سندووقی نێودەوڵەتی دراو: ئابووریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پاشەکشە دەکات
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2026، سندووقی نێودەوڵەتی دراو رایگەیاند، پێشبینی دەکات بەهۆی ئەو شەڕەی لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێراندا هەیە، ئاستی بەرهەمی ئابووری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا و پاکستان لەمساڵدا بە شێوەیەکی بەرچاو پاشەکشە بکات.
سندووقی نێودەوڵەتی دراو روونیکردەوە، بەرهەمی ئابووریی ناوچەکە بە رێژەی 1.3% کەم دەبێتەوە، ئەم دۆخە دەرەنجامی راستەوخۆی کاریگەرییەکانی شەڕە لەسەر بەرهەمهێنانی وزە و گواستنەوەی دەریایی و کەرتی گەشتیاری و بازرگانی و متمانەی بازاڕەکان.
سندووقەکە هۆشداری دا، هەر تێکچوونێکی دیکە لە بەرهەمهێنانی وزەدا، پێشبینییەکان بۆ ئاستێکی نزمتر دادەبەزێنێت، ئاماژەی بەوەش دا، کاریگەرییەکانی شەڕ گەورە بوون، بەڵام بە یەکسانی بەسەر وڵاتاندا دابەش نەبوون.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، بەهۆی کێشەکانی بەرهەمهێنانی وزە و گواستنەوەی دەریایی ئابووریی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەرە.
سندووقی نێودەوڵەتی دراو راشیگەیاندووە، پێشبینییەکان لەسەر ئەو بنەمایە دانراون کە ململانێکە لە سەرەتای ساڵی 2027 کەم دەبێتەوە و بازرگانی بە تێپەڕبوونی کات لەو ساڵەدا وردە وردە دەگەڕێتەوە باری ئاسایی خۆی. لەگەڵ ئەوەشدا جەختیکردەوە، هێشتا پێشبینییەکان بەهۆی دۆخەکەوە تەمومژاوین.
سندووقەکە پێشبینی کرد دوای ئەو پاشەکشە توندە، ئابووریی ناوچەکە گەشە دەکاتەوە و رێژەی گەشەسەندن لە ساڵی 2027 بگاتە 6.6%. هەرچەندە پێشبینی دەکرێت لەو ساڵەدا بەرهەمی ئابووری بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز ببێتەوە، بەڵام بەرهەمی ئەو ئابوورییانە بە گشتی لە ئاستی پێش شەڕەکە کەمتر دەمێنێتەوە.