بە دیزاینەکەی خۆشیان لە هەڵبژاردن سەرنەکەوتن
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە پێی پێوەرە ناوخۆیی و عێراقی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا و هەرێمی کوردستانیش قۆناغێکی گەورەتری بڕی لە پەیڕەوکرەنی پرۆسەی دیموکراسیدا.
لە ڕابردوودا زۆرینەی لایەنەکان بە یەکێتیی نیشتیمانی کوردستانیشەوە ڕەخەی ئەوەیان لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەگرت، گوایە لە هەڵبژاردنەکانی پێشووتردا کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی کوردستان بە خواستی پارتی لایەنگیرییان کردووە و لیستی دەنگدان مردووی تێدابووە و قەبارەی زیاتر دراوە بە پارتی.
لە هەمان کاتدا هەموو هەوڵێکیاندا کە سیستەمی هەڵبژاردن لە یەک بازنەییەوە بکرێت بە فرە یان چوار بازنەیی، گوایە گۆڵیان لە پارتی کردووە و کۆمیسیۆنیش ئیتر کۆمیسیۆنی عێراقە و پارتی دەسەڵاتی بەسەردا نییە و پارتی کەوتە ناو تەڵەکەوە.
پێشینەیەک
پارتی ئەو کاتەی کە لایەنە سیاسییەکان داوای فرە بازنەییان دەکرد بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە بری یەک بازنەیی، مانۆڕێکی سیاسی و دیبلۆماسی کرد بۆلای لایەنە سیاسییەکان و تێیگەیاندن کە فرە بازنەیی لە سوودی پارتە گەورەکان و زیانی ئەواندایە و پارتە بچووکەکان زەرەرمەندی سەرەکی دەبن، بەڵام ئەوان چونکە دەیانزانی خواستەکە دڵخوازی پارتییە بۆیە دژی یەک بازنەیی وەستانەوە و لەگەڵ فرە بازنەییدابوون.
سەبارەت بە کۆمیسیۆنیش، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانییان پەکخست و ئامادە نەبوون ڕێککەوتنی بکەن لەسەر درێژکردنەوەی وادەکەی یان دووبارە هەڵبژاردنەوەی سەرۆک و ئەندامەکانی و پەنایان برد بۆ کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، گوایە بێ لایەن و پیشەییە و پارتی ناتوانێت دەستێوەردانی تێدا بکات.
ئەوان پێیان وابوو گەر کۆمیسیۆن کوردستانی نەبێت و گەر چوار بازنەی هەڵبژاردن بێت، پارتی لە دوو لاوە قەتیس دەکەن، هەم دەنگی لیستەکەی بە فراوانی خزمەتی کاندیدەکانی تری ناکات لە پارێزگاکانی تر و هەم کۆمیسیۆنیشی لەدەست دەرهێنراوە و هەم بە هەمووان دەتوانن گەلەکۆمەی لێ بکەن و بچووکی بکەنەوە.
هەڵبەتە ئەم پلانانە سەرجەمیان لە ڕێگەی دادگای فیدڕاڵییەوە کراون!
بانگەشەی هەڵبژاردن
لە بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرجەم لایەنە سیاسییەکاندا، کۆی پارتەکان جگە لە پارتی دروشمێکی هاوبەشییان هەبوو کە هەمیشە بە دەنگی بەرز دەیانگوتەوە کە کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق تەواو بێلایەنە و پارتی ناتوانێت ساختەی تێدا بکات و بەر لە هەڵبژاردن دەیانگوت لە ئێستاوە بە ئەنجامەکان ڕازین.
کۆی دروشمی سەرجەم لایەنەکانیش لە یەک چوارچێوەدا دەسوڕایەوە ئەویش لێدان بوو لە پارتی و حکوومەتی هەرێم بە دەربڕینی جیاواز و بۆ یەک ئامانج و ئاراستە.
هەموو میدیای لایەنەکانیش بە یەک ئاراستە و بە پەیامی جۆراوجۆر خەڵکیان هاندەدا دەژی پارتی و حکوومەتی هەرێم و دامەزراوەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و باسی قۆرخکاری و دەستبەسەرداگرتنیان دەکرد.
هەڵبژاردن
کە هەڵبژاردنی تایبەت کرا لە 18/10 دا و ئەنجامە نا فەرمییەکان بڵاوکرانەوە، سەرجەم لایەنە سیاسییەکان دڵخۆشی خۆیان ڕاگەیاند بۆ ئەنجامەکان و هەریەکەیان بە شێوەیەک لە شێوەکان ئاماژەیان بۆ پاکی و بێگەردی و بێلایەنی ئەنجامەکان دەکرد.
