بیست و دوو خاڵ بۆ تێگەیشتن لە ڕوداوەکان
ئێستا و ئێرەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکێکە لەو ساتەوەختانەی کە بەهەموو پێوەرێک مێژووییە، چونکە کۆی پەیوەندیەکانی هێزی تیادا بینادەکرێتەوە و هیچ یەکێک لەو پێنج ڕوبەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش (عەرەبی، فارسی، تورکی، کورد، ئیسرائیلی) لەدەرەوەی ئەم گۆڕانکاریە مەزنانەدا نیە. ئەوەی کە ڕەهەندە مێژووییەکەی ئەم گۆڕانکاریانە تۆخدەکاتەوە، گەڕانەوەی دۆنالد ترامپە لە ڤێرژنێکی نوێدا بۆ کۆشکی سپی. ئەو چوارچێوەی کە من بۆ تێگەیشتن لەکۆی ئەم گۆڕانکاریانە پێشنیاری دەکەم، لە بیست و دوو خاڵی سەرەکیدا کۆیاندەکەمەوە.
1. دۆنالد ترامپ جیهانێکی بێ جەنگی دەوێت، جیهانێکی دەوێت کە ئاشتی تیایدا بەرقەرابێت، بۆئەمەش هەموو فشارەکان بەکاردێنێت بۆ سەپاندنی ئاشتی، بە هەڕەشەی لێدان و پەلاماردانیشەوە. واتە بەناوی بەدستهێنانی ئاشتیەوە، زۆر بەلایەوە ئاساییە بەهێزترین چەک بەکاربێنێت. واتە ئاشتی لەژێر زەبری بۆمبدا. ئەمە بەڵگەنەویستە لای تایبەتمەندەکانی ترامپ.
2. کاتێک بەشاری ئەسەد چەکی کیمیاوی لەبەرامبەر گەلەکەیدا بەکارهێنا، باراک ئۆباما ناپاکی لە بەڵێنەکەی کرد و لە ڕژێمی ئەسەدی نەدا، بەڵام دۆنالد ترامپ، سەرەڕای هەموو ئەو تێبینیانەش کە لەسەر سیسمی ڕەفتارەکانی ئەو لەگەڵ دنیادا هەمانە، دێت و زۆر بەتوندی لە ڕێگای هێرشی ئاسمانیەوە لێی دەدات.
3. لەوەش زیاتر، دۆنالد ترامپ جەنگی داعش تا سەری سەرەوەی لوتکەکە برد و خودی ئەبوو بەکری بەغدادی لە سوریادا کوشت. واتە دەتوانێت بەشێوەیەکی زۆر ڕادیکاڵ و بۆ گەیشتن بە ئاشتی، هەموو جۆرە زەبروزەنگێک بەکاربێنێت.
4. کوشتنی قاسم سولەیمانی لە فڕۆکەخانەی بەغدا و پاشان گێڕانەوەی حیکایەتی کوشتنەکەی لەلایەن خودی ترامپەوە ئاماژەیەکی دیکەیە بۆ چۆنیەتی بڵاوکردنەوەی میتۆدی ترامپی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی. هەموومان دەزانین کە قاسم سولەیمانی چ پێگە و هەژموونێکی لەکۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبوو. دەستبردن بۆ سولەیمانی لای ئێرانیەکان وەک دەستبردن بۆ ناپلیۆن لای فەرەنسیەکان بوو، بەڵام ترامپ لە ساتەوەختێکدا کوشتی.
5. ڕێکەوتنەکانی ئەبراهامی نێوان چەندین وڵاتی عەرەبی و ئیسرائیل، یەکێکی دیکەیە لەو مێکانیزمانەی کە دۆنالد ترامپ پێیوایە ئاشتی سەرتاسەری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەک هەر موستەحیل نیە، بەڵکو دەکرێت بەخێراییش بەدیبێت، بەمەرجێک هەموو کەرەسەکانی بۆ سازبدرێت، بە زەبروزەنگی ڕادیکاڵیشەوە.
