ئیسماعیل ههورامی
نووسەر
پەرستگای ئامون رۆشنبیرانی کورد بە نموونە
رەخنە لە دەسەڵات و کۆمەڵگە بگرن
رۆمانە بە ناوبانگ و کلاسیکەکەی کامۆ (1913-1960)، فەیلەسوف، نووسەر و رۆشنبیری بە ناوبانگی فەرەنسی پێشوازییەکی زۆری لێدەکرێت.
ئەم شاکارە، یەکەم جارلە ساڵی1947 بە زمانی فەرەنسی لە ژێرناونیشانی (la peste) بڵاوکرایەوە، لەم ساڵانەی دواییدا، کەمتر خوێنەران ئاوڕیان لەم رۆمانە دەدایەوە، لەوانەش هۆکارەکەی ئەوە بوبێت، مرۆڤەکان نەخۆشی تاعوونیان زۆر بە دوور زانیبێت لەم سەردەمی پێشکەوتنی زانستی پزیشکییەدا، نەخۆشییەکی تاعوون ئاسا کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی گیرۆدە بکات.
بەڵام بڵاوبوونەوەی لە ناکاوی کۆرۆنا ڤایرۆس و دۆشدامانی بەشێکی گەورە لە مرۆڤایەتی، بەرجەستەکەری ئەو حەقیقەتە تاڵە بوو، مرۆڤ لە هەرئان و سات و سەردەم و دۆخێکدا، دەکرێت لە لایەن ڤایرۆسێکی نەبینرا ونەناسراوەوە، گەمارۆ بدرێت. هەرئەمەش خوێنەرانی جیهانی ناچارکرد، پەنابەرنە بەر رۆمانی تاعوون.
ئەم رۆمانە زۆر بە ناو و دەنگترە لەوەی پێویستی بە ناساندن بێت، بەسەرهاتێکی گشتگیرە لە شارێکی جەزائیر و چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی هاووڵاتیان و رۆڵی رۆشنبیران، پزیشکی شار، رۆژنامەنووسێک، قازی شار و... رۆڵی کامۆ وەک فەیلەسوف و رۆشنبیر و نووسەرێک، لەم بگرەو بەردەیەدا، پرسێکە، کەمتر ئاوڕی لێدراوەتەوە.
رۆشنبیر وەک تایپێکی کۆمەڵایەتی مۆدێرن، دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی بیستەم و بەتایبەتیتر پرسی دریفوس، رۆڵێکی باڵایان گێڕاوە لە دۆخە سیاسی وکۆمەڵایەتی وئابوورییەکان.
نووسەرێک وەک ئهمیل زولا، وەک پەرچەکردارێک بەرانبەر ئەو تەحدیاتانەی بەرەو ڕووی کۆمەڵگە دەبنەوە، دەست بۆ پێنووسەکەی دەبات و زۆر بوێرانە رەخنە لە کۆمەڵگە و حکومەت دەگرێت.
لەم سۆنگەیەوە، رۆشنبیر تەنیا کەسێک نییە وەک زانایەک، یان فەیلەسووفێک کاری فکری دەکات، بەڵکوو بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی وسیاسی دەکەوێتە ئەستۆ، بەبی هیچ ترس و دڵەڕاوکێیەک، ئەوەی حەقیقەتە بە کۆمەڵگە و حکومەتی دەڵێت، بەبێ ئەوەی ترسی لە دەرهاویشتە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو راستییانەی هەبێت.
کامۆ، لە رۆمانی تاعوندا، وەک رۆشنبیر و نووسەرێک خۆی بەرجەستە دەکات. زۆر ژیرانە لە شاری ناوبراودا، خۆی ئاوێتەی چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگە دەکات، پەرچەکرداری ئەوان لە هەمبەر نەخۆشی تاعون دەبینیت، دەست دەکات بە رەخنەی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەوڵەت و بەشوێن رێگا چارەی گونجاودا دەگەڕێت بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی تاعوون، لە تەنیشت ئەمانەشەوە واز لە کاری فەلسەفی و فکری خۆی ناهێنێت.
بەشێکی زۆری ئەو کەسانەی رۆمانی تاعوونیان خوێندووەتەوە، مشتومڕێکی فەلسەفی وتئولۆژی زۆر قوڵ، لە نێوان میان ریو (پزشکێکی عەقڵانی چیرۆکەکە) لەگەڵ باوکی پانلو (کەشیشی شار) روو دەدات، شارەزان، لەو شوێنەدا کە پزیشکەکە هەوڵ دەدات، لە رەهەندێکی تیۆلۆژییەوە، ئەوەی لەشارەکەدا دەگوزەرێت، باوەڕبە هەمووان بهێنێت، تاعوون سزایەک نییە بۆ گوناهکاران، بەڵکوو مەترسییەک دەکرێت دووچاری هەرکۆمەڵگایەک ببێت، بەتایبەت ئەو کۆمەڵگایانە کە نابەرپرسیارانە مامەڵەدەکەن.
ئەوەی لە دیدی کامۆوە گرنگیەکی تایبەتی هەیە، پێکەوە کارکردنە لە پێناو ئەو مەترسیە سرووشتی ومرۆییانەیە، کە رووبەڕووی کۆمەڵگە دەبنەوە.
لەسەردەمی کۆرۆنادا، رۆشنبیرانی کورد، خراپترین رۆڵیان گێڕاوە. نووسەرو رۆشنبیرانی کورد، پێیان وایە ئەوەی لە سەر سیاسەت نەدوێت، ڕۆشنبیر نییە!
بوونی رۆشنبیری کوردی وابەستەی خوڵقاندنی بازاڕێکی سیاسی نەساز و داهێنانی کولتووری جوێندان لە بری رەخنە بە زمان و چوارچێوەیەکی ئەکادیمی.
لە سەردەمی کۆرۆنادا، وا دێتە بەر چاو، رۆشنبیران ئەرکێکی هاوبەشیان کەوتبێتە ئەستۆ. پێویستە کۆتایی بەو گۆشەگیریە بهێنن و بەرپرسیارانە و بە زمانێکی سادە و ساکار، رەخنە لە دەسەڵات و کۆمەڵگە بگرن.