لە هەڵبژاردنی گشتیشدا 20/10 دا بە هەمان شێوە سەرجەم کارەکتەرە سیاسییەکان و میدیا حزبییەکانیان بە ستایشەوە باسیان لە پاکی و ئارامی و بێ خەوشی پرۆسەکە دەکرد و تەنانەت بەراوردیان دەکرد لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی پێشوودا کە چەند ڕاستگۆیانەیە ئەمەی ئێستا.
بەڵام دوای ئەوەی ئەنجامە بەراییەکانی دەرکەوتن و پارتی زیاتر لە 800 هەزار دەنگی هێناوە لە هەر چوار بازنەکەی هەڵبژاردندا و تەنیا دەنگی بازنەی دهۆکی پارتی بارتەقای دەنگی ئەو لایەنە سەرەکییە بوو کە بانگەشەی ڕووخاندنی دەکرد، ئەوکاتە شۆک لێیدان و کەوتنە سوڕی متبونەوە!
ئێستاش دوای ئەوەی ئەنجامە بەراییەکان لە کۆمیسیۆنەوە بە فەرمی ڕاگەیەندران، زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی کە پێشتر بانگەشەیان بۆ کۆمیسیۆنی عێراق دەکرد، کەوتنە تانەدان و بێ بەهاکردنی کۆمیسیۆن و پرۆسەکە، تەنیا لەبەر ئەوە قەبارەی خۆیانیان زانی و قەبارەی پارتیشیان بینی، شۆک بوون لەوەی کە چۆن دەبێت زۆرینەی خەڵکی کوردستان هێشتا لەگەڵ پارتیدابن و شکستیش بە دروشم و بانگەشە و بەرنامەی سیاسی ئەوان بێت.
ئەنجام
سەرجەم لایەنەکان لە بابەتی چوار بازنەیی هەڵبژاردندا زیانێکیان بە پارتی گەیاند، ئەویش گەر یەک بازنە بوایە بێگومان پارتی سەرووی 45 کورسی دەهێنا لە کۆی 95 کورسی پەرلەمانی کوردستان بێ 5 کورسییە کۆتاکە، بەپێی ڕێژەی دەنگەکان و بەراورد بە هەڵبژاردنی ساڵی 2018، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پارتی هێشتا زۆرینەی ڕەهایە و متمانەی خەڵکی کوردستانی بە شایستەییەوە بەدەستهێنایەوە و بۆ یار و نەیار ئاشکرابوو کە پارتی نوێنەرایەتی زۆرینەی ڕەهای خەڵکی کوردستان دەکات و لەسەر ئاستی عێراقیش پارتێکی ملیۆنییە.
گەر لایەنە سیاسییەکان بە گشتی و پارتە بچووکەکان بە تایبەتی نەکەوتنایەتە ژێر فشاری دژایەتیکردنی پارتییەوە ئێستا نە نەوەی نوێ کورسییەکانی زیادی دەکرد، نە کۆمەڵی دادگەری دەنگی کەمی دەکرد نە بزووتنەوەی گۆڕانیش مایەپووچ دەبوو لە هەڵبژاردندا و ئەوانەشی تازە هاتونەتە گۆڕپانەکەوە دەیانتوانی کورسی زیاتر بەدەست بهێنن لەوەی کە ئێستا هێناویانە.
کەلە ڕەقی سیاسی بێ شرۆڤەکردن و لێکدانەوەی بابەتی، هەمیشە ئەو دەرئەنجامەی دەبێت کە ئێستا دەرکەوتووە لە دوای هەڵبژاردنەکاندا.
ئەوەی تا بەر لە هەڵبژاردن گومانی دەخستە سەر هەموو شتێکی پارتی و هەرێمی کوردستان، دەبێت دوای هەڵبژاردن گەر لەسەر هەمان ڕەوت و ڕەفتار بەردەوام بوون، گومان بخرێتە سەر خۆیان لە ڕووی پێگەیشتویی سیاسی و واقیع بینی و ئەزموونی کاری سیاسییەوە.
کورد دەڵێت: هەرکەسێک چاڵ بۆ کەسێکی تر هەڵکەنێت، خۆی تێی دەکەوێت. ڕێک وەک ئەمەی ئێستا دەیبینین لە گۆڕەپانەکەدا.