بڵند نەورەس
نووسەر
"هەژماری من"، دەستکەوتێک بۆ تێکڕای هەرێم
هەژماری من، ئەو پرۆژەیەیە کە لە رێگەیەوە مووچەخۆر دەبێت بە خاوەنی هەژماری بانکی خۆی و سەربەستی دارایی بەدەستدەهێنێت.هەندێک لایەنی هەژماری من هەیە کە ئەوپەڕی ئاسانکاری هێناوەتە کایەوە لە رووی خزمەتگوزارییەوە.
بەر لە هەژماری من و کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆران، هەر مووچەخۆرێک دەبوایە لە فەرمانگەکەی خۆی یان یەکێک لە بانکەکان مووچەکەی وەربگرتایە، دوای ئەوەی کاتێکی زۆری لێ دەڕۆیشت و سەرەگرتنی دەویست و واژۆ کردن و بژاردنی پارەکە سەرەتاییترین ئەو کارانەبوون کە دەبوایە هەر مووچەخۆرێک بیکات، مەرجیش بوو مووچەکەت لە کاتی دەوامی ئاساییدا وەربگریت، ئەگەرنا دەکەوتەوە رۆژی دواتر و پێنج شەمانیش بوایە دەکەوتەوە رۆژی یەک شەمە، لەمانەش گرنگتر ئەوەیە کە هەرگیز بۆت نەبوو پارە پاشەکەوت بکەیت و دەبوایە هەموو مووچەکەت بەسەر یەکەوە وەربگریت و خۆت پاشەکەوتت بکردایە.
بەڵام هەژماری من، سەرەڕای ئەوەی بە نامەیەک ئاگادارت دەکاتەوە کە مووچەکەت لەسەر هەژمارەکەتە و دەتوانیت سودی لێ ببینێت، لە هەمان کاتدا کاتێکی زۆری گەڕاندۆتەوە بۆ مووچەخۆر و سەربەستی تەواوی بەخشیوە بە هەرکەسێک کە کەی و چ کاتێک مووچەکەی وەردەگرێت و چەندی لێ پاشەکەوت دەکات و چەندی لێ رادەکێشێت، لەگەڵ ئەوەشدا پرۆسەکە هەمووی کەمتر لە ٥ خولەکی دەوێت، لایەنێکی تری گەشی ئەم پرۆژەیەش ئەوەیە کە دەتوانیت لە هەر شارێکی تربیت بە گەشت، مووچەکەت یان بەشێکی مووچەکەت رابکێشیت لە رێگەی ئامێرەکانی ATM.
گرنگترین خاڵیش ئەوەیە مووچەخۆر فێری هۆشیاری دیجیتاڵی دەکات و دەیکات بە کارەکتەرێکی سەردەمی و سەربەخۆیی دارایی پێدەبەخشێت و بڕیار دەداتە دەست خودی کەسەکە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ داهات و مووچەکەی خۆیدا و تەواو پارێزراوە.
راستە بانکەکان بە گشتی جۆرێک لە خزمەتگوزارییەکانی هاوشێوەی پرۆژەی هەژماری من دەدەن بە بەشداربووەکانییان، بەڵام نەبووە مووچەخۆری کەرتی گشتی تێکڕا بەو سیستەمە مووچە وەربگرن بە هەمان ئەو خزمەتگوزارییانەوە بە بێ هیچ تێچوویەک، ئەمە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق پێشکەوتنێکی بێ وێنەیە.
ئەوانەی کە هەژماری بانکی سەربەخۆیان هەیە، جا لە هەر بانکێک هەیانبێت، دەزانن کردنەوەی هەژمارێکی بانکی و وەرگرتنەوەی ڤیزا کارد، چەن تێچووی هەیە و زۆرینەی بانکەکانیش رێژەت بۆ دیاری دەکەن بۆ راکێشان و دەرهێنانی پارە لەو پارەیەی خۆت کە لە هەژمارەکەتدا داتناوە، بەڵێننامەشت پێ پڕ دەکەنەوە کە نابێت رۆژانە لە بڕێکی دیاریکراو کە بۆت دەستنیشان کراوە زیاتر دەربهێنیت لە هەژمارەکەت.
هەژماری من، پرۆژەیەکی زۆر گرنگ و بەکەڵکە و دەبێت هەمووان بەوپەڕی پەرۆشییەوە هەوڵی بەدەستخستنی بدەن و تەنها پێویستی بە هۆشیاری تاک و خۆگونجاندن هەیە لەگەڵ ئەم سیستەمە نوێیەدا.
سودی ئەم پرۆژەیە بۆ ئەوانەی بە هوشیارییەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن یەکجار زۆرە، بۆ ئەوانەشی هێشتا پێی ئاشنانین یان بەلاڕێدا براون، لە ئایندەدا دەزانن چەند بەسوود و گرنگە بۆیان.
ئەم جۆرە پرۆژانە کە سودمەندی سەرەکی لێی هاوڵاتییان و مووچەخۆرانن و بە سوودی گشتی تەواو دەبێت، دەبێت پارێزگاری لێبکرێت و هەموو لەمپەر و تاوێرەکانی بەردەمی رابماڵدرێت و بە هەمووان هەوڵی سەرخستنی بدەین، ئەوانەشی دژایەتی دەکەن بەرچاوڕوونی زیاتریان پێبدرێت و کرۆکی پرۆژەکەیان زیاتر بۆ شیبکرێتەوە و رایەکی گشتی بۆ دروست بکرێت، چونکە سودمەندی یەکەم و کۆتایی خودی مووچەخۆرانن و دەستکەوتەکەش بۆ هەرێمی کوردستانە بە تێکڕا.