ئێران دەستپێکردنی پێنجەم ھەنگاوی چالاكییە ئەتۆمییەكانی راگەیاند

"چیتر سنوور بۆ رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم دانانێین"

K24 - ھەولێر

لە گەرمەی ناكۆكییەكانی ئێران و ئەمەریكادا، ئێران پێنجەم و دوایین ھەنگاوی پابەند نەبوون بە رێككەوتنی ئەتۆمی ھەڵێنا، بەمشێوەیە ئێران لە رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمدا ھیچ بەربەست و سنوورێكی نابێت و ئەوەش لەلایەن ئەمەریكا و ئەوروپا وەكو كۆتایی ھاتن بە رێككەوتنی ئەتۆمی تەماشا دەكرێت و ئەگەری ئاڵۆزتركردنی دۆخەكەشی لێدەكرێت.

كۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، كە لەھەموو پابەندییەكانی ناو رێككەوتنی ئەتۆمی ئێران و وڵاتانی پێنج كۆیەك دەكشێتەوە، ئەوەش بەو مانایە دێت كە ئێران چیتر ھیچ سنوورێكی لە رێژەو چۆنیەتی پیتاندنی یۆرانیۆم نابێت و بەبێ پابەندبوون لێكۆڵینەوەو ھەنگاوەكانی لە وێستگە ئەتۆمییەكان دەستپێدەكاتەوە. لە راگەیاندراوی حكومەتدا ھاتووە كە ئەو ھەنگاوە پێنجەم ھەنگاو و دوا ھەنگاویانە. ئەگەرچی دەوڵەتی ئێران لە بەیاننامەكەیدا و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە دوا تویتیدا دەڵێت، كە لە ھاوكاریكردنی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بەردەوام دەبن و ئەوەی كردوویانە لەچوارچێوەی رێككەوتنەكەدا بووە، بەڵام ئەمریكی و تەنانەت ئەوروپییەكان بۆچوونێكی دیكەیان ھەیە و پێشوەختە ھۆشداریان دابوو.

دوای ئەوەی ئەمەریكا لە رێككەوتنی ئەتۆمی ھاتەدەر، ھەر 60 رۆژ جارێك پابەندییەكی دیكەی بەو رێككەوتنە كەمدەكردەوە، جارێك فرۆشی یۆرانیۆمی پیتێندراو و ئاوی قورسی راگرت، لە ھەنگاوێكدا رێژەی یۆرانیۆمی پیتێندراوی لە 3.67 بەرزتر كردەوەو لە سێیەم قۆناغدا لێكۆڵینەوە لە رێژەو جۆرەكانی سەنترفیوجەكانی دەستپێكردەوەو لە چوارەم ھەنگاویشدا گەیاندنی گاز بە سەنترفیۆجەكانی بنكەی ئەتۆمی فۆردۆی چالاك كردەوە، ئەوە لە پێنجەم ھەنگاویشدا سەرجەم پابەندییەكانی خۆی راگرت.

پێشتر بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنساش ئێرانیان ئاگادار كردبوویەوە، كە ئەگەر ھەنگاوی زیاتر بھاوێت، بەپێی برگەی 37-ی رێككەوتنی ئەتۆمی بەشێوەی ئۆتۆماتیك گەمارۆ نێودەوڵەتییەكانی سەر ئێران دەگەڕێنەوەو ئەوەش مانای ھەڵوەشانەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی دەگەیەنێت. ئێستا ئەگەرچی ھێشتا تەرمی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس بەخاك نەسپێردراوەو بەرپرسانی ئێران ھەڕەشەی تۆڵەكردنەوە دەكەن، ئەو ھەنگاوەی ئێران ناكۆكییەكی دیكە ئەمجارەیان لەنێوان ئێران و ئەمەریكا و ئەوروپا دروستدەكات.

ھ.م

Fly Erbil Advertisment