ئەردۆغان بە لێدوانێک گرژییەکانی لەگەڵ رووسیا زیاد دەکات

ناکۆکییەکانی تورکیا و رووسیا زیاد دەکات

K24 – هه‌ولێر:

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لە لێدوانێک لە کیڤی پایتەختی ئۆکراینیا رایگەیاند، تورکیا پشتگیری لە یەکپارچەیی خاکی ئۆکراینیا دەکات و دان بە داگیرکردنی هەرێمی کریمیا نانێت.

راشیگەیاند، هیوادارم هەموو لایەک لەژێر رێککەوتنەکانی سووچی و ئەستانا مامەڵە لەگەڵ سووریا بکات.

ئەم لێدوانەی ئەردۆغان لە کاتێکدایە، لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، بەهۆی بۆردومانەکانی سوپای سووریا، هەشت سەربازی تورکیا کوژران.

سووپا سووریا بە پاڵپشتی رووسیا، هێرشەکانی بۆسەر ناوچەکانی سەر بە ئیدلب دەستپێکردووە، ئەمەش تورکیای نیگەران کردووە.

ئیدلب تاکە ناوچەیە لە سووریا، کە چەکدارە یاخی و تووندڕەوەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریای لێماوە و لە لایەن سوپای سووریاوە کۆنتڕۆڵ نەکراوە، پێشتریش تورکیا و رووسیا لەبارەیەوە رێککەوتنیان کردبوو.

لە ئێستادا تورکیا لە هێرشەکان نیگەرانە و هۆشداریی داوەتە رووسیا ئەگەر دیمەشق کۆنتڕۆڵ نەکات، کاردانەوەی تووندی دەبێت.

لە ئازاری 2014، نیمچە دوورگەی کریمیا لە لایەن رووسیاوە لە خاکی ئۆکراینیا زەوتکراو خرایە سەر رووسیا، ئەمەش کاردانەوەی جیهانی لێکەوتەوە.

AFP

AA