دیجیتاڵی، داهێنان & پاراستنی ژینگه‌؛ هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ ئابووریی چینه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ ئێستادا!

ئاڵای چین
ئاڵای چین

چین دووەم گەورەترین ئابووری جیهانە و بزوێنەری سەرەکی گەشەکردنی ئابووری جیهانییه‌. ساڵانێکی زۆرە ڕێژەی گەشەی ئابووری لە لوتکەدایە لە نێوان ئابوورییە گەورەکاندا، کە بەشداری له‌ 30% کۆی گشتی گەشەی جیهانی كردووه‌. تا ئێستا، له‌م ساڵدا ئابووری چین لەسەر ڕێڕەوێکی جێگیر و تەندروست بەرەو پێشه‌وه‌ ڕۆشتووه‌، لەگەڵ په‌یڕه‌وكردنی ڕێبازێکی نوێ بۆ پەروەردەکردنی هێزی بەرهەمهێنانی نوێی کوالیتی به‌رز. دیجیتاڵی بوون و داهێنان و پاراستنی ژینگە بوونه‌ته‌ دیارترین تایبەتمەندییەکانی ئابووری.

بەپێی داتاکانی نووسینگەی نیشتمانی ئامار لە چین، بەرهەمی گشتیی ناوخۆی چین لە سێ چارەکی یەکەمی ساڵی 2024دا گەیشتووەتە 94,974.6 مليار یوان ( 13,335.8 ملیار دۆلار)، کە به‌راورد به‌ ساڵی ڕابردوودا بە ڕێژەی 4.8% زیادیکردووە، لەگەڵ زیادبوونی وەبەرهێنان لە بواری بەرهەمهێنانی تەکنەلۆژیای بەرزدا به‌ڕێژه‌ی 9.4% له‌سه‌ر بنه‌مای ساڵانه‌. بەهای زیادکراوی پیشەسازییەکانی خزمەتگوزاری ژیانی وەک دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی زیرەک و ئامێری ئۆتۆمبێلی زیرەک بە ڕێژەی 56.4% و 30.7% له‌سه‌ر بنه‌مای ساڵانه دوا به‌دوای یه‌ك‌ بەرزبووەتەوە، هەروەها پیشەسازی وزەی نوێش بەردەوام بووە لە گەشەکردن. چین چەندین تایبتمه‌ندی جیاوازی هەیە له‌وانه‌: ئابوورییەکی گەورەی بازاڕی سۆسیالیستی، بازاڕێکی ناوخۆیی گەورە بە خواستێكی ناوخۆیی بەهێز، پیشەسازییەکی بەرهەمهێنانی تەواو و هێزی کاری زۆر و ئاست بەرز و خاوەنکارانی بەتوانا. ئەم هۆکارانە دڵنیای دەدەن لەوەی كه‌ ئابووری چین وەک کەشتییەکی زەبەلاحی گەشتیاری لە دەریادا ڕووبه‌ڕووی با و شەپۆلەکان دەبێت و بەرەو پێشەوە دەڕوات.

ئابووری دیجیتاڵی زەبری بەهێزی گەشەکردنی پاراستووه‌. قەبارەی ئابووری دیجیتاڵی لە 11.2 تریلیۆن یوان (1572.6 ملیار دۆلار) لە ساڵی 2012 بۆ 53.9 تریلیۆن یوان (7568.3 ملیار دۆلار) لە ساڵی 2023 گەشەی کردووە. ژمارەی وێستگە بنچینەییەکانی 5G لە چین تا کۆتایی مانگی حوزەیرانی 2024 بۆ 3.92 ملیۆن وێستگه‌ زیادیكردووه‌، کە لە نیوەی کۆی گشتی جیهان زیاتره‌، و ڕێژەی بەکارهێنەرانی 5G %60 ی تێپەڕاندبووه‌. داهاتی بازرگانییە تازەپێگەیشتوەکان وەک ناوەندەکانی داتای ئینتەرنێت، داتا گەورەکان و هه‌ژماركردنی هەور (كڵاود) گەیشتونه‌ته‌ 258.4 ملیار یوان (36.3 ملیار دۆلاری ئەمریکی) کە بەڕێژەی 11% زیادیکردووە.  خولی توێژینەوە و پەرەپێدان و کارایی بەرهەمهێنانی بەرهەمە نوێیەکان وەک فڕۆکەی گەورە، ئۆتۆمبێلی وزەی نوێ و شەمەندەفەری خێرا زۆر باشتربووه‌. پیشەسازی بەرهەمهێنان کە بە "باڵی دیجیتاڵی" به‌هێز كراوه‌، دەتوانێت بەرزتر و زیاتر بفڕێت.

هێزە بەرهەمهێنەرە نوێیەکان بە ئاسۆیەکی گەشاوە گەشە دەکەن. چین دووەم گەورەترین وەبەرهێنەری توێژینەوە و پەرەپێدانە لە جیهاندا، و سەرچاوەی سەرەکی داواکارییەکانی مافی داهێنانی نێودەوڵەتییە. هه‌روه‌ها کۆمەڵێک پیشەسازی ستراتیژی نوێ سەریان هەڵداوە وەک تەکنەلۆژیای زانیاری، بایۆتەکنەلۆژیا، وزەی نوێ، کەرەستەی نوێ و هتد. و هەناردەکردنی "سیانی نوێ" كه‌ بریتییه‌ له‌ (ئۆتۆمبێلی وزه‌ی نوێ، پاتری و پانێڵی خۆر) یەک ترلیۆن یوان (141 ملیار دۆلار)ی تێپەڕاندووە، ئەمەش وایکردووە چین ببێتە پێشەنگی هەناردەکاری ئۆتۆمبێل لە جیهاندا. ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلەكانی وزەی نوێ له‌ چین زیاتر لە نیوەی کۆی گشتی ئۆتۆمبێلەكانی وزه‌ی نوێ له‌ جیهان پێکدەهێنن. هێزە بەرهەمهێنەرە نوێیەکان نەک ته‌نها ئاسۆیەکی نوێ بۆ گەشەی کوالیتی بەرز له‌ چین دەکەنەوە، بەڵکو پاڵنەرێکی نوێش دەخەنە ناو بوژانەوەی ئابووری جیهانییەوە.

هەروەها گەشەپێدانی سەوز لە چین سوودی بۆ هەموو جیهان هەیە. لە ساڵانی ڕابردوودا چین هەوڵی گەورەی داوە بۆ کەمکردنەوەی دەردانی کاربۆن و پیسبوون، و ناوچە سەوزەکانی فراوانتر کردووە. چین بووەتە ئەو وڵاتەی کە زۆرترین خێرایی هەیە لە ڕووی باشترکردنی کوالیتی هەوا. چین یەکەم وڵاتە کە ئاستی تێکچوونی زەوی سفرە، و به‌شداری به‌ نیوەی توانای نوێبووەوەی تازە دامەزراو لە جیهاندا كردووه‌، هه‌روه‌ها چارەکێکی ڕووبەری دارستانە تازە گەشەسەندووەکانی جیهانیش لە چینەوە دێت. هه‌ماهه‌نگی لە ژێرخانی سەوز، وزەی سەوز، گواستنەوەی سەوز و پیشەسازی سەوز لە نێوان چین و وڵاتانی دیکەدا لە چوارچێوه‌ی دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگادا لە زیادبووندایە.

لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لە دوای هاتنم بۆ شاری هەولێر، سەردانی زۆر شوێنم کردووە و لەگەڵ زۆر کەس قسەم کردووە لە هەرێمی کوردستانی عێراق. لەگەڵ بەدەستهێنانی زانیاری زیاتر لەسەر ناوچەکە، هەستێکی بەهێزم هەیە کە توانای گه‌وره‌‌ بۆ هه‌ماهه‌نگی كرداری لە نێوان چین و هەرێمی کوردستانی عێراقدا هه‌یه‌.

یەکەم، هه‌رێمی كوردستانی عیراق بە سەرچاوە سروشتییەکان ده‌وڵه‌مه‌نده‌ و هەردوو ئابوورییەکە زۆر تەواوکەری یەکترن. هه‌ماهه‌نگیمان لە بوارەکانی وەک وزە و ژێرخان یارمەتی ئابووری هه‌رێمی كوردستانی عیراق دەدات بۆ گەشەکردن لەسەر ڕێڕەوێکی خێرا.

دووەم: هه‌ماهه‌نگیمان له‌بواری بەرزکردنەوەی دیجیتاڵی و پیشەسازی بەرهەمهێنانی ئاست بەرز دەتوانێت یارمەتی هەمەچەشنکردنی ئابوورییەکەی بدات. حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆر بە گۆڕینی دیجیتاڵی داوه‌، هەندێک پڕۆژەی دیجیتاڵی ئەنجامی بەرچاویان بەدەستهێناوە. کۆمپانیا چینییەکان لە بواری زیرەکی دەستکرد و داتا گەورەکان و هه‌ژماركردنی  هەوردا زۆر بەهێزن و دەتوانین به‌یه‌كه‌وه‌ کاربکەین بۆ یارمەتیدان بۆ بونیادنانی شارێکی زیرەک، هه‌رێمی كوردستانی عیراقی زیره‌ك. ماوه‌یه‌كی زۆر نییه‌، یەکەم هێڵی بەرهەمهێنانی مۆبایلی زیرەک لە عێراق لەلایەن کۆمپانیای ترانسونی چینییەوە کراوه‌ته‌وه‌، کە توانای بەرهەمهێنانی مانگانەی 30 هەزار یەكه‌یه‌. بە زیادبوونی وەبەرهێنانی چینی، بڕوام وایە  پیشەسازی بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستانی عێراق بەهێزتر دەبێت و هەلی کاری زیاتر دەڕەخسێنێت. سێیەم، توانایەکی گەورە بۆ هه‌ماهه‌نگی لە پیشەسازی وزەی نوێدا هەیە. خواست لەسەر ئۆتۆمبێلی ماركه‌دا لە هەرێمی کوردستان عیراق زۆرە، لە ئێستاوه‌ گۆڕانکاری بۆ ئۆتۆمبێلی وزه‌ی نوێ دەستی پێکردووە. بڕیاره‌كانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ لێخۆشبوونی ئۆتۆمبێلی وزه‌ی نوێ لە باجی گومرگی پێشوازی لێدەکرێت. هیوادارین بەم نزیکانە ئۆتۆمبێله‌كانی وزه‌ی نوێ کە لە چین دروست ده‌كرێن لەسەر شەقامەکانی هەرێمی کوردستانی عێراقدا ببینین. چوارەم، گەشەی سەوز خواستی هاوبەشی ئێمەیە. عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوا لە جیهاندا له‌سه‌ره‌، و کەمکردنەوەی کاربۆنیش ئەرکێکی بەپەلەیە. ئێستا پیشەسازی وزەی خۆری چین پێشەنگی جیهانە، پێشبینیش دەکرێت پیشەسازی وزەی خۆر لە هەرێمی کوردستانی عێراق ئایندەیەکی گەشاوەی هەبێت، ئەمەش مانای وایە كه‌ دەرفەتی بازرگانی زۆر بۆ کۆمپانیا چینییەکان و هاوبەشە ناوخۆییەکان هەیە. هیوادارین لە کۆتاییدا کێشەی درێژخایەنی کەمی کارەبا چارەسەر ببێت و هەموو ماڵێک توانای بەکارهێنانی وزەی پاکی هەبێت.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق لە مانگی تشرینی یەکەمدا بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوو، بەهۆی هەوڵی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان له‌ هەرێم بە گشتی. بەم زووانە پەرلەمانی نوێ بانگهێشت دەکرێت و حکومەتێکی نوێ هەڵدەبژێردرێت و گواستنەوەی دەسەڵات بە شێوەیەکی ڕێک و پێک بەدی دێت. ئێمە بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی کارکردنین له‌گه‌ڵ ئیدارەی نوێ له‌ هه‌رێمی كوردستانی عیراق و بەردەوامین لە قووڵکردنەوەی هه‌ماهه‌نگییه‌ دووقۆڵییەکان بۆ سوود گه‌یاندن بە گه‌لانی هەردوولادا.