سێ کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بۆ سووریا و فەڵەستین و کوردستان لە پاریس !

سێ کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بۆ سووریا و فەڵەستین و کوردستان لە پاریس !
سێ کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بۆ سووریا و فەڵەستین و کوردستان لە پاریس !

1- سیانزەی مانگی دوو، فەرەنسا کۆنفرانسێکی گەورە لەسەر سووریا لە پاریس سازدەدات. نوێنەری زۆربەی دەوڵەتانی ناوچەکە و جیهان لەم کۆنفرانسەدا ئامادەدەبن. بەشێک لە تایبەتمەندانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بەشداری دەکەن. منیش گەر ئەکسیدانێتک لە ئەجەندەکەمدا دروست نەبێت بەشداری تیادادەکەم. 

لەم کۆنفرانسەدا، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەیەوێت کۆمەڵێک مەرج بۆ ئەحمەد شەرع دابنێت بۆئەوەی وردە وردە سزاکانی سەر سووریا لاببات. لەوانە، مافی ژن و مافی کەمینەکان و مافی کورد.

2- مانگی شەشی ئەم ساڵ و هەر لە پاریس، سەرۆک ماکرۆن و شازادەی جێنشینی عەرەبی سعوودیە، محەممەد بن سەلمان، سەرۆکایەتیی کۆنفرانسێک لەسەر فەڵەستین دەکەن. 

پرسی یەکەمی ئەم کۆنفرانسە بریتیە لە دەوڵەتی فەڵەستینی، دەوڵەتێک بۆ فەڵەستینیەکان، لەکاتێکدا ئیدارەی نوێی ئەمەریکا و ئیسرائیل بە ڕەهایی پرۆژەیەکی لەم شێوەیە ڕەتدەکەنەوە. 

وروژاندنی ئەم پرسە لەم ساتەوەختە ناسکەدا، لەلایەن زلهێزێکی وەک فەرەنساوە، کۆمەڵێک مانای گرنگی هەیە و کاتی ئەوەهاتوە، کە ڕۆژهەڵاتییە ناوەڕاستەکان بەوردی لێیی تێبگەن !.

3- سەبارەت بە کورد، زۆر بەدەگمەن زلهێزێکی گەورەی سیستمی جیهانی هەبووە کە وەک فەرەنسای ئەم چەند هەفتەیەی ڕابردوو، لەسەر زاری خودی سەرۆک کۆمارەوە، باسی لە پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کردبێت، هەر لە هەرێمی کوردستانەوە تا ڕۆژئاڤای کوردستان. 

ئەو لەبەر چاوی هەموو کامێراکانی دنیادا وتی : ئێمە هاوپەیمانە کوردەکانمان بە تەنیا بەجێناهێڵن. 

دونێش بەپێی ڕاگەیاندنی کۆشکی ئێلیزێ، سەرۆک ماکرۆن پەیوەندی بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە کردوە و هەمان پرەنسپی دووبارەکردوەتەوە. پرسیاری من ئەوەیە : ئایا پاش سووریا و فەڵەستین، کاتی ئەوەنەهاتووە کۆنفرانسێکی فەرمیش لەسەر پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە پاریس سازبدرێت ؟ .

4- بە بۆچوونی من ئەمە موستەحیل نییە، بەڵام بۆ ئەوەی هەلومەرجی بابەتی بۆ سازبدرێت، پێویستە دیپلۆماسیەتی کوردی کەمێک ئاستی چاوەڕوانییەکانی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرزبکاتەوە و زۆریش ئاڕاستەی ستراتیژییەتی کارکردنی بگۆڕێت. 

بەزماێکی سادەتر، کۆنفرانسەکەی سووریا و کۆنفرانسەکەی فەڵەستین، بەشێوەیەکی خۆڕسک و سروشتی سازنادرێن، بەڵکو لە پشتی کەوالیسەکانەوە، زۆر بەوردی کاریان لەسەر کراوە. 

پرسیاری من ئەوەیە : ئایا کاتی ئەوەنەهاتووە کە جەستەی دیپلۆماسیەتی کوردی، بە میتۆدێکی نوێوە، بە تێگەیشتنێکی نوێوە، بە جیهانبینیەکی نوێوە، بەڵام بە عەقڵێکی ساردەوە، کار لەسەر ئامادەکردنی هەلومەرجی بابەتی کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لەم شێوەیە لە پاریس بکات ؟.