6. بەهەمان میتۆدەوە، ترامپ ئەیەوێت جەنگی ئۆکرانیاش کۆتاییپێبێنێت و کاتێک لە پاریس سەرۆکی ئۆکرانیای بینی، بەپێیی میدیا فەرەنسیەکان، ترامپ هەمان بەڵێنی دووپاتکردوەتەوە کە بەخێرایی دوا خاڵ دەخاتە سەر دوا دێڕی جەنگی نێوان مۆسکۆ و کیەف.
7. سەبارەت بە سوریا، سەرەڕایی لێدوانە نەرێنیەکانی، بەڵام زۆر ئەستەمە کە واشنتۆنی ترامپ بەئاسانی مەیدانەکە چۆڵبکات و لێیی بێتە دەرەوە، بەتایبەتی کە دوو پرسی سەرەکی لەو وڵاتەدا هەیە : یەکەمیان سنوری سوریا لەگەڵ ئیسرائیلدا و دوهەمیشیان پرسی گەڕانەوەی تیرۆریزمی داعش.
8. ئەمەریکا ئەبێ دڵنیابێت لەوەی کە ئەو دەسەڵاتەی لە دیمەشق دروستدەبێت، نە دەبێت بە هەڕەشەی وجودی بۆ سەر ئیسرائیل و نە دەبێت بە سەرزەمینی سەرهەڵدانەوەی تیرۆریزمی داعش. لێرەوە، بژاردەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریادا، وایلێدەکات لەلایەکەوە کارتی فشاری لەسەر مەیداندا لەبەرامبەر دیمەشقدا لاوازببێت و لەلایەکی دیکەشەوە، دەرگا لەسەر ئەو هەزاران داعشەی کە لە زیندانەکانی ڕۆژئاڤای کوردستاندان بکرێتەوە و بە جیهاندا بڵاوببنەوە و ئەمەش دەبێت بە مەترسیەکای گەورە بۆ سەر کۆی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی.
9. بەدوێکی دیکەشدا، شکستی ئێران لە فەلەستین و سوریا و لوبناندا، ڕژێمی خستوەتە بەردەم گرەوێکی زۆر گەورەوە کە بریتیە لەمەی خوارەوە : بۆ خۆپاراستن لەبەرامبەر دوژمنەکاندا، پێوسیتە بەخێرایی چەکی ئەتۆمی بەدەستبێنین. ئەمەش بۆ دۆناڵد ترامپ هێڵی سورە !
10. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وشیارە بەم هێڵە سورەی دۆناڵد ترامپ، بۆیە هیچ دورنیە لە ٢٠ ی ژەنیوەریەوە، ڕۆژی گەڕانەوەی ترامپ بۆ کۆشکی سپی، خۆی ئامادەبکات بۆ لێدان لە ژێرخانی ئەتۆمی ئێران، لێدانێک کە سەد لە سەد پشتیوانیی واشنتۆنی لەگەڵدا بێت.
11. ڕاستە تا ئێستا ستراتیژیەتی ئەمەریکا بریتیبووە لە ئیدارەکردنی ژێرخانی ئەتۆمی ئێران، بەڵام ئەوەش ڕاستە کە هەرگیز کۆماری ئیسلامی ئێران هێندە لاوازنەبوە، چ لە ناوەوە و چ لە دەرەوە، بۆیە بەپێی تایبەتمەندێکی ڕۆژنامەی لۆ فیگارۆی فەرەنسی کە لە دۆنالد ترامپەوە نزیکە، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا گەشتوەتە ئەو باوەرەی ساتەوەختی لەناوبردنی چەکی ئەتۆی ئێرانی نیزکبوەتوە.
12. ڕەنگە باشترین بەڵگەش دوا لێدوانی دۆنالد ترامپ بێت لەسەر ئێران کە دەڵێت : هەموو شتێک دەکرێت ڕوبدات و نابێت هیچ بژاردەیەک دوربخەینەوە، چونکە دۆخەکە لە ئێراندا زۆر ترسناکە.
13. ماناکانی ئەم لێدوانەی ترامپ زۆرتر ڕوندەبنەوە کاتێک کە وێنەکە بەگەورەتر دەبینین : ڕوسیا و چین و ئێران و کۆریای باکور زیاتر لە یەکتری نزیکدەبنەوە و ئامانجی سەرەکیان کاڵکردنەوەی هەژموونی ئەمەریکایە بەسەر دنیاوە.
