شۆڕش عەزیز سورمێ
نووسەر
لێکەوتەکانی ڤایروسی کۆرۆنا لەسەر وڵاتانی یهكێتی ئەوروپا
كۆرۆنا ههڕهشه له یهكگرتوویی یهكێتی ئهوروپا دهكات.. جیهانی دوای كۆرۆنا زۆر جیاواز دهبێت
یەکێتی ئەوروپا لە بەردەم مەترسیيەکی گەورە دایە، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی یەکێتييەکی پتەو کە هەر یەك لەو دەوڵەتانە بە شێوەیەکی تاکلایانە خەریکی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیەتی، بێ ئەوەی گوێ بەو رێکكەوتننامانە بدەن کە پێشتر لە نێوان هەر 27 دەوڵەتی ئەندام واژوو کراون. هەروەک چۆن (هێنری فۆرد) گوتویەتی: "لەگەڵ یەکبوون سەرەتایە، لەگەڵ یەک مانەوە گەشەکردنە و کارکردن بە یەکەوەش دەسکەوتە".
ئاشکرایە دوای کۆتایی ھاتنی جەنگی جیھانی دووەم، کە ماڵوێرانی لە دوای خۆیدا جێهێشت، چەند کەسایەتیەکی وەك (رۆبرت شومان و کۆنارد ئادیناوەر و ژان مۆنیت و ئەلیگیدێ دێگاسپەری و جۆزێڤ بێچ و ژان ویلیەم بێیان و پۆڵ ھێنری سپاک)، لە ژێر کاریگەريی فاکتەر و ئاکام و دەرھاویشتەکانی ئەو جەنگە خاپوورکەرانەدا، ھەوڵیاندا بەردی بناغەیەك بۆ ئەوروپای تازە دابنێن، بۆ ئهوهی ببێتە سومبولی ئاشتی و پێکەوەژیان. لەم رووەوە دەستیانکرد بە ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە بناغەی ئەوروپادا، لە بوارەکانی دیپلۆماسی و سیاسی، هەروەها چەسپاندنی مافی مەدەنی و گەشەپێکردنی بزاڤێکی ئەوروپایی ئەوتۆ، کە بتوانێت یەکێتییەکی تۆکمە دابمەزرێنێن. کەچی دوای 55 ساڵ و لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا ڤایرهس، وایکرد ئەو یەکیيەتیە رووبەرووی کێشەیەکی سەخت ببێتەوە، ئەویش پچڕاندنی بنەمای یەکگرتوویی نێو یەکێتیەکەیە.
هاووڵاتیانی یەکێتی ئەوروپا هەمیشە پرسیاری ئەوە دەکەن (ئایا هەموو بە یەکەوە دەتوانن هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ رووبەرووبونەوەی ئەو پەتایە؟) ، بەڵام بەداخەوە لەگەڵ دەرکەوتنی یەکەم حاڵەتی تووشبوو بەم ڤایرهسە لە ئیتاڵیا، هەر یەک لە وڵاتانی ئەندام سنووری خۆی بە روویدا داخست, بێ ئەوەی هەوڵ بدەن یارمەتی پزیشکی و زانیاری خۆیان یەك خەن بۆ لەناوبردنی ئەو ڤایرهسە ترسناکە. کە تا ئیستا زیاتر لە 51 پزیشک گیانیان لە دەستداوە بۆ رزگارکردنی تووشبووانی ئەو پهتایە، کە هەر ئەوانن لە رێزی پێشەوەدان بۆ یارمەتیدانی ئەو نەخۆشانەی کە لە نێوان ژیان و مەرگ دا خەبات دەکەن.
ئەگەر هەر لە سەرەتاوە دوای راگەیاندنی حکومەتی ئیتاڵیا، هەموو وڵاتانی ئەندام بە یەکەوە هەوڵیان بدابایە بۆ پێشگرتن لە و پهتایە، ئەوە ئێستا حاڵیان بەو حاڵە نەدەگەیشت، کەچی بە پێچەوانەوە لە سەرەتای مانگی شوباتی 2020 گاڵتەیان بە ئیتاڵیا دەکرد.
ئێمە کە باس لە یەکێتی ئەوروپا دەکەین، باس لە فاکتەرێکی سەرەکی دەکەین ئەویش دیموکراسییە، کە ئەمڕۆ لە کۆی ئەو 27 وڵاتانەی کە لە کیشوەری ئەوروپادا ھەن 60%یان خاوەنی دەستوورێکی دیموکراسین، کەچی لە ھەموو جیھان رێژەی ئەو وڵاتانەی کە سیستەمی دیموکراسی پەیڕەو دەکەن لە 50% کەمترە، ئەوەش وایکردووە ئەوروپا تایبەتمەندییەکی خۆی ھەبێت، ھەر ئەوەش بووهتە مەرجی فراوانبوونی یەکێتی ئەوروپا، چونکە ئەو وڵاتانەی کە داوای ھاتنە ناو یەکێتی ئەوروپایان کردووە و دەیکەن، ئەو سیستەمەی کە ھەیانە لە رووی دیموکراسیەوە نەبووهتە جێگای متمانە، بە بۆچوونی یەکێتی ئەوروپا ھەر رژێمێکی دیموکراسی واتای وڵاتێکی ئاشتیخواز دەگەیەنێت، بە مانایەکی دی وڵاتێکی دژ بە (شەڕ).