ترەمپ پێشوازی لە گەڕانەوەی جێنسن هوانگ بۆ پۆستی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئێنڤیدیا دەکات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ئەمڕۆ دووشەممە 23ی تشرینی دووەمی 2026 پێشوازیی لە بڕیاری ئەنجوومەنی کارگێڕیی کۆمپانیای ئێنڤیدیا (NVIDIA) کرد بۆ گەڕاندنەوەی جێنسن هوانگ بۆ پۆستی بەڕێوەبەری جێبەجێکار و دووپاتی کردەوە کە گەڕانەوەی ناوبراو هیچ مەترسییەک لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا دروست ناکات.

ترەمپ لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس نووسیویەتی، ئەنجوومەنی کارگێڕیی ئێنڤیدیا بڕیارێکی دروست و گونجاوی داوە و وڵاتەکەی پێویستی بە سەرکردایەتیی جێنسن هەیە لە ئێنڤیدیادا، بۆ مسۆگەرکردنی سەرکەوتن و گەشەسەندنی نەک تەنیا کۆمپانیاکە، بەڵکوو ئابووریی ئەمەریکاش.

سەرۆکی ئەمەریکا گوتی: حکوومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هیچ هۆکارێکی نییە بۆ ئەوەی پێی وابێت گەڕانەوەی جێنسن بۆ ئێنڤیدیا هیچ مەترسییەک لەسەر ئاسایشی نیشتمانی دروست دەکات، و ئاشکرای کرد کە داواکاری گشتیی ئەمەریکا دووپاتی کردووەتەوە حکوومەت هیچ بەڵگەیەکی لەبەر دەستدا نییە لەسەر ئەوەی ناوبراو هیچ ڕەفتارێکی نایاسایی کردبێت.

ترەمپ لەسەر ئاستی کەسیش جێنسن هوانگی بە نیشتمانپەروەرێکی مەزن و گەنجینەیەکی نیشتمانی ناو برد.

هەر لە پەیامەکەدا و بە شێوەیەکی جیا، ترەمپ داوای لە کۆمپانیای ئێنڤیدیا کرد لە لێکۆڵینەوەی وردی ناوخۆیی خۆی لەبارەی پابەندبوونی کۆمپانیاکە بە کۆنترۆڵی هەناردەکردنی ئەمەریکاوە بەردەوام بێت، تا دڵنیا ببێتەوە لە جێبەجێکردنی پابەندییە یاساییەکان و ئەرکی نیشتمانپەروەرانەی لە پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکادا؛ لە کۆتاییشدا پیرۆزبایی لە جێنسن، ئەنجوومەنی کارگێڕیی ئێنڤیدیا، گەلی ئەمەریکا و جیهان کرد.

نوێ دەکرێتەوە..