سەرۆك بارزانی و ئایندەی کورد لە سووریا
لە پەیامەکەی ڕۆژی یەكشەممە، 15-12-2024ـی جەنابی سەرۆك بارزانی لەبارەی لێدوانێكی ئەحمەد شەرع و دۆخی كورد لە سووریا، هاتووە، تیڕوانینەکەی شەرع بۆ کورد و داهاتووی سووریا جێگەی خۆشحاڵی و پێشوازیی لێ کردنە.
پێشووتر، شەرع لە لێداوانێکی باسی لەوە کردبوو، کەوا گەلی کورد بەشێکە لە نیشتمان و هاوبەشە لە سوریای داهاتوو.
دیارە ئەم تێڕوانینە، وەکو جەنابی سەرۆك بارزانی ئاماژەی پێ کردووە، زەمینەساز دەبێت بۆ بنیاتنانی سووریایەکی بەهێز و جەنابیان بە پێویستیان زانی كورد و عەرەب و سەرجەم پێکهاتەکانی تر لە سووریا سوود لەم دەرفەتە وەربگرن، تاوەکوو بتوانن لە سووریایەکی سەقامگیر و ئازاد و دیموکراتدا بەشدار بن.
لای خۆیەوە، سەرکردەیەکی دەستەی ڕزگاریی شام بە ناوی، حەسەن دغێم، لە تۆمارێکی دەنگی، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، هەڵوێستی سەبارەت بە پەیامەکەی جەنابی سەرۆك بەم شێوەیە باس دەکات:
"پەیوەندی گەلی سووریا بە سەرۆك مەسعود بارزانی یەوە پەیوەندییەکی دێرینە، سەرجەم سوورییەکان ڕێزی تایبەت و پێزانینان بۆ جەنابیان هەیە، بەتایبەتی بۆ ئەو ڕۆڵەی، کە گێڕاویەتی وەکو ڕێنشاندەر و باوك لە چاودێریکردنی پەنابەرە سورییەکان، کاتێ شۆڕشی سووریا سەری هەڵدا، پەنایان بردە بەر هەرێمی كوردستانی عێراق. هەندێ لە کەس و کارەکانمان ستایشی هەوڵەکانی فەخامەتی سەرۆك بارزانی دەکەن، بەرامبەر بەوەی کە ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەرانی سووریای حەواندەوە، ئەوان بە پێی خەمڵاندنەکانمان ژمارەیان نزیکەی ٣٠٠ هەزار هاوڵاتی بوو، بەهەمان شێوە هەڵوێستی سەرۆك بارزانی مان بینی، کاتێ بوومەلەزرە باشوری تورکیا و باکووری سووریای هەژاند، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هانای هاووڵاتیانی سووریاوە هات.. بۆیە گەلی سوقریا ڕێزی تایبەتی هەیە بۆ گەلی کوردستان و بۆ جەنابی سەرۆك بارزانی."
بەڵێ لە کاتی شوڕشی ئاشتیانە لە سووریا و دواتر پاش سەرهەڵدانی ململانێی تایفی و مەزهەبی وێرانکەر و دەرکەوتنی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان بە هەزاران کورد و هاوڵاتی سووری بەمەبەستی دەستەبەرکردنی ئاسایش و کار ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد و هەرێمی کوردستان لەسەر ڕاسپارەی جەنابی سەرۆك پێشوازیی گەرمی لێیان کرد.
دیارە بەرژەوەندی هاوبەش و چارەنووسی هاوبەش لە نێوان هەردوولا هەبووە و هەیە و هەرێمی كوردستان پێویستی بە ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا هەیە، تا لە ئایندەدا لە ڕووی سیاسی و ئابوری و ئاسایشی بەهێزتر بێت.
گەلی کورد لە سووریا پێکهاتەیەکی گەورەیە، پێویستە سەکۆیەکی کوردی بەهێز درووست بکات، کە هەموو ئەو لایەنانە لەخۆ بگڕێت، کە بە گوتار و بە کردار باوەڕیان بە مافە ڕەواکانی گەلی کورد لەسەر بنەمای فیدراڵی لە سووریا هەیە.
پێویستە نموونەی سیاسی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان، وەکو هەرێمێکی فیدراڵ لە چوارچێوەی عێراق، لە لایەن کورد لە سووریا پێشوازیی لێ بکرێ، لە هەمان کاتدا پێویستە ئەو سەکۆیە زامنی مافی پێکهاتەکانی تر بێت و ڕێزیان لێ بکرێت.
سووریای ئایندە ناتوانێ سەقامگیری و گەشەسەندن و ئاشتی بەخۆیەوە ببینێ، هەروەها ناتوانێ دووربێت لە دووبارە گەڕانەوەی دیاردەی تێرۆر و سەردەست بوونی، ئەگەر نەبێت بە دەوڵەتێکی فیدراڵ، یان ئەگەر باوەڕی بە فرەیی و دیموکراسییەت و سێکۆلاریزم نەبێت.
چونکە سووریا وەکوو موزاییك لە نەتەوە و ئاین و ئاینزای جیاجیا پێک هاتووە، ئەرگەر فاکتەری مرۆیی و خاکی جوگرافی بوونی هەبێت، ئەوا مافی هەر پێکهاتەیەکە، خاوەنی هەرێمی خۆی بێت.
بە پێویست دەبینرێ كورد بەمەبەستی دەستەبەرکردنی دادپەروەری و یەکسانی وەکو هاوبەش لە بڕیاری نیشتمانیی سووریا بەشدار بێت.
هەروەها پێویستە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتانی تری ڕۆژئاوا ڕۆڵی جددی بگێڕن لە پاڵپشتیکردنی پرۆسەی فیدراڵیی لەناو چوارچێوەی پرۆسەی سیاسی لە سووریا و ڕێگر بن لەوەی وڵاتانی هەرێمی بەمەبەستی بەدەستهێنانی هەژموونی زیاتر ئەو پرۆسەیە لەبار بەرن و ببنە هۆکاری دروستبوونەوەی ناسەقامگیری و ململانێ لە نێوان پێکهاتەکان.
سەرۆك بارزانی، کە باوەڕی تەواوی بە گرتنە بەری ڕێگەی ئاشتیانە و دیالۆگی ئەرێنییە بۆ چارەسەریی کێشەکان، هەردەم پشتیوان و خەمخۆری گەلی كورد بووە لە سووریا، جەنابیان ئومێدی ئەوە دەخوازێ، لایەنەکان لە سووریا بە شێوەیەکی ئاشتیانە بگەنە ڕێککەوتنێ، کە لە بەرژەوەندیی سەرجەم پێکهاتەکانی سووریا و لە بەرژەوەندی پێکەوەژیان و ئاشتی و سەقامگیریی و بووژانەوە بێت.