پارتی بردنەوە بەرهەم دێنێت!

پارتی بردنەوە بەرهەم دێنێت!
پارتی بردنەوە بەرهەم دێنێت!

خۆزگە لە کەرکووکیش کوردایەتی ڕێبەرایەتیمانی دەکرد و بەلای کەمەوە کورسییەکان لەگەڵ ئەوانی دیکە یەکسان دەبوو، ئەم پاشەکشەیەی کورد باجی بەدواوەیە، دەزانم کێ هۆکاری باجەکەیە، بەڵام با بمێنێت، چوونکە هەر قسەیەک بکەین و ڕەخنەیەک بگرین لەبەر ئەوەی حزبایەتی هێندە زەق و لەپێشە، ڕەنگە لایەنێک ڕەخنەکە بە خۆی تێ بگات. 

بردنەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بەتەنیا لە ژمارە نییە، بەڵکوو بەرهەمهێنانی ئیرادەیەکە، کە گەلی کوردستان پاڵپشتی گوتاری مانەوەی هەرێم، سەربەخۆخوازیی، ڕەتکردنەوەی سزای دارایی و خۆبەدەستەوەدان و گەڕانەوەیە بۆ بەغدا؛ ئەمەش ئەرکەکانی ئایندەی ئەم حزبە زۆر قورستر دەکات. ئەم حزبە سەرکەوتنی بەرهەم هێناوە، دیاریشە ئەم بەرهەمهێنانە چەندە کارێکی قورس، پڕکێشە، ئاڵۆزە لەسەردەمی بێمتمانەیی و پاشەکشە و تووڕەیی و پووکانەوە و ناشیرینبوونی حزبایەتی و بەرزبوونەوەی توانای تاک و هاووڵاتی لەدەستخستنی زانیاریی شاراوە و ورد و گەیشتنە شوێنە باڵاکانی بڕیار و دەسەڵات. 

پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەم جارە یەکلایی کردەوە کە حزبێکی نیشتمانی هەموو پێکهاتە و گروپ و لایەن و ئایین و کەسێکە، بڕوای بە نیشتمان و ڕزگاربوون و پاراستنی تایبەتمەندی و ڕەسەنایەتی لە هەرێم هەیە.

 لەکاتێکدا هەر خودی پارتیش بێکێشە و کەموکورتی و گەندەڵی و گرفت نییە.. ئەم ئەنجامە ئەوەمان بۆ ساخ دەکاتەوە هاووڵاتیانی کوردستان دژی ئەوەن دوژمن و ڕکابەرە ڕقهەڵگرتووەکانی ناوچەکە و هەندێک لایەنیش لە بەغدا، کە دەمێکە دەیانەوێت کوردستان لەپێشکەوتن و گەشەکردن ڕابگرن و تایبەتمەندییەکانی نەهێلن. 

هیوادارم لەدوای هەڵبژاردن و لە هەنگاوی دوای دەنگدان لایەنە سیاسییەکان، کە بەتووندی ململانێی دەنگدانیان پەیڕەو کرد و هیچ توندوتیژییەکیش ڕووی نەدا، هەرچەندە گوتاری تووند و ئاگرینیان دژی یەکتر هەبوو، بەئارامی و تێڕوانینێکی قووڵ و ئازایانە بەرەو دروستکردنی یەکگوتار، یەک هەڵوێست و هێز لە بەغدا هەنگاو بنێن، لێرەدا، پارتی دەکرێت برا گەورەیەکی دادپەروەر یەکسانخواز بێت.  

بۆیە گرنگە پارتی و یەکێتی بەتایبەتی و لایەنەکانی دیکەش، کار بکەن لەپێناو:

یەکەم: کۆبوونەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم و چی دیکە چاوەڕوێی ئەنجام و هۆکار و یەکترشکان نەکەن.

دووەم: لەسەر ستراتیجییەکی هاوسەنگ و یەکسان لە کاری ئایندەیان لە بەغدا ڕێک بکەون، هەر تەنیا بیر لە دابەشکردنی کورسی و بەرژەوەندییەکان نەکەنەوە، بەڵکوو بەکردەوە مافەکانی هەرێمی کوردستان وەکوو ئامانجی سەرەکی بەرجەستە بکەن.

سێیەم: ئەم هەڵبژاردنە نەخشە ڕێگەییەکی نوێ، هاوسەنگی تازەی هێزی بەرهەمهێنا، دیسان ئەمە مانای پەراوێزخستنی یەکتر ناگەیەنێت، بۆیە بردنەوە باشترە بۆ قبوڵکردنی یەکتر و دانان بە ئەنجام بێت، نەک ئەو کرم و پەتایە ترسناکەی لەنێو مێشک و بیرۆکەی هەر لایەنێکە.

چوارەم: یاسایەک، یان ڕێککەوتنێکی سیاسی بەڵگەدار بەرهەم بێت، هەر لایەنێک بیەوێت خیانەت لە بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان و مافی خەڵک بکات، بە ئاشکرا و لەبەردەم ڕاگەیاندن و ڕای گشتی سزا بدرێت. 

