بدوللـه‌تیف
نووسەر
به‌یاننامه‌ی 11ی ئازاری 1970... هه‌ڵه‌بجه‌و میساقی یه‌كه‌م كۆڕه‌وی سیاسی!
یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه به چه‌كی مۆدێرنی ناپاڵم له‌سه‌ر شارێكی زیندووی وه‌ك هه‌ڵه‌بجه
یه‌كه‌م میساقی سیاسی و یاسایی و به‌ڵگه‌ی تاوان و ئاواره‌بوون و كۆڕه‌وی سیاسی له مێژووی نوێماندا، یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه به چه‌كی مۆدێرنی ناپاڵم له‌سه‌ر شارێكی زیندووی وه‌ك هه‌ڵه‌بجه كه گه‌وره‌ترین قه‌زای ناو خه‌ریته‌ی سیاسی و ئه‌تنۆگرافی و دیمۆگرافی عێراق بوو، كه ده‌یان كوژراو‌و برینداری لێكهوتهوه، مێژوو بریتیه له 26/4/1974، بكه‌ر، بریتیه له فاشیسته قه‌ومیه‌كان و به‌عسیه نوێگهرهكان!
بۆچی هه‌ڵه‌بجه له‌و ساڵه‌دا كرایه قوربانی؟
دیاره ساڵی حه‌فتاكان بۆ هه‌ڵه‌بجه ده‌كرێت به ساڵه‌كانی دره‌وشانه‌وه‌ی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و نیشتیمانپه‌روه‌ریی و شۆڕشگێڕی و ئه‌ده‌بی به‌رگری و به‌رهه‌مهێنانی ئیراده‌ی گه‌لێكی بێده‌وڵه‌ت ناوزه‌د بكرێت، ئه‌و هه‌سته به‌رگریی و قاره‌مانێتیه‌ی كه له هه‌ڵه‌بجه‌ی حه‌فتاكاندا وێناكرابوو، له كه‌م شوێن به‌دیده‌كرا، ئه‌وكات هێشتا بۆ كورد ده‌ریچه‌یه‌كی خێر‌و شهبهنگێكی ئازادیخوازانه به‌دی ده‌كرا له عێراق و كوردستان، به‌ڵام هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی به‌یاننامه‌ی 11ی ئازاری 1970 و ژێر پێ خستنی داواكارییه‌كانی كورد‌و نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلول و دیسان هه‌ڵگیرساندنه‌وه‌ی شۆڕشی گوڵان و ده‌نگی یه‌كه‌مین تفه‌نگ و مه‌فره‌زه سه‌ره‌تاییه‌كانی شۆڕشی نوێ له هه‌ڵه‌بجه‌و قه‌ڵادزێ، وایكرد هه‌ڵه‌بجه به ته‌واوی له شارێكی ئه‌ده‌بی و شیعرییه‌وه بێته شارێكی سیاسی و سیمبولێك بۆ خه‌بات و به‌رگری و خۆپیشاندان، كه له مێژووی بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردیدا نادیده ناگیرێت و لاپه‌ڕه‌یه‌كه پێویسته به هێواشی هه‌ڵ بدرێته‌وه‌و گۆشه‌نیگای نوێی لێ به‌رهه‌م بهێنرێت.
له‌گه‌ڵ سیاسی بوونی ئه‌م شاره‌و دیمۆگرافیاكهی و جێكه‌وته سیاسیه‌كه‌ی وه‌ك سیمبولی ناسیۆنالیزمی كورد، به‌عس وه‌ك شارێك كه دیدگای فیكریی شۆڕشێكه، هه‌ڵیبژارد بۆ كۆتاییهاتنی جه‌سته گه‌وره‌كه و تۆڵه‌كردنه‌وه له گوتار‌و له هه‌یبه‌تی كورد، واته به‌عس سرینه‌وه‌ی مۆرك و شوناسی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ی به‌سته‌وه به سرینه‌وه‌ی مۆرك و شوناسی نه‌ته‌وایه‌تی كورده‌وه، ئه‌مه‌ش به بۆمبارانكردنی له ماوه‌ی ته‌نها دوو رۆژی ساڵی 1974 كه دواتر شاری قهڵادزێشی هاته سه‌ر و به‌ته‌واوی ئه‌و دوو شاره‌ی دووچاری ماڵوێرانی كرد.
