هەنگاوەکان بەرەو یەك هەرێم، یەك پەرلەمان، یەك حكومەت، یەك هێزی پێشمەرگە

هەنگاوەکان بەرەو یەك هەرێم، یەك پەرلەمان، یەك حكومەت، یەك هێزی پێشمەرگە
هەنگاوەکان بەرەو یەك هەرێم، یەك پەرلەمان، یەك حكومەت، یەك هێزی پێشمەرگە

لە جیهانێکدا کە هێمای نەرمی و خێرایی هەڵگرتووە، قەیرانەکان ڕیتمی خێرا و کۆنتڕۆڵ نەکراو وەردەگرن، نموونەکەی جەنگ و پێکدادانەکانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەی تری ناسەقامگیری ئەم جیهانە. 

هەرێمی کوردستان لە ڕووی ئاسایشەوە سەقامگیرە و پێشکەوتن بەخۆیەوە دەبینێ، ئەگەر چی بە ناوچەی گەرم و گەردەلوولی گڕکاناوی دەورەدراوە، بەڵام ئەمە ڕێگر نابێت، باوەڕمان بەو تیۆریە بێت، کە دەڵێت:  "کۆمەڵگاکان لە هەموو کەرت و بوارێکدا هەنگاو بە هەنگاو بنیات دەنرێن، بە شێوەیەك ئەگەر سەرجەم بکەرە کاراکان بەشداریی لە گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوەی کۆمەڵگەکەیان بکەن.

واتە بەڕێوەبردنێکی کاریگەر کاتێ کۆمەڵگە بەڕێوە دەبات، ئەگەر ئەندام و گروپەکانی کۆمەڵگە وەکوو فاکتەری بونیادنەر و بەرپرسیار کار بکەن و لێهاتوو و بەرهەمهێنەری سامان و زانیاری و خزمەتگوزاری و دەسەڵات بن، بە شێوەیەك بڕیارەکان دەرئەنجامی ڕاوێژ و کارلێکی هاوبەش بن.

کەواتە دەسەڵاتی سیاسی هاوڵاتی دروست ناکات، بەڵکو کۆمەڵگە ئەو دەسەڵاتەیە کە دەسەڵات دروست دەکات، جا ئایا ئەم دەسەڵاتە بە فۆرمی چەقبەستوویی و دانانی کۆسپ و تەگەرەی پڕ لە ستەم کار بکات، یان بە شێوازی عەقڵانیەت و  بەکارهێنانی ژیرییەکی  هاوسەنگ و تەکنەلۆژیای مۆدێرن کار بکات، بۆ ئەوەی کولتووری دیموکراسییەتێکی داهێنەرانە بچێنێت. 

بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان هەندێ  بزوتنەوە و لایەن هەن دەیانەوێت ڕەوتی کاری سیاسی و حکومی لەهەرێم بشێوێنن و هەموو هەوڵەکانیان لەسەر یەک ئەرك چڕکردۆتەوە، چ وەکو ئۆپۆزسیۆنی حزبی، یان ڕێکخراوی "کولتووری سەربەخۆ"، ئەویش دروستکردنی قەیران و تێکدانی یەکبوونی نیشتمانی و ئەو ئاوەدانکردنەوە و پێشکەوتنە، کە هەرێمی کوردستان وەکوو نموونەیەكی ناوازەی ناوچەکە لەزۆر بواردا بەخۆیەوە دەیبینێت. 

دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان بۆ پەرلەمان لە هەرێمی کوردستان دەرفەتی بۆ حزبە سیاسییەکان ڕەخساندووە، لە ڕێگەی هاوپەیمانێتییەوە حکومەتێکی زۆرینەی سیاسی پێكبهێنن و لەم قۆناغە هەستیارەی کە هەرێمی پێیدا تێدەپەڕێ پەنا بۆ بژاردەیەکی نیشتمانی بەرن، بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕووداوەکان لە ناوچەکە کە لەوانەیە ببن بە هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی کۆمەڵگەی کوردستان. 

پێویستە سازان هەبێت لە نێوان هاوکێشەی دیموکراسی و دەستەبەرکردنی سەرخستنی بەرژەوەندی نیشتمانی. 

