گوتاری سیاسی و ژمارە

گوتاری سیاسی و ژمارە
گوتاری سیاسی و ژمارە

گوتاری سیاسی یەکێکە لە دامەزراوە کاریگەرەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، هەروەها تاک و حکوومەت و کۆمەڵگە،  ئەوانە هەموویان لەیەک کاتدا دەتوانن بۆ بەدیهێنانی مەبەستی خۆیان بەکاری بهێنن، بۆ هەر یەکێکیشیان دەکرێت بنەما و شێواز و تەکنیکی جیاوازیان هەبێت. 

(رشدی بویبری) ئاماژە بەچەند جۆرێکی گوتاری سیاسی و تایبەتمەندییەکانی دەکات، لەوانە (گوتاری جەماوەریی،مەبەست، پاساو هێنانەوە، نێوەڕۆکدار، خودانی زمانێکی جیاواز، گوتار لەژێر کاریگەریی کەسایەتی دروستکەر، گوتاری واقیعی، گوتاری کارلێکردن و گفتوگۆ)، بێگومان هەر لێکۆڵەرێک دەتوانێت لە گۆشەیەکی جیاواز جۆری دیکەی گوتار دەستنیشان بکات، من لەم بابەتەدا گوتاری ژمارە زیاد دەکەم و دەتوانین چەندین جۆری دیکەی گوتاری سیاسی وەکو گوتاری (دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، گوتاری ڕەخنەگرانە، گوتاری پەرلەمان، گوتاری حکوومەت... تاد) زیاد بکەین.

مەبەستمان لە گوتاری ژمارە چییە؟ لەم بوارەدا دەتوانرێت ئاماژە بەچەند بنەمایەک بکرێت لەوانە ژمارە وەکو کەلتوور، ژمارە وەکو خزمەتگوزاری، ژمارە وەکو ڕووداو، قوربانی، بەرهەمهێنان، ژمارە وەکو نمایش و بیرهێنانەوە لای وەرگری گوتارەکە، ژمارە وەکو هێزی سەلماندن و بڕواپێهێنان، ژمارە وەکو کورتبێژیی و کورتکردنەوەی قسە و زانیاریی، ژمارە وەکو ئامرازێکی ئاسان بۆ کارتێکردن، پەیام بۆ بەرانبەرەکەی کە ژمارەکانی کەمن، نزمن، یان هەر نیەتی... تاد). لەهەموویان کاریگەرتر ئەوەیە، خودانی گوتار بە وەرگرەکان و جەماوەر دەڵێت "بڕوا بەڕاستگۆیی و ژمارەکانم" بکەن. 

لە بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراقی (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆکی هەرێم و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گوتاری بانگەشەی هەڵبژاردندا ئاماژەی بەوە کرد کە "دەیانەوێت پارتی خاوەنی یەک ملیۆن دەنگ بێت". واتە بەم ژمارەیە دەیانەوێت ئەوە نیشان بدەن، کە پارتی دیموکراتی کوردستان:

یەکەم: دەبێت حزب ژمارە و پلە و هێزی یەکەمی هەرێمی کوردستان و عێراقیش بێت.

دووەم: متمانە بەخۆبوون کە براوەی یەکەمن، بەڵام دەبێت ژمارەیەکی کەم وێنە و بێ هاوتا و هاوبەش بەدەست بهێنن، ئەمە هاندەرە بۆ دەنگدەر کە دەنگ بە براوە بدات، نەک دۆڕاو، یان ئەو لایەنانەی بەپلە بەندی لەدوای ئەم ژمارەیە دێن.

سێیەم: لەڕێگەی ئەم ئاماژە ژمارەییە گوتارێکی کورت و پووخت و خێرا بەرهەم دەهێنن و دەیەوێت بە ژمارەیەکی جیاواز بیرهێنانەوە و مۆرێکی پتەو لە مێشکی وەرگر دروست بکات. 

چوارەم: زمانی ژمارە، زمانێکی جددییە، بەهێزە، متمانەدارە. 

