تەندروستی هەولێر: کچە چوار ساڵانەکە بە مردوویی گەیەندراوەتە فریاکەوتنی رۆژئاوا
تەندروستیی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو منداڵەی ئەمڕۆ لە سنووری ناحیەی گوێڕ کەوتە نێو بیرێکی وشکەوە و دواتر دەرهێندرا، بەداخەوە بەهۆی خنکانەوە گیانی لەدەستداوە و بە مردوویی گەیەندراوەتە نەخۆشخانە.
سامان سەلمان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند "ئەو کچە چوار ساڵانەی کە لە نێو بیرەکەی سنووری گوێڕ لەلایەن تیمەکانەوە دەرهێندرا، بە خنکاوی گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی رۆژئاوای فریاکەوتنی هەولێر."
لەلای خۆشییەوە، رێزان ئەنوەر، بەڕێوەبەری کردە پزیشکییەکان لە تەندروستیی هەولێر بۆ کوردستان24 پشتڕاستی کردەوە "منداڵەکە بە مردوویی گەیەندرایە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوا، بە مەبەستی تەواوکردنی رێکارە یاسایی و پزیشکییەکان تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی هەولێر دەکرێت."
رووداوێکە دڵتەزێنەکە لە سنووری ناحیەی گوێڕ روویدا و منداڵەکە کەوتبووە نێو بیرێکی وشکەوە کە قووڵییەکەی نزیکەی 25 مەتر بوو؛ دەستبەجێ تیمەکانی بەرگریی شارستانی، دەزگا ئەمنییەکان و هاووڵاتییانی دەڤەرەکە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان بۆ رزگارکردنی دەستپێکرد، بەڵام دوای دەرهێنانی دەرکەوت بەهۆی کەمیی ئۆکسجین و خنکانەوە گیانی لەدەستداوە.