بانكی ناوەندی عێراق 44 ملیار دینار بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا تەرخان دەكات
بڕی زیاتری پارەكە بۆ كڕینی ئامێری ھەناسەی دەستكرد دەبێت
K24 - ھەولێر
بانكی ناوەندی عێراق، 44 ملیار دینار بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا تەرخانكردووە، كە ئەو بڕە پارەیە زیاتر بۆ كڕینی ئامێری ھەناسەی دەستكردە.
بانكی ناوەندی عێراق ئاشكرایكرد، بە كاریگەری تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ بە ئامانجی پاڵپشتی لە ئابووری وڵاتەكەی و كەمكردنەوەی زیانە داراییەكان، بڕی 44 ملیار دیناریان تەرخانكردووە بۆ وەزارەتی تەندروستی.
بانكەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، دابینكردنی ئەو بڕە پارەیە، زیاتر بۆ كڕینی ئامێری ھەناسەی دەستكرد و كەلوپەلەكانی دیكەی پزیشكییە بۆ نەخۆشخانەكانی عێراق.
ئەمەش لەكاتێكدا حكوومەتی عێراق قەدەغەی ھاتووچۆی تاوەكو 11 نیسان درێژكردەوەو ھەروەھا ژمارەی تووشبوان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە شارەكانی عێراق بەرزبووەتەوە بۆ 506 كەس و تاوەكو ئێستاش 42 كەس مردوون و 131 كەسیش چاكبوونەتەوە.