
د. عادل باخەوان
نووسەر
تورکیا لە هۆڵی تاقیکردنەوەدا؛ بژاردە سەختەکانی کورد!

لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، دۆستانی من چەندین پرسیاریان لەسەر دۆخی تورکیا لێ کردووم، بەتایبەتی هەڵوێستی کورد چی دەبێت؟ ستراتیژیەتی ئەردۆگان چیە؟ ئەورووپا و ئەمەریکا چۆن لەگەڵ دۆخەکەدا مامەڵەدەکەن؟ گریمانەکان چین؟ بۆ وەڵامدانەوەی خێرای ئەم پرسیارانە، گرنگە ئێمە لهم دە خاڵەی خوارەوە تێ بگەین :
1.گرنگە ئێمە لە سروشتی ئەو ڕژێمە تێ بگەین کە ئێستا لە ئارادایە. گەر پێمان وابێت لە تورکیادا دیموکراسیەکی لیبراڵ لە ئارادایە، هەر لە سەرەتاوە بەهەڵەدا چووین. هەروەک گەر پێمان وابێت لە تورکیادا تۆتالیتاریزم یان دیکتاتۆریەت سەرچاوەی ڕژێمە، بەدڵنیاییەوە دیسان بەهەڵەدا چووین. تورکیا لە وەرزی نوێی ئەردۆگاندا بەپێی بنەمای ئۆتۆریتاریزمی کێبڕکێکار بەڕێوە دەچێت.
2.ئۆتۆریتاریزمی کێبڕکێکار بریتییە لە ڕژێمێک کە ڕێگا بە حیزبی سیاسی و هەڵبژاردن و ململانێی مەدەنی دەدات، بەڵام لە پشتی پەردەکانەوە زۆربەی سەرەداوەکان تەنها لەدەستی دەسەڵاتدایە. لەم ڕژێمەدا تۆ دەزگای دادوەریت هەیە، یاسای حیزب و کێڵگەی سیاسیی هەیە، دەزگای میدیای زەبەلاحت هەیە، بەڵام هەموو ئەمانە، بەجۆرێک لە جۆرەکان کۆنترۆڵکراون، یاخود ئاراستە کراون، ڕێک وەک ڕووسیای پوتین و ڤێنزویلای مادۆرۆ.
3.لەسەر ئاستی فاکت، تورکیای سیاسی بەسەر سێ ڕووبەری یەکلاکەرەوەدا دابەش بووە: ڕووبەری ڕاست، ڕووبەری چەپ و ڕووبەری ناوەڕاست. ڕووبەری ناوەڕاست، کە بریتیە لە ئیسلامۆ-ناسیۆنالیزم لەلایەن داد و گەشەپێدانەوە گوزارشتی لێ دەکرێت. مەهەپە هەژموونی بەسەر ڕووبەری ڕاست و ڕاستی ڕاستدا کردووە. ڕووبەری چەپیش بەسەر دوو گەورە حیزبدا دابەش بووە، یەکەمیان بریتییە لە جەهەپە کە تورکە و دوهەمیشیان بریتیە لە دەم پارتی کە کوردە. ڕاستە چەندین گرووپی دیکە هەن، بەڵام بۆ تێگەیشتنی خێرا، ئەمانە ئەکتەرە سەرەکییەکانن.
4.ڕووبەری ڕاست و ڕاستی ڕاست بۆ ئەردۆگان یەکلایی بووەتەوە و دهوڵهت باخچەلی هاوپەیمانی ستراتیژیی داد و گەشەپێدانە لەسەر هەموو ئاستەکان.
5.ساڵی ڕابردوو، گەر دەنگی کورد و پشتیوانی کورد نەبووایە، هەرگیز ئەکرەم ئیمامئۆغڵو نەیدەتوانی پۆستی سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ لە کاندیداکەی ئەردۆگان بباتەوە. کورد لە تورکیادا بە قورسی باجی ئەم پشتیوانییەی دا و جەهەپەش نەیتوانی ئەم قەرزەی کورد بداتەوە.
6.لە ئێستادا پرۆسێسی ئاشتی زۆر بەچڕی لەنێوان ئۆجەلان و ئەردۆگاندا دەستی پێکردووە و وا چاوەڕێ دەکرێت کە لە داهاتوودا پێشکەوتنی زیاتر بە خۆیەوە ببینێت. لە دۆخێکی وادا کورد لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدایە و بژاردەکانی سەختن. گەر پشتیوانی لە مەهەپە بکات، گریمانەی کۆتایهاتن بە پرۆسەی ئاشتی بەهێزەوە لە ئارادایە، بەڵام گەر پشتیوانیش لە ئیمامئۆغڵو نەکات، پرسی دیموکراسی کە بووە بە چەقی ململانێی پەکەکە دەکەێتە ژێر مەترسی زیاترەوە. هەردوو بژاردەکە بۆ کورد پڕن لە مەترسی !
7.لە پاش ڕوداوەکانی ٧7ـی ئۆکتۆبەرەوە، دوو براوەی سەرەکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەن : ئیسرائیل و تورکیا. ئەو بۆشاییە گەورەیەی کە ئێران و میلیشیاکان و ڕژێمەکەی بەشاری ئەسەد و تا ڕادەیەکیش ڕووسیا بەجێیهێشت، لە ئێستادا تورکیا پڕی کردووەتەوە.
8.هەروەها خواستی وڵاتانی ئەورووپا بۆ دروستکردنی هێزێکی سەربازی تۆکمە و ڕێکخراو و بەهێز لە بەرامبەر ڕووسیادا و وەک وەڵامێکیش بۆ خواستی ئەمەریکای ترامپ بۆ کشانەوە لە ناتۆ و لە پاراستنی ئاسایشی ئەورووپا، وا دەکات کە ئەورووپییەکان زیاد لە سنوور پێویستیان بە تورکیای داد و گەشەپێدان ببێت و کارێک نەکەن کە ڕەجەب تەیب ئەردۆگان بێزار بکەن.
9.لەسەر ئاستی ئەمەریکاش، دواپرسێک کە دۆنالد ترامپ کێشەی بێت و بیری لێ بکاتەوە و خەمی بخوات دیموکراسی و کرانەوە و مافی مرۆڤە. بۆیە جگە لە دیکتاتۆرەکان، چیتر کەس گرەو لەسەر ئەمەریکای دۆنالد ترامپ ناکات.
10.لە دۆخێکی ئاوادا، ئیمامئۆغڵو وەک حوسەین لە بیابانی کەربەلادا بە تەنها بەجێماوە! و تەنها و تەنها دەتوانێت گرەو لەسەر بزووتنەوەی ناڕەزایی ناوخۆ بکات و بەس. بەبێ ڕادیکاڵیزەبوونی ئەم بزوتنەوەیەش، چ لەسەر ئاستی چۆنایەتی و چ لەسەر ئاستی چەندایەتی، زۆر زەحمەتە ئیمامئۆغڵو و چەهەپە بتوانن ئاراستەی ڕوداوەکان بگۆڕن.