پاش بۆمب و ناپاڵمهكانی رژێم بۆ هه‌ڵه‌بجه‌و قه‌ڵادزێ و ئاواره‌بوونی خه‌ڵكه‌كه‌ی بۆ ئێران و ئۆردوگاكانی پاوه‌و سه‌ریاس و ئه‌نزه‌ل، له سنوری قه‌ڵادزێش بۆ پیرانشه‌هرو سه‌رده‌شت و بانه‌و مه‌ریوان، هه‌ڵه‌بجه وه‌ك مه‌ڵبه‌ندێكی رووناكبیری و سیاسی و فه‌رهه‌نگی زیاتر په‌ره‌ی سه‌ند و ناسێنرا و یه‌كێك بوو له‌و شارانه‌ی كه ناوێكی دیار‌و پێگه‌یه‌كی شایسته‌ی هه‌بوو له پانتایی سیاسی و فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بیاتی شۆڕشگێریدا، به شارێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی ئه‌ژمار ئه‌كرا و له رووی میواندۆستی و خزمهتگۆییشهوه به‌ناوبانگ بوو، قه‌ڵادزه‌ش به حوكمی جێكه‌وته‌ی ناوچه‌كه‌و كوانوی شۆڕش و هاوسێی زنجیره چیاكانی قه‌ندیل و گواستنه‌وه‌ی زانكۆی سلێمانی بۆ ئه‌و ده‌ڤه‌ره هه‌میشه به‌عسی خستبووه حاڵه‌تی ترس و بهدگومانیهوه.
ئه‌و بۆردومانه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ش له پاش بۆردومانی قه‌ڵادزه دێت كه زیاتر له 160 شه‌هیدو 200 برینداری لێكهوتهوه، كه ده‌ره‌نجامی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی رێككه‌وتننامه‌ی 11 ی ئازاری 1970 بوو له‌لایه‌ن رژێمی به‌عس كه پاش چوارساڵ ئه‌و رێككه‌وتنه به نسكۆی شۆڕش و ئاواره‌بوونی هه‌زاران خێزان كۆتایی هات و رێكه‌وتن نامه‌ی شومی جه‌زائیر مۆركرا له‌لایه‌ن شای ئێران و سه‌دام حسین و هه‌واری بۆمیدیهنهوه، كه كورد هه‌ر مایه‌وه‌و هه‌رسێ رژێمه‌كه ئێستا كۆتاییان هاتووه!
ئه‌وه یه‌كه‌مین به‌ركه‌وتنی تراژیدیانه بوو بۆههڵهبجهییهكان و خوێندكاران و خزمانی قه‌ڵادزێ و حه‌ره‌می زانكۆی كوردی كه به‌داخه‌وه كه‌مترین تیشكی ئه‌خرێته سه‌ر له‌لایه‌ن ناوه‌نده ئه‌كادیمیه‌كانه‌وه، ئیدی چیرۆكی خوێن و كوله‌مه‌رگی ده‌ستی پێكردو به‌درێژایی چه‌ندین ده‌یه هه‌ڵه‌بجه‌و قه‌ڵادزێ وه‌كو شارانێكی پهراوێزو دژه حكومه‌ت ناسێنران، به‌مانایه‌كی دیكه كاره‌سات و بۆردومانی 24 و 26/4/1974 ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه كه هه‌ڵه‌بجه و قه‌ڵادزێ وه‌ك دو شاری یاخی و سه‌ركه‌ش تهماشاكراوهو به سه‌ری شۆڕش و رۆحی كوردایه‌تی وێناكراوه بۆیه هه‌میشه نه‌یاران ویستویانه ئه‌و سه‌ره بشكێنن یان هه‌ر له‌ناوی به‌رن، ئه‌گینا له رووی جوگرافیه‌وه هه‌ڵه‌بجه‌و قه‌ڵادزه دوورن له یه‌كه‌وه‌و نزیكایه‌تی ئه‌و دو شاره‌ش ته‌نها له رووی رۆحی و هه‌ستی نیشتیمانپه‌روه‌ریه‌وه بووه‌و ئامانجه‌كانی به‌عسیش زۆر روون و ئاشكرا بوون.