لەهەمان کاتدا لەشڕۆڤەکردنی دۆخی هەڵبژاردن زمانێکی دیکەی بەکارهێنانی ژمارەش هەیە و دەبێت ئاماژەی پێ بکەین، لەوانە لێکدانەوە و پرسیاری و گریمانەی دەنگدەر گرنگە، بەتایبەتی هەنووکە دەزانین ڕەوشت و ڕەفتار و زانیاریی و  توانای دەنگدر گۆڕاوە و پرسیاری جددی دەپرسن، ئایا ئەگەر حزبێکی سیاسی لە شارێک بۆ نموونە خاوەنی سەد هەزار مووچەخۆر و سەدو پەنجا هەزار ئەندام و پەنجا هەزار لایەنگری دیکە بێت، دەبێت لە هەڵبژاردن چەند کورسی بەدەست بهێنێت، کە نرخی هەر کورسییەک بە بیست هەزار دەنگ بخەملێنرێت؟

بێگومان ئەم حزبە دەبێت بەلای کەمەوە بەپێی ژماردن و گریمانە و بەیەکبەستنەوەی هەر دەنگدرێک بە خێزان و  ژمارەی خێزان  7-9 کورسی بەلای کەمەوە دەبێت بەدەست بهێنێت، لەبیری نەکەین ڕێژەی بەشداربوونی خەڵکیش کاریگەریی لەسەر نرخی کورسییەکان دەبێت. 

گوتاری ژمارە، گوتاری ئەم سەردەمەیە، کە پشت بە تەکەنەلۆژیا و خێرایی لەگەیاندن و ژیری و توانای دەنگدەر لە بەدەستهێنانی زانیاری دەبەستێت. دەنگدەر بەئاسانی دروستی و نادروستی، ڕاستگۆیی و درۆ لێک دەکاتەوە.

حیسابەکە وایە ئەگەر نرخی کورسی بیست هەزار بێت، پارتی یەک ملیۆن دەنگ بهێنێت ئەوە پەنجا کورسی مسۆگەر دەکات، یەکێتی پێنجسەد هەزار دەنگی هەبێت، ئەویش بیست و پێنج کورسی و لایەنەکانی دیکەش چوارسەد هەزار دەنگیان هەبێت، ئەوە کورد دەتوانێت نزیکەی نۆهەت کورسی  پتر بەدەست بهێنێت. ئەمە تەنیا خەملاندن و لێکدانەوەیە، نیشانکردنی پێگە لایەنەکان و کاریگەریی و زمانی ژمارەیە لەنێو گوتاری سیاسی هەڵبژاردن. 

ئۆپۆزسیۆن ژمارە لەپێناو نیشاندانی ڕێژەی گەندەڵی و خراپی دەسەڵات و دزی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لەپێناو خۆ دەوڵەمەندکردن و ڕیسواکردن و شکاندنی بەکاردەهێنن. بۆ نموونە (ژمارەی فرۆشتنی بەرملیە نەوت)، (زیانی مۆلیدە لە کاتی دەستپێکردنی پڕۆژەی ڕووناکی)، (لەشاخ بوون هیچیان نەبوو، هەنووکە خۆیان و منداڵەکانیان ملیۆنێرن)... تاد. ئەم ژمارانە وەکوو چەکوش بەکاردەهێنرێن، یان وەکوو بۆمب دەتەقێنرێنەوە،  دەسەڵاتیش ژمارە وەکوو هێز و بڕواپێهێنان و نەخشەی خزمەتگوزاری و گەشەکردن و ئاوەدانی و متمانە بەخۆبوون بەکاردەهێنێت. گرنگ بەکارهێنانی ژمارە لەنێو گوتار یەکێکە لەو هۆکار و ئامرازانەی کاریگەرییان لەسەر بیرکردنەوەی دەنگدەر و گۆڕینی بۆچوون و هەڵوێستیان دەبێت. پێویستە لەبەکارهێنایان ئاگادار و وریا بن، چوونکە دوور نییە هەندێک ژمارە ئەگەر درۆ بێط، یان گونجاو نەبێت کاردانەوەی خراپ بەرهەم بهێنێت. 

لەکردەدا کە گوتار کردەیەکی کاریگەری بەدیهێنانی کردەی پەیوەندیکردن و کارتێکردن و هێزە، دەتوانێت وەکو پاساوێکی لۆژیکی، یان نا لۆژیکی، کردەیەکی ڕاست و دروست، یان هەڵە و درۆ بەکاربهێنرێت، لەپێناو ئامادەبوونێکی بەهێز پێویستیت بە ژمارە ڕاست و ڕاستگۆیانە دەبێت، چونکە ژمارە هەر تەنیا ژمارە نییە، بەڵکوو فکر و تێکۆشان و بەدواداچوون و دەستکەوت و گەشەکردنیشە.