هەرمن ئەحمەد
نووسەر
فریشته‌كانی نیشتمان له‌سه‌رده‌می كۆرۆنادا
"ڤایرۆسێك، كه كه‌س نازانی سه‌رچاوه‌كه‌ی زانسته یان سرووشت، یان داهێنانی وڵاتی چینه یان ئه‌مریكا"
له‌گه‌ڵ ده‌نگۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له وڵاتی چین لێره و له‌وێ سه‌رنج خرایه سه‌ر ئه‌م دیارده ترسناكه له میدیاكانی جیهان، هه‌رچه‌نده وڵاته پێشكه‌وتووه‌كان وه‌ها خۆیان نیشان ده‌دا، كه له ئه‌گه‌ری بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م ڤایرۆسه پلانی تۆكمه و پێشوه‌خته‌یان هه‌یه و توانای كۆنتڕۆڵكردنیان هه‌یه، وه‌لێ پێچه‌وانه‌ی ئه‌م تێگه‌یشتنه له پڕاكتیزهیدا بینرا، كه چه‌ند به خێرایی ڤایرۆسه‌كه تهشهنەی كرد و كاره‌ساتی خولقاند.
له‌گه‌ڵ لێدانی زه‌نگی خه‌ته‌رناكی كاروانی رەشهكوژی كۆرۆنا له دوای وڵاتی چین، وڵاتی ئێران بوو، ئه‌م زه‌نگه مه‌ترسیداره وایكرد، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ژوورێكی ئۆپه‌راسیۆن دروست بكات، به بەشداری وهزارەته په‌یوه‌ندیداره‌كان، به‌تایبه‌ت وه‌زاره‌تی ناوخۆ و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی، هه‌ر زوو دركیان به‌وه‌كرد رێنمايی توند بۆ ئه‌م دیارده ترسناكه پێویسته ههنووكهیيه و ده‌بێت ده‌ستبه‌جێ سێكته‌ره په‌یوه‌ندیداره‌كان بخه‌نه ئاماده‌باشی و هێڵه‌كانی پێشه‌وی به‌رگری، گه‌رم و گوڕ و ئه‌كتیڤتر بكرێن، بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی هاتووچۆ درا و خۆ له ماڵ كه‌ره‌نتینه بكه په‌یڕه‌وكرا.
ئه‌م پرۆسه‌یه، هه‌رگیز پرۆسه‌یەكی سانا و بێ كێشه نه‌بووه بۆ ئەو كابینه‌یەی حكومه‌تی هه‌رێم، به‌تایبه‌ت دوو سێكته‌ری هه‌رە گرنگ، ئاسایش و ته‌ندروستی، زۆرترین جووڵە و كاری خێرای له‌مه‌ڕ بڵاونه‌بوونه‌وه و ته‌شه‌نه‌كردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا له هه‌رێم.
كێ زۆرتر ماندووبوو
داموده‌زگاكانی ئاسایش و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و لیوا تایبه‌ته‌كان و پۆلیسی هاتووچۆ، ئه‌م مرۆڤه مهرهبانانه، پزیشك و كارمه‌ندی ته‌ندروستی نین، وه‌لێ هاوشانی ئه‌وان كار ئاسانكه‌ر و رێپاككهرهوه و رێنمایيكاری گرنگ و هه‌ستیاربوون له‌م پێشهاته‌دا، كه كوردستانی تووشی خامۆشی كرد، كاركردنی شه‌و و ڕۆژی ئه‌وان، مایه‌یی ستایشكردنه، گه‌ر خوا یاربێت كۆرۆنا كۆتایی بێت، ده‌بێت له ئێخه‌ی هه‌ر یه‌كه‌یان مه‌دالیای زێڕین هه‌ڵبواسرێ، كه بچووكترین ئه‌ركه به‌رامبه‌ریان بكرێت.