به‌ڵام چیتر نابێت به‌دیار تراژیدیاكانهوه دابنیشین، چیتر نابێت چیرۆكی مه‌رگ بمانوه‌ستێنێت، هه‌ڵه‌بجه ئیدی پارێزگایه‌و پێویسته خۆی بنیادبنێته‌وه، ئه‌مه كه‌مترین وه‌فایه بۆ رۆحی شه‌هیدان و ئاسوده‌كردنی دانیشتوانی هه‌ڵه‌بجه و ده‌بێت گشت لایه‌ك ئه‌وه بزانن هه‌ڵه‌بجه نه‌ك قوڵاییه‌كی تراژیدیانه‌ی كیمیاییباران، به‌ڵكو قوڵاییه‌كی سیاسی و مێژووییشی هه‌یه و هه‌میشه به‌عس و نه‌یارانی بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردی وه‌ك ناوه‌ندی شۆڕش و به‌رگری سه‌یری هه‌ڵه‌بجه‌یان كردوه‌و سڵیان له رۆحی به‌رگری ئه‌وشاره كردووه‌ته‌وه.
كه‌واته ئه‌م روداوه مێژوویه ئه‌گه‌ر به میساق و به‌ڵگه‌یه‌كی سیاسی وه‌ری بگرین له‌گه‌ڵ كۆی به‌ڵگه‌كانی تر تا ده‌گات به مێژووی كیمیابارانی ئه‌م شاره، پێویسته وا به‌ئاسانی ونی نه‌كه‌ین له‌ناو ته‌پ و تۆزی ئایدۆلۆژیا‌و حیزب و ململانێ حیزبیه‌كاندا، هه‌ڵه‌بجه پێویستی به‌وه هه‌یه بنه‌ماكانی شاری تێدا كۆبكرێته‌وه به‌ره‌و وه‌حده‌ی مه‌ركه‌زی بروات، نه‌ك بیری خێڵ و تیره‌و و مۆركی لۆكاڵی و حیزبی تێدا زیندوو بكرێته‌وه، هه‌ڵه‌بجه مه‌كۆی شیعری موقاومه‌ت و ئه‌ده‌بی باڵا‌و لانكه‌ی به‌گزاده‌كانی جاف و گۆران و چه‌ندین تیره‌و هۆزو قه‌بیله‌و به‌ره‌بابی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌عریفی بووه له رابردوو، ئێستا ئه‌وانه ده‌بێ هه‌وێنی پێكهێنانی شاربن نه‌ك پارچه پارچه‌كردنی شار، وه‌رنه ده‌ره‌وه‌ی هۆڵه‌كان و واز له دروشم و سه‌فسه‌ته‌ی میدیایی و دیداری بچوك بهێنین و چیتر رازی مه‌بن له به‌رده‌م فلێكسه ساردوسڕهكان و چوار میوان و سینیه‌ك چكلێتدا دروشمی كۆن دووباره بكه‌نه‌وه، شار وادروست نابێت، وه‌رن چه‌ندین شوێنه‌وارو ئاسارو گردو ته‌پۆڵكه‌و جێنزرگهو مزگه‌وت و ته‌كیه‌و گه‌ڕه‌كی كۆن و ماڵی پاشا‌و كۆڵان و پلوسك و كاریته‌ی هه‌یوانه كۆنه‌كان بپارێزن و بیكه‌نه مۆزه‌و شوێنه‌واری گرنگ، چونكه گه‌شتیاران له‌و رێگه‌یه‌وه شار ده‌ناسن و شاریش له دنیای هاوچه‌رخ به‌م شێوه‌یه گه‌وره ده‌كرێت و زیندوو ده‌مێنێته‌وه.