ئێمە پێمان وایە یەکێك لەگرنگترین بەرپرسیارێتییەکانی کابینەی دەیەم کە بڕیارە لە ئایندیەکی نزیك پێکبێت ،چەسپاندنی سەروەری هەرێم و شەرعییەتێتی بەسەر هەموو ناوچەکانی هەرێم و بەهێزکردنی توانا سەربازی و ئەمنییە فەرمییەکانێتی و بەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەلایەتی و گەشەپێدانی هاوسەنگ و فراوانکردنی لامەرکەزییەتی ئیدارییەتی، کە پێچەوانەی یاسا نەبێت. 

پێویستە سیاسەتی گشتی هەرێم ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشە و بابەتە ئاساییەکان بێت، بەبێ گەڕانەوە بۆ ئیدارەیەکی ناوەند واتە لامەرکەزیکردنی ئیدارە، پێویستە پتەوکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی و فۆکس خستنە سەر پاراستنی قەوارەی دەستوری هەرێم و داکۆکیکردن لە مافە دەستورییەکانی گەلی کوردستان ئەولەویەتی کار بێت. 

سەبارەت بە ئۆپۆزسیۆن کە سەقفی داواکارییەکانی بۆ بەشداریکردن لەو حکومەتەبەرز دەکات، کە ئامانجی یەك هەرێم و یەك پەرلەمان و یەك حکومەت و یەك هێزی پێشمەرگەیە، پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگرێت کە حکومەتی نوێ ڕووبەڕووی دۆسیەی گرنگ و گەرم دەبێتەوە، لەوانە پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی بەغدا، پێشهاتەکانی گۆڕەپانی سیاسی لە غەززە و لوبنان و سوریا و عێراق و وڵاتانی دەوروبەر و دۆسیەی دارایی و خێراکردن لە جێبەجێکردنی ڕیفۆرمی ڕیشەیی لەم بوارەدا و پاراستنی سەقامگیری ئاسایشی و یەکڕیزیی نیشتمانی، ئەمەش دەبێتە هۆی جوڵاندنی چەرخی ئابووری و بوژاندنەوەی گەشتوگوزار و وەبەرهێنان و ڕەخساندنی هەلی کاری نوێ و گەڕانەوەی هەندێ لەتواناکان بۆ هەرێم بۆ یارمەتیدانی لەپێشکەوتن و خۆشگوزەرانی و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری هەرێم و کاراکردنی بیمەی تەندروستی و ئاسایشی کۆمەلایەتی و بەرەنگاربوونەوەی بێکاری و بەرزکردنەوەی ئاستی زانکۆکانی هەرێم و گرنگیدان بە ژینگە، کە بە داخەوە کە لەماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردندا هیچمان لەبارەیەوە نەبیست،  سەرەڕای زیادبوونی ژمارەی گەشتیارانی ناوخۆ و بیانی کە پێویستی بەدانانی یاسای تایبەت بەژینگە و جێبەجێکردنیان هەیە بۆ پاراستنی ژینگە و ڕاگرتنی بە پاکی. 

دەستەبەرکردنی کاراکردنی بەشداری سیاسی لە هەرێمی کوردستان مەرجێکە بۆ بەدیهێنانی پێشکەوتنی گشتگیر و ڕەخنەی بنیاتنەر لەلایەن ئەو لایەنانەی، کە بەشدار نابن لە دەسەڵات ڕێگەیەکی تەندرووستە بۆ بنیادنان و ئاوەدانکردنەوە. 

دروستکردنی متمانە و ڕاوێژکردنی بەرفراوان لە ڕێگەی مێزگرد و دیالۆگ و کۆڕی گفتوگۆی ئاشکرا پێویستن بۆ خستنەڕووی کێشەکان و دۆزینەوەی چارەسەرە بنەڕەتییەکان و گەڵاڵەکردنی چارەسەری پراکتیکی و دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش لەنێوان هێزە سیاسی و حزبییەکان. 

مەترسی و ئاستەنگەکان زۆرن، بۆیە ئێمە بە پێویستی دەبینین، کە حکومەتێ بە سەرکردایەتی دەوڵەتمەدار مەسرور بارزانی پێك بێت، چونکە بەڕێزیان بۆ ناوەوە و دەرەوە ئەوەی سەلماندووە، کە دەوڵەتمەدارە و خاوەندی دیدگایەکی بەهێزیئایندەسازی و نیشتمانسازییە و لە ماوەی بەڕێوەبردنی کابینەی نۆیەم هەنگاوی لەڕادەبەدەری بۆ بۆنیادنان و تۆکمەکردنی ژێرخان و ئاوەدانکردنەوە و دیبلۆماسیەت نا.