تورکیا: بە میکانیزمی نوێ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە ئیبراهیم خەلیل بەردەوامە

"رۆژانە ھەزار و 100 ئۆتۆمبێلی بارھەڵگری لە شرناخ خۆراك و كەلوپەل بۆ ھەرێم و عێراق دەگوازنەوە"

K24 - ھەولێر

وەزارەتی بازرگانی توركیا رایگەیاند، بەھۆی مەترسییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، جموجۆڵی بازرگانی لە دەروازەی سنووری ئیبراھیم خەلیل، بەبێ بەركەوتنی شوفێری ئۆتۆمبێلە بارھەڵگرەكان بەردەوامە.

وەزارەتی بازرگانی توركیا ئاشكرای كردووە، رۆژانە ھەزار و 100 ئۆتۆمبێلی بارھەڵگری لە شرناخ كە زیاتر كەلوپەلی خواردەمەنی و كەرستە پێویستییەكانیان باركردووە بۆ عێراق و ھەرێمی كوردستانی دەنێرن و ھەروەھا 850 بارھەڵگری ھاتووش دەگەڕێنەوە توركیا.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو بارھەڵگرانەی لە عێراقەوە دەگەڕێنەوە، بە دژە ڤایرۆسی پاكدەكرێنەوەو ھەروەھا شۆفێرەكانیش بۆماوەی 24 كاتژمێر كەرەنتین دەكرێن، ھەروەھا گرتنەبەری ئەو رێوشوێنە بۆ بەردوامیدانە بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ھەناردەكانیان، دەستلێدان و بەریەكەوتنیش لەنێوان شۆفێرەكان قەدەغەیە، ئەمەش وەكو دڵنیاییەكە بۆ تەندروستی ھەموو لایەك.