له‌وه‌ته‌ی ئەم كهرەنتینەیە له ئارادایه، چه‌ند جارێك بۆ كاری پێویست هاتووچۆ ده‌كەم، شه‌قامه‌كان هه‌ر رۆحی پارێزه‌رانی وڵاتی تێدا بوو، ئه‌وان له‌به‌ر باران تك تك ئاویان لێده‌چۆڕا، وشكه سه‌رمایه‌كی به‌هاره، به رۆحیاندا ده‌هاتوو و ده‌چوو، ئه‌وه ئێمه‌ش له نێو ئۆتۆمبێلێكی گه‌رم، یان له ماڵه‌كانمان گه‌رم داپۆشراوین و پارێزراوین له سایه‌ی ئه‌وانه‌وه. پرسیارێك له خۆمان بكه‌ین، تۆ بڵێی ئه‌وانیش حه‌زیان به‌وه نه‌بێت له ناو ماڵ و خێزانیان كه‌ره‌نتینه بكرێن و نان و چێشتێكی گه‌رم به‌ده‌ستی خێزانیان بخۆن؟
تۆ بڵێی ئه‌وانیش حه‌زیان به گردبوونهوەی كۆمهڵایەتی نه‌بێت، كه به دۆمینه و كۆنكه‌ن تا دره‌نگانی شه‌و كاتی پێ بكوژن، به‌ڵێ ئه‌وانیش وه‌ك من و تۆ شایسته‌ی ژیانن، ئه‌وان گیانفیدایانه و خۆنهویستیانه نیشانی نیشتمان ده‌ده‌ن، كه پارێزه‌رن، وا پێویسته له‌بری زمانی زبر به‌رامبه‌ریان، گوڵباران بكرێن.
سێكته‌رێكی دیكەی ماندوو، ئه‌ویش سه‌رجه‌م تیمه‌كانی تهندروستيیه، به تایبه‌ت وه‌زیری ته‌ندروستی، كه وه‌ك وه‌زیرێكی مۆدێرنی سه‌رده‌میانه‌ی دوور له پاوانخوازی، به ده‌نگ هه‌مووانه‌وه‌یه، هه‌رگیز من حه‌زناكه‌م كوردستان به‌راوردی هیچ شوێنێكی دونیای پێشكه‌وتوو بكه‌م، هه‌ڵبه‌ته ئه‌و وڵاته پێشكه‌وتووانه به سه‌ده له‌پێش ئێمه‌ن، نیشتمانی ئێمه هه‌رێمێكی لكێنراوه به وڵاتێكی داڕماو و هیچ سیمایه‌كی مۆدیرنی پێوه دیار نییه، هه‌موو ئه‌وه ده‌زانین و تێده‌گه‌ین، لە فه‌رمانگه ته‌ندروستیيه‌كانی ئێمه، پێداویستي پزیشكی و ده‌رمان وه‌ك وڵاتانی ئه‌وروپی نیيه، به پێچه‌وانه‌وه توانای هه‌رێمی كوردستان سنوورداره، هه‌ندێك جاریش ده‌توانین بڵێین لاوازه، وه‌لێ له‌مه‌ڕ ئه‌م خۆپارێزیه، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ژیرمه‌ندانه توانی ژوورێكی ئۆپه‌راسیۆنی خێرا پێكبهێنێ، كه چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م ڤایرۆسه ترسناكه‌دا بكه‌ن.
گومان له‌وه‌دا نیيه، ساڵی 2020 به خاوێنترین ساڵ ناوزه‌ند ده‌كرێت، له‌به‌ر دوو هۆكار، هۆكارێكیان سرووشت ههناسهیەكی پاكی هه‌ڵمژی دوور له دووكه‌ڵی ئۆتۆمبێل و كارگه‌كان. هه‌روه‌ها مرۆڤەكانیش هێنده گوهداری رێنمایيه تهندروستيیهكانن، خۆیان له پیس كردنى ده‌پارێزن. ئه‌م دوو خاڵه وه‌ك لایه‌نه ئهرێنیيهكه، لایه‌نه نهرێنیيهكهی ئه‌وه‌یه، كه ئازیزانێكى زۆر تووشی ئه‌م په‌تایه بوون و خه‌ڵكانێكیان فێركرد به چاوی گوماناوی و تاوانبار لێیان بڕوانن و كه‌سانێكی بێ تاوان بوونه قوربانی ڤایرۆسێك، كه كه‌س نازانێ سه‌رچاوه‌كه‌ی زانسته، یان سرووشت، یان داهێنانی وڵاتی چینه، یان ئه‌مریكا.
هه‌مووتان پارێزراوبن.