14. لەوەش زیاتر، کۆریای باکور ترسی شکاوە و هێزی تایبەتی خۆی ناردوە بۆ پشتیوانیکردنی ڕوسیا لەبەرامبەر ئۆکرانیادا، واتە ڕاستەوخۆ بوە بە بەشێک لە جەنگ لەسەر خاکی ئەوروپادا، لەکاتێکدا ئەمە لەڕابوردودا موستەحیلبوو.
15. ڕوسیا و ئێران پێکەوە هاوکاری حوسیەکانی یەمەن دەکەن بۆئەوەی لە دەریای سوردا پەلاماری بازرگانی جیهانی بدات و بەمەش گورزی سەخت لە باکوری گلۆبال بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا بدات.
16. ڕوسیا پەنای بۆ درۆنی ئێرانی بردوە بۆئەوەی جەنگی ئۆکرانیای پێبکات و ئێرانیش تواناکانی ڕوسیا بەکاردەهێنێت بۆئەوەی کارگەکانی بەرهەمهێنانی موشەکی بالیستیکی زیرەکی پێدەوڵەمەدتربکات.
17. ئەوروپا و ئەمەریکا چەندین سزای ئابوریان بەسەر ڕوسیای ڤلادیمیر پۆتیندا سەپاندوە، بەڵام هاوکاریە ئابوری و بازرگانیەکانی پیکین بۆ مۆسکۆ، وایانکردوە کە کاراییەکانی ئەم سزایانە وەک پێوست نەبن و نەتوانن ئاڕاستەکان بگۆڕن.
18. لەوەش زیاتر، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، هێزی سەربازی چین لە تایوان نزیکدەبێتەوە و مانۆڕەکانی زیاتر دەکات و هەستێکی دروستکردوە کە زیاتر لە خنکاندن و پاشان داگیرکردنی تایوان دەچێت، بەبێ سڵکردنەوە لە چاوسورکردنەوەکانی ئەمەریکا.
19. هەر لە دۆخێکی یەکجار مەترسیداری وادایە کە لەسەر داوای خودی دۆنالد ترامپ، سەرۆککۆماری چین دەعوەتدەکرێت بۆ ئاهەنگی گەڕانەوە بۆ کۆشکی سپی لە ٢٠ی جەنیوەریدا، بەڵام شی ژنپنگ دەعوەتنامەکە ڕەتدەکاتەوە !
20. دیسان هەر لە دۆخێکی ئاوادایە کە هاوپەیمانە ستراتیژی و مێژووییەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، وڵاتانی کەنداو، تورکیا، میسر، هتد، لە قەیرانێکی بێمتمانەیی گەورەدان لەبەرامبەر ئەمەریکادا. ئەم قەیرانە وایکردوە کە لە چەند ساڵی ڕابوردودا، ڕوبەری هاوپەیمانیەکانیان فراوان بکەن، بەبێ ئەوەی پشتبکەنە ئەمەریکا.
21. کورد، وەک گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە هەمان دۆخی بێمتمانەیی لەگەڵ ئەمەریکادا و ئێرانیش، پاش شکستە یەک لەدوای یەکەکانی لە فەلەستین و سوریا و لوبناندا، ئامادەیی دربڕیوە کە، بێگومان لە پێناوی بەرژوەندیە باڵاکانی خۆیدا، هاوپەیمانیەکی نوێ لەگەڵ کورد لە عێراق و سوریادا ببەستێت، لەکاتێکدا هەم لە سوریا و هەم لە عێراقیشدا کورد تا ئێستا هاوپەیمانی ئەمەریکایە !
22. لە هەلومەرجێکی یەکجار ئاڵۆزی وادا، چ لەسەر ئاستی جیهان و چ لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زۆر ئەستەمە کە ئەمەریکای دۆنالد ترامپ بتوانێت بەهەموو هێز و توانا و سەرچاوە سەربازی و ئابوری و دیپلۆماسیەکانیەوە نەیتە پێشەوە و واژوی خۆی لەسەر نووسینەوەی لاپەڕەکان دانەنێت.