ئیسماعیل ههورامی
نووسەر
نامەوێت، چیم دەوێت!
هێندە بەسە کە لە دایکت توڕە بیت و بڵێیت من ترخێنە ناخۆم
بۆ ئەوەی خەڵکی خۆشیان بوێیت و بە رۆشنبیرت بزانن هێندە بەسە کە لە دایکت توڕە بیت و بڵێیت من ترخێنە ناخۆم! ئامانجم تەوهین و ئیهانە پێکردن نییە بە هیچ رۆشنبیریکی بەڕێز، بەڵام بەگشتی دەتوانین پۆڵینیان بکەینە سەر دوو گروپی جیاواز.
1- رۆشنبیر، نامەوێت.
2- رۆشنبیر، چیم دەوێت.
بەداخەوە کۆمەڵگەی ناعەقڵانی هەردەم بەهایەکی زیاتر دەبەخشێتە ئەو رۆشنبیرانەی کە دەڵێن: (نامەوێت) و رقی لەو تایپە، لەو رۆشنبیرانە دەبێتەوە تائاستی بەشەیتانیکردن کە دەڵێن:(چیم دەوێت). بەڵام زۆربەی ئەو کەسانەی کە بونیادنەری ئەم نیشتمانەن ئەو رۆشنبیرانەن، کە دەڵێن: (چیم دەوێت). لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ببیتە جێگای متمانەی ئەو رۆشنبیرانەی کە دەڵێن: (نامەوێت) هێندە بەسە رقت لە دایکت ببێتەوە و بڵێت "من ترخێنە ناخۆم" و رۆمانێکی پۆست مۆدێرن لێوان لێو لە چەواشەکاری و کۆمەڵێک شیعری بێ وەزن و قافییە و بێ مانا و بە کەیفی خۆت و بەزارێکی بۆگەناوییەوە، هێرش بکەیتە سەر تەواوی پیرۆزییەکانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان.
بەڵام بۆ ئەوەی ببیتە رۆشنبیری "چیم دەوێت" زۆر قورسە، خاڵێکی جەوهەری و سەرنجڕاکێش، هەردەم ئەو کەسانەی کە خۆیان بە شارستانی و مۆدێرن کە لە بنەمادا وانییە دەزانن، هەردەم چەپڵە بۆ ئەو رۆشنبیرانە لێدەدەن، کە دەڵێن: "نامەوێت"
هەندێک دەڵێن: کوردەکان دەزانن چییان ناوێت، بەڵام نازانن چییان دەوێت. لێگەڕین بازیاتر روونی بکەمەوە. ئەگەر باوەڕتان بەو نووسینەی سەرەوە هەیە چرکەیەک بیر لەو نامە و ئیمێلانە بکەنەوە کە فۆرواردتان کردوون! چەندیان رەخنەگرتن بووە لە دۆخی نالەباری هەرێم و چەندیان ئایدیا و بیرۆکەی باش بوون لەهەمبەر چارەسەر کردنی کێشەیەک؟
راگەیاندنەکانی ئێمە پڕە لە بێ ئومێدی، ئیهانەپێکردن، بەشەیتانیکردن، شکاندنی شکۆی بەرانبەر و هەڕەشەکردن... بۆچی شتێکی ئاوها روودەدات؟
1- خوگرتن بە رەخنەوە: ئێمە ڕاهاتوین لە خۆبدەین. رەخنەبگرین.گاڵتەبکەین. ئەگەر رۆژیک بابەتێکی رەخنەئامێز نەخوێنینە جەستەمان ژان دەکات. ژینگەی راگەیاندنی ئێمە پڕ بووە لەو رۆشنبیرانەی کە دەڵێن نامەوێت. پووچگەرایی بە تەواوی بە ناو بیر و هۆش و نەستماندا رۆچووە.
2- بێ پلانی: زۆربەی کاتەکان بیرۆکەی جۆراو جۆر و بەسوودمان هەبووە. بەڵام کێشەیەکی هاوبەشیان هەبووە: نەبوونی پلانیکی سەرەتایی! بیرۆکەیەک بۆ ئەوەی بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە و کاری لەسەربکرێت، پێویستە فرە رەهەند بێت.
پێمان وانەبێت، کە ئەم پۆڵین کردنە "نامەوێت" و "چیم دەوێت" تەنیا وابەستەی رۆشنبیران بێت. ئەمە تایبەتە بە یەک بە یەکی تاکەکانی کۆمەڵگەوە.
چ مامۆستایەک بیت، یان پزشک، یان نووسەر، یان کەناسێک، یان مەلایەک، من و تۆ دوو رێگامان لەبەردەستە. یان دەبێت لە دایکمان تووڕەبین و ببینە رۆشنبیریک کە دەڵێت نامەوێت و لە سەدا سەد خۆشەویست! یان ئەوەی کە بمانەوێت داهاتوو بنیاد بنێن و ببینە رۆشنبیرێک کە دەڵێت: چیم دەوێت.
دووەمیان زۆر قورسە و لە کۆمەڵگەیەکی ناعەقڵانی زیان لە پێگەی کۆمەڵایەتی خۆمان دەدەین.
ئەگەر دەتەوێت ببیتە رۆشنبیرێک کە دەزانێت چی دەوێت، پێویستە لە بری رەخنەگرتن لەم دۆخە، بنیادنەری دۆخی ویستراوبین و کاری بۆ بکەین.
گەنجێک بە رابواردنەوە دەیگوت هەمووان بوون بە ئۆپۆزسیون. هەمووان ناڕازین. کێن ئەوانەی دەسەڵاتیان لەدەست دایە. کێن دژ بەرەکانی دەسەڵات و کام هاووڵاتیانی ئاسایین. ئیرهابێکی فیکری تۆقێنەر، بۆ ئەوەی خەڵکی خۆشیان بوێیت و بە رۆشنبیرت بزانن، هێندە بەسە کە لەدایکت توڕە بیت و بڵێت من ترخێنە ناخۆم!