پێنجەم: لەتەک فراوانکردنی بنەماکانی دادپەروەریی و بەهێزکردنی دیموکراسی وەکو نەریت و کۆمەڵایەتی و دەسەڵاتیش، حکوومەت بەپێی یاسا لێ نەگەڕێت و لە هیچ لایەنێک قبووڵ نەکات، دۆخی ئابووریی و دارایی و بوودجە لە بەغدا بۆ ململانێی حزبی و شکاندی ڕکابەرەکەی بەکاربهێنێت، ئەمە بکرێتە نەریت و ڕەفتارێکی 'نەفرەتلێکراوی یاسایی' و دەستووری و تەحریم بکرێت. 

شەشەم: با هەموو لایەنەکان لەنێوخۆی کوردستان لە قسەکردن و ڕەخنەگرتنی سیاسی ئازاد بن، ڕۆژانە بە مەعقووڵی و بەڵگە قسە لەدژی یەکتر بکەن، بەڵام لە تێکشاندنی ئینتما و پێدانی زانیاریی بە دوژمن و هاوکای دوژمن و داگیرکەران چی دیکە ئازاد نەبن، چی دیکە ڕێگە نەدرێت سووکایەتی بە هەرێم بکەن، بەئاشکرا و نهێنی کار بۆ لاوازکردن و تێکدان و شکانی کیانی هەرێمی کوردستان بکەن.  

حەوتەم: کار بۆ دەرکردنی دەستووری هەرێمی کوردستانی عێراق بکرێت، دامەزراوەی دادوەریی و دادگا پتەو و بەهێز و خاوەن دەسەڵات بێت. بێدادگاییەکی پاک و دادپەروەر و یەکسان دامەزراوەی دەوڵەتداری هەمیشە لەژێر پرسیار دەبێت.

هەشتەم: پاکسازیی و چاکسازیی بکرێت و چی دیکە نەهێشتن و کەمکردنەویە گەندەڵی لەبەر خاتری حزبێک و لایەنێک دوانەخرێت، چونکە ئەمە نێوبانگی هەرێمی خستۆتە ژێر پرسیارەوە.

نۆیەم: ڕاگەیاندنی کوردستان پێداچوونەوەیەکی پیشەیانەی پێدا بکرێت، ئەو ملیار، ملیار دینار و دۆلارەی لەم بوارە خەرج دەکرێت، لەپێناو بیناکردنی هەرێم و بەهێزکردنی زانیاری تاک و بەرهەمهێنانی گوتارێکی سیاسی- کۆمەڵایەتی نیشتمانی بەرپرسانە. 

بەرهەمهێنانی هەر شتێک پێویستی بە ژمارەیەک کەلوپەل و کەرەستە و ژینگە و بیرۆکە و فکر و سەرمایە و بازاڕ و پەیوەندیکردن و سەلماندن و  ساخکردنەوە و بوێری و ڕاستگۆیی و پاکی لەدروستکردنی شتەکان و لەهەمووشیان پتەوتر بەدەستهێنانی متمانەی کڕیار و بەکارهێنەر و هاووڵاتییە. ئەمەش هەمووی بە گوتار دەکرێت، گوتار لە نێو دامەزراوەکاندا، بە دامەزراوەیی ڕادەپەڕێنرێت.  گوتار کردەیەکی بەکردەوەی بڕیاردان و دروستکردنی بڕیار و حووکمە، قسەی نێو شەقام و نووکتەی بێبەها و تڕۆکردنی بەهاکان نییە. 

پارتی ئەم هەموو شتانە و شتی دیکەشی لەپێناو بەرهەمهێنانی سەرکەوتن و بردنەوە و ئینجا لە داهاتووش بەڕێوەبردنی دەسەڵات و هەموو ئەو ڕەهەندانەی پەیوەندییان بە هێزی دەسەڵاتەوە هەیە بەکارهێنا، کارەکتەرە سەرەکییەکانی ئەم حزبە مێژووییە گوتیان 'لە ئێمە کار و لە ئێوەش قسە'.

بەرهەمهێنانی بردنەوە لە هەڵبژاردن گوتارێکی ڕاستگۆیانە و خودان متمانە و ڕەسەن و کاری زۆری پێویستە، لایەنەکانی دیکە هەندێکیان دەنگی سروشتی خۆیان بەدەست هێنا، هەندێکیش نزیک فتبوون بوون.

 گرنگ ئەم گوتارەی ئەم جارە هەبوو، هەندێکی نغرۆکرد لەنێو ئاژاوەی سیاسی، نەبوونی بەرنامەی ڕوونی بیرکردنەوە و دونیابینی سیاسی و حووکمڕانی یەکێکی دیکە بوو لە لاوازیی هەندیک گوتار. پارتی دیموکراتی کوردستان تاکە لایەنی کوردستانە بەڕاشکاوی گوتاری بە دەسەڵات بوون و پەرەپێدانی دەسەڵات و خۆ بەدەسەڵاتزانی پیادە کرد، ئەمەش یەکێکە لەو هۆکارانەی گوتارەکەی بەهێزەوە، پێگەی دەنگ و هەبوونی ئەم حزبەی بەهێزتر کرد. ئەم بەرهەمهێنانە لەخۆڕا و بە ڕێککەوت و ڕەشۆکی نییە، بەڵکوو کارکردن و بەرنامە و هەماهەنگی و هاوسەنگی و خزمەت و پەیوەندیی و ڕەسانەیەتی لەپشتە.