کشتوکاڵی هەولێر: ئەمساڵ 750 هەزار تۆن بەرهەمی ناوخۆییمان هەناردەی پارێزگاکانی عێراق کردووە
هۆبەی چاودێریی کشتوکاڵی هەولێر لە چەند ساڵی ڕابردوودا، لە ڕێگەی پێدانی پشتگیریی بە جووتیارانی ناوخۆ، زۆرترین بەرهەمی ناوخۆییان ڕەوانەی شارەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق کردووە.
سێشەممە، 31ـی کانوونی یەکەمی 2024، هۆشیار جەلیل، بەرپرسی هۆبەی چاودێریی کشتوکاڵی هەولێر، بە ماڵپەڕی کوردستان 24ـی گوت: "لە دوو ساڵی ڕابردوودا 84 هەزار پشتگیریمان بە جووتیاران داوە و ئەمساڵیش 750 هەزار تۆن بەرهەمی ناوخۆیی ڕەوانەی پارێزگاکانی عێراق کراوە."
هۆشیار جەلیل، باسی لەوەش کرد "پێدانی پشتگیریی و کارئاسانی بۆ جووتیاران کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر بەرهەمهێنانی ناوخۆیی هەبووە، تەنانەت لە ڕۆژانی پشووشدا بەردەوامیی هەیە."
عەلوەی هەولێر 24 کاتژمێر کراوەیە و ئەو بەرهەمانەی ڕەوانە دەکرێن بریتین لە: تەماتە، پەتاتە ،پیاز، خەیار، باینجان، کوودی ،بیبەر، شووتی ،کاڵەك ،چەوەندەر، قەرنابیت، شێلم، کەلەم، کاهوو و ئێستەش، هەنار ڕەوانە دەکرێت.
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، لە سەرەتای دەست بەکاربوونییەوە ڕایگەیاند، کابینەکەی هەوڵی فرەچەشن کردنی سەرچاوەکانی دارایی دەکات، بە تایبەت لە پەرەپێدانی کەرتی کشتووکاڵی و دۆزینەوەی بازاڕ دەرەکی بۆ ساخکردنەوە و بازاڕکردنی بەروبوومە کشتووکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان، لەم چوارچێوەیەشدا چەندان بەرهەمی دیکەی کشتووکاڵی هەناردەی دەرەوە کراوە، لەوانە هەنار، هەنگوین، پەتاتە و سێو بۆ فراوانتر کردنی ئاستی هەناردەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان.