نەیانتوانی لەم وێستگە مێژووییەدا ئیرادە و خۆڕاگریی گەلی کوردستان بڕوخێنن

نەیانتوانی لەم وێستگە مێژووییەدا ئیرادە و خۆڕاگریی گەلی کوردستان بڕوخێنن
نەیانتوانی لەم وێستگە مێژووییەدا ئیرادە و خۆڕاگریی گەلی کوردستان بڕوخێنن

سەرەڕای ئەوەی هەڵبژاردن بە کۆڵەکەیەکی سەرەکی هەموو سیستەمێکی دیموکراسی ئەژمار دەکرێت، کە بەرجەستەکردنی خواست و ویست و ئیرادەی  هاووڵاتییە و لەو ڕێگەیەوە  شەرعییەت بە هێزە سیاسییەکان دەدرێت، جڵه‌وی دەسەڵات بگرنە دەست و  کۆمەڵگە بە پێی بەرنامە و ئەجێندای ئامادەکراو بەڕێوە بەرن.

هەرێمی کوردستان بە تێپەڕاندنی ئەم وێستگە مێژووییە توانی لە ڕێگەی هەڵبژاردنەکانی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، وەرچەرخانێکی گرنگ لە پرۆسەی پتەوکردنی دیموکراسی و سەقامگیریی سیاسی و چەسپاندنی شەرعییەتی پارتە سیاسییە چالاکەکان بە گشتی و پارتی دیموکراتی کوردستان بەتایبەتی دروست بکات. 

ئەم هەڵبژاردنە هەنگاوێکی سیاسیی گرنگ بوو و بەهۆی ڕێژەی بەرزی بەشداریی جەماوەری گەلی کوردستان پەیامێکی بەهێز بۆ پشتیوانی لە نوێبوونەوەی ڕەوایی دیموکراسی جاڕ درا.

ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکان لە هەرێمی کوردستان ئەوەی دووپات کردەوە، کەوا پشتیوانی جەماوەری بەرفراوان بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان بوونی هەیە. چونکە پارتی دیموکراتی کوردستان توانی بە کۆکردنەوەی زیاتر لە هەشت سەد و نۆ هەزار دەنگ زۆرینەی دەنگەکان بە دەست بهێنێ و بەو هۆکارە ببێت بە خاوەندی نازناوی "پارتی ملیۆنی"، ئەوەش  ڕەنگدانەوەی ئەو متمانەیەیە، کە هاووڵاتییان بە جەنابی سەرۆك بارزانی و  بەرنامە سیاسییەکانی ڕێزدار سەرۆکی حکوومەتیان دا و ئەمەش لای خۆیەوە شەرعییەتی زیاتر بە  ئەرکەکانی دەبەخشێت و پێشەنگی پێ دەدات لەسەر گۆڕەپانی سیاسی. 

ئەم پشتیوانییەی گەلی کوردستان لە سەرۆكایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان تەنیا هێزێکی هەڵبژاردن نییە، بەڵکوو بەڵگەیە لەسەر توانای ئەو سەرکرایەتییە لە بەدیهێنانی خواستەکانی جەماوەری گەلی کوردستان و بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی کاریگەر.

جەنابی سەرۆك بارزانی و هەردوو جێگری یەکەم و دووەمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە میانەی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنەکان دەرفەتی ئەوەیان هەبوو، ڕاستەخۆ لە پەیوەندیدا بن لەگەڵ بنکە جەرماوەرییەکان و بەرنامە ڕاگەیەندراوەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەی کوردستانی بگەیەنن و گوێ لە نیگەرانی و کێشەکانیان بگرن و ڕێگەچارە بخەنە ڕوو بۆ کەمکردنەوەی نیگەرانییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان. بە دڵنیاییەوە هەڵبژاردنەکان دەرفەتێك بوو بۆ سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان تا بتوانێ تیشك بخاتە سەر  بەرنامە و تواناکانی خۆی لە بەڕێوەبردنی هەرێم و نەخشەدانان بۆ قۆناغی داهاتوو. 

بە ڕەچاوکردنی ڕێنماییەکانی جەنابی سەرۆك بارزانی، توانرا پلاتفۆرمێکی هەڵبژاردنی یەکخراو و بە دسپلین پێشکەش بکرێت و توانای پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ سەرکردایەتیکردنی کاریگەر نیشان بدرێت و جەخت لەسەر دابینکردنی چارەسەری واقیعیانە بکرێت بۆ سەرجەم ئەو ئالنگاری و ئاستەنگەکانی، کە ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبنەوە.

ئەم فۆرم و شێوازە لە سەرکردایەتییکردن، توانی وێنەی پارتی دیموکراتی کوردستان وەکوو قەوارەیەکی باوەڕپێکراو و لێهاتوو بۆ بەڕێوەبردنی هەرێم لە بارودۆخی ئاڵۆزی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا بەهێزتر بکات.  

پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەی بۆ ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان سەلماند، كه‌ دەتوانێ زامنی سەقامگیری و پاراستنی ئاسایشی ناوخۆیی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە بێت لەم هەرێمەدا، ئەمەش بە دڵنیاییەوە دەبێتە مایەی بەهێزبوونی لە ڕووی سیاسی و ئابووری و پەرەپێدان و ڕاکێشانی وەبەرهێنی بیانی بۆ هەرێم  و دروستکردنی هاوپەیمانێتی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی هەرێم بە مەبەستی زامنکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی خۆڕاگری کوردستان.

پێداگری سەرکردایەتیی کوردستان لە سایەی جەنابی سەرۆك بارزانیدا بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەم هەلومەرجە ئاڵۆزەی، کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان پێیدا تێ دەپەڕێت، جێگەی ستایشە، چونکە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەم کاتەدا وەرچەرخانێکی مێژوویی گرنگە، ئەمەش  ڕەنگدانەوەی ژیری و ئیرادەی سەرکردایەتی سیاسییە بۆ درێژەدان بە ڕێڕەوی دیموکراسی و شەفافیەت. دواجار  سەرکەوتن هەر بۆ گەلی كوردستان و دیموکراسییەت و بەها مرۆییەکانە، بۆیە ئۆمێد دەکەین بە زووترین کات بتوانرێ حکوومەتێکی نوێ بە سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان پێكبهێنرێت و لەو ڕێگەیەوە دامەزراوە دیموکراسییەکان بەهێزبێت و مافەکانی مرۆڤ پێش بخرێت و ئابووری كوردستان گەشە بکات و مافە دەستورییەکانی گەلی کوردستان زامن بکرێت و هێزی پێشمەرگە یەکگرتووتر و تۆکمەتر بکرێت بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئاشتی.