لە ئەمەریکاش یاسا بۆ خزم خزمانێ بەکاردێت
لە ڕۆژی ١ی دیسـێمبەری ٢٠٢٤ کە (جۆ بادین) لە دواین ڕۆژەکانی دەسەڵاتە و چەند هەفتەیەکی ماوە و دەبێت کۆشکی سپی بە فەرمی ڕادەستی (دۆنالد ترەمپ) براوەی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بکات. بەپێی سەرچاوە هەواڵە فەرمییەکانی نێو ئەمەریکا (بادین) بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ (هانتەر)ی کوڕی دەرکرد، کە چاوەڕوان دەکرا دادگا حووکمی سزادانی لەدژ دەربکات بە تۆمەتی خۆدزینەوە و ساختەکاری باج و هەڵگرتنی چەکی ئاگرینی بێ مۆڵەت.
(بایدن) ڕایگەیاند هیچ کەسێکی خودان عەقڵ بڕوا بەم تۆمەتانە ناکات، ئەوەی ڕوودەدات دژی (هانتەر)، چونکە ئەوەی کراوە تەنیا لەبەر ئەوەیە کە ئەو کوڕی منە. "ئەمەش لەباربردنی دادپەروەرییە" لە ئەمەریکا. ئەو ڕاشکاوانە دەڵێت پێشتر گوتم دەست لەکاروباری وەزارەتی داد وەرنادەم، بڕیارەکەی خۆمم جێبەجێ کرد، بەڵام کە بینیم کوڕەکەم بەشێوەیەکی ناڕەوا بە ئامانجگیراوە و نادادپەروەرانە دادگایی دەکرێت، ئەم بڕیارەم دا. ئەم مەسەلەیە کاتێک بەرەو تووندتر چوو، کە ژمارەیەک ناحەزی من لە کۆنگرێس ئەم کێشەیان بۆ لێدان و شکاندن و هێرشکردنە سەر من بەکارهێنا. ڕاشکاوانە لە گوتارەکەیدا گوتیەتی " باوەڕم بە سیستەمی دادوەریی و دادگا هەیە، بەڵام پێم وایە ئەمە فۆرمێکی چەقبەستووی سیاسییە، پرۆسەی دادگاکەیان گەیاندۆتە ئەم خاڵە و بۆیە ئەمەش دەبێتە هۆکار بۆ لەباربردنی دادپەروەریی. ئەمە قسەکانی سەرۆکی ئەمەریکایە، بۆ دادکۆکی و دەربازکردنی کوڕە تاوانبارەکەی لە سزای دادگا و لێپێچینەوە.
ئەو هیچی لەبەردەم نەما، لە دواین ساتدا ملکەچی بیرکردنەوە لەبەرژەوندی خانەوادە و کوڕەکەی نەبێت، بۆیە بڕیاری لێبووردنی وەکو (باوک و کوڕ) دەرکرد و نایشارێتەوە کوڕەکەی بەهۆی ئەو خراوەتە ژێر فشارەوە و دەیانەوێت دادگایی بکەن، ئەمەش دوورە لە دادپەروەریی. ناتوانم ئەوە بشارمەوە، کوڕەکەی لە دادگا دانی بەهەموو تاوانەکانی خۆی ناوە. بۆیە هەندێک لە ڕاگەیاندنەکانی ئەمەریکا ئەم هەڵوێست و ڕەفتارەی (بایدن) بە کردەیەکی درۆزنانە وەسف دەکەن.
لەم گوتارەدا (بایدن) لە بنەڕەت و بە شێوەیەکی سەرەکی پەنای وەبەر کردەی پاساوهێنانەوە بردووە، پاساوهێنانەوە بۆ دەرکردنی بڕیاری لێخۆشبوونی کوڕەکەی بەکار دەهێنێت و ئەم پاساوەشی لەچەند خاڵێکدا چڕ دەکرێتەوە:
یەکەم: پاساوی لاوازبوونی دادپەروەریی.
دوەم: بڕیاری دابوو دەست لەکاروباری داد وەرنەدات و نەشیکرد.
سێیەم: هەنتەر لەبەر ئەوەی کوڕی ئەوە بۆیە کراوتە ئامانج.
چوارەم: دادگایی کردنی کوڕەکەی پەیوەندی بەململانێی سیاسییەوە هەیە.
پێنجەم: لەبەر بەسیاسی کردن و لاوازبوونی دادپەروەریی، ناچار بوو لە کۆتایدا ئەم بڕیارە بدات.
سەرۆکی ئەمەریکا دەسەڵاتی خۆی لەپێناو پاراستنی کوڕەکەی و دەربازکردنی لە سزای دادگا بەکارهێنا، واتە لەسەرتاسەری دونیا بۆتە کارێکی ئاسایی، کە هەندێک دەسەڵاتی سیاسی و حووکمڕانی لە گەشەسەندووترین وڵاتی دیموکراسی و خاوەن دەسەڵاتی مێژوویی لە دادوەریی بۆ بەرژەوەندی تاکەکەسی و خاونەوادەیی و خزمایەتی و پاراستنی برادەرە نزیکەکانی خۆیان بەکاربهێنن.
(هانتەر) لەبەردەم دادگا دانی بە هەر نۆ تۆمەت نا، ئەم دادگایەش لە ویڵایەتی دێلاوێر ئەنجام درا، سەرباری ئەوەش (هانتەر) بە درۆکردن لە بارەی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر لەو کاتەی چەکی ئاگرینی کڕیوە تۆمەتبار کرا، ئەمەش تاوانێکی گەورەیە.
ئەوەی (بایدن) دەیکات لەچوارچێوەی یاسا و دەسەڵاتی فەرمی وڵاتەکەیەتی، کە وەکو سەرۆک مافی لێبوردنی لە چەند کێشە و کەسێک هەیە، بەڵام ئەو لەپێناو پاراستن و دەربازکردنی کوڕەکەی لە سزا و بڕیاری دادگا دەسەڵاتی خۆی بەکارهێنا و لە گوتارەکەشیدا پاساوی هێناوەتە لەبەر چی ئەم دەسەڵاتەی هەتا دواین هەفتەی دەسەڵاتداریی خۆی بەکارنەهێناوە. لە دیماهیدا دەبێژێت، ناچارم چونکە دۆزی کوڕەکەی لەدادگا وەکو فشار و ملمـلانێ سیاسی بەکارهێنراوە، بۆیە ناچارە ئەم بڕیارە بدات.
بێگومان ئەم کۆتایی یارییە سیاسییەکان و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ دادگا و سسیتەمی دادپەروەریی نییە، هەر زوو ترەمپ لەڕێگەی گوتەبێژەکەی (ستیڤن چێونگ) وەکو هەنگوینی لەدار دۆزیبێتەوە لە ڕۆژنامەی (زی هێل) ئاشکرای کرد "ڕاوکردنی جادووگەرە شکستخواردووەکەی دژ بە سەرۆک ترەمپ سەلماندی، وەزارەتی داد لەژێر کۆنترۆلی دیموکراتەکان دایە و داواکاری گشتیش تووندڕەوە و سسیتەمی دادوەریان پەکخستووە. بۆیە پێویستە چاکسازیی لە سیستەمی دادپەروەریی بکرێت، دەبێت پرۆسەی یاسایی بۆ هەموو ئەمەریکییەکان بگەڕێندرێتەوە، ئەمەش ڕێک ئەوەیە، کە سەرۆک ترەمپ دەیکات، کە دەگەڕێتەوە کۆشکی سپی". . لەبیرمان نەچێت (ترەمپ) زۆر لە (بایدن) پتر مەیلی بەلای خزم خزمانێ و لایەنگریی دۆستەکانیەتی.
ئێمە دەزانین لە زۆر وڵاتی دونیادا دادگا و دادوەری گشتی و سیستەمی دادوەری گومانی زۆریان لەسەرە و هەمیشە ئەم بوارە لەلایەن دەسەڵاتداران و لایەنە بە هێزە سەربازی و سیاسی و ئەمنی بەکار دەهێنرێت و لەهەندێک کۆمەڵگەشدا هێزی چینایەتی کاریگەریی لەسەر ڕەوشی دادگا هەیە. ئەمەریکا بەوە ناسراوە کە یاسا لەسەرووی هەموو شتێک و دەسەڵات و کەسێکەوەیە و لە پیادەکردنیشدا بنەمای یەکسانیی و دادپەروەریی هەیە، ئەوەی هەنووکە دەیبینین بەشێکە لەو پرۆسە سیاسی و ململانێ سەختە حزبییەی کۆمەڵگەی دووچاری گومان و لاوازیی لەسیستەمی دادەپەروەریی و دادگا و هەتا پرۆسەی دیموکراسیش کردووە.