لە  چەقی گۆڕانکارییەکاندا کورد وەستاوە

لە  چەقی گۆڕانکارییەکاندا کورد وەستاوە
لە  چەقی گۆڕانکارییەکاندا کورد وەستاوە

ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە چوار دەوڵەت کە هەریەکیان بەشێکی کوردستانی لە بن دەستدایە، چوار حکوومەتی ئیسلامی لە هەردووک مەزهەبی سوننە و شیعە فەرمانڕەوان، لە ئێران کۆماری ئیسلامی کە سەرۆکایەتیی بەرەنگاربوونەوەی ڕۆژاوا بە گشتیی و ئەمەریکا بە تایبەتی دەکات و لە ناوبردنی ئیسرائیل بووەتە ئامانجی سەرەکیی و لە توندترین دەوڵەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە لە جەنگێکی دەستەوخەدایە بەم دواییە پاشەکشەیەکی زۆری پێکراوە و شکستێکی گەورەی تووش بووە.

دووەمیان، حکوومەتی ئیسلامیی تورکیایە کە لەگەڵ ئەوەی دەوڵەتێکی سیکولارە بەڵام ئەو حکوومەتەکەی ئیخوانی عوسمانییە بە هەبوونی ستراتیجیی تایبەتی خۆی بەرامبەر بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و میراتی ئیمپراتۆری عوسمانی. دەوڵەتی عێراق دوای گۆڕانکاریی لە ساڵی 2003 کەوتە دەستی زۆرینەی شیعە وە حکوومەتەکەی هەمیشە بە ئیسلامی و هاوپەیمانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕەفتار دەکات، سەرباری ئەوەی کە هەرێمی کوردستان و سوننەی عێراق تایبەتمەندی خۆیان هەیە و ئەو دەسەڵاتانەی لە دەستوری عێراق پێیان دراوە لە هەمەگیر بوون و گشتگیر بوونی ئیسلامیەتیی حکوومەتی عێراقی کەم دەکاتەوە.

لە سووریاش بەرەی ڕزگاری شام، یان جبهە التحریر الشام لە بارودۆخێکی تایبەتیدا بە هاوکاری لەگەڵ تورکیا بە بێدەنگی ڕووسیا و ڕێپێدانی ئەمەریکا و بە چاونوقاندنی ئیسرائیل توانی لە ئیدلیبەوە زۆر بە ئارامی بخشێ وە لە ماوەی 10 ڕۆژدا شام بە گشتیی دەست بەسەردا بگرێ بە مانای سەروەری سیاسی وە ڕژێمی بەعس بڕۆخێنێ.

ڕابردووی جبهە التحریر الشام وە ڕابردووی شەخسی ئەبو محمدی جۆلانی بۆ خۆی جێی باسە، سەرباری ئەو گۆڕانانەی بە سەریدا هات لە هەموو حاڵەتێکدا لەم مانگەی دواییدا کە لەسەر کارە (لە دیمەشق) نیشانی داوە کە خەونی فەرمانڕەوایی ئەو ئیسلامی سوننەیە. خۆی و نزیکەکانیشی دەڵێن بە تام و بۆی مێژوویی ئەمەوییە کە زۆر لە ئامانجەکانی حکوومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتیی ئۆردوغان نزیکە و بەو پەیوەندییەی کە لە ساڵی 2011 بەو لاوە ئەم بزووتنەوەیە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا هەیبووە وە لەسەر سنووردایە، لەوانەیە تورکیا دەوری هەبووبێ لەو گۆڕانکارییەی کە بەسەر باوەڕی جەبهەی تەحریری شام و سەرۆکەکەی داهاتووە، بۆیە بەشێک لە چاودێران و شارەزایانی نزیک لە بارودۆخی سوریا و مێژووی گۆڕانکارییەکانی جۆلانی و جەبهەکەی دەڵێن تورکیا تەمای هەیە کەوا تام و بۆی عوسمانی بە سەر ڕوانگەکانی جۆلانیدا زاڵ بکات و دەرگایەکی فراوان لە ڕووی تورکیادا بکاتەوە.

هاوکات، تورکیا ئەو کێشە و زۆرانبازیانەی کە لەگەڵ ئەورووپا و ئەمەریکا  هەروەها جۆرێک لە دوژمنایەتی شاراوەی کە لەگەڵ ئیسرائیل هەیەتی دەهێنێتە سەر سنووری ئیسرائیل وە ئەگەر بۆی بڕوا دەست بۆ ناو لوبنان و فەلەستینیش درێژ بکات، پرسیار ئەوەیە ئایا لەم بارودۆخەدا کە بە مانای خۆی جەنگێکی فراوان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وە لە ئەورووپا لە کاردایە، ئەمەریکا و ئیسرائیل و ئەورووپا لێ دەگەڕێن لە سووریا حکوومەتێکی ئیسلامی جێگیر ببێ؟ ئایا بێدەنگ دەبن کە چوار حکوومەتی ئیسلامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان لەبەر دەستدا بێت؟ بە گوێرەی مەنتیقی گۆڕانکارییەکان زۆر زەحمەتە ڕێگە بە بەردەوامی ئەو  ڕەوتە بدەن چونکە هەر لە خۆیدا یەک حکوومەت لەو چوار حکوومەتە زیاتر لە 40 ساڵە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کێشە بۆ ئەمەریکا و بۆ ئیسرائیل دروست دەکات چ جای ئەوەی کە ببن بە چوار.

لە لایەکی دیکەوە ئەو خۆ ئامادەکردنەی کە ئیسرائیل بۆ ناو سووریا کردویەتی و ئەو ڕوونکردنەوانەی کە لەسەر زاری سەرکردەکانی حکوومەتی ئیسرائیل دەبیسرێ بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن حکوومەتێکی توندرۆ لە سوریا لەسەر کار بمێنێ وە سوریا ببێتە غەزەیەکی گەورەتر لە تەنیشت ئیسرائیل کە لە داهاتوودا کێشەی زۆری بۆ دەنێتەوە، هەروەها دوور نییە بشبێتە ترمینالێکی گەورە بۆ هاتنی توندڕۆکان لە سەراسەری دونیاوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل و دەسترێژکردن بۆ ناو لوبنان.
 

ئەورووپاییەکانیش لە مانگی ڕابردوودا زۆر بە دیقەت چاودێریی حکوومەتی سووریا دەکەن وە فشاری بۆ دەهێنن کە دەبێ بە خێرایی بەشداری پێکردنی هەموو پێکهاتەکانی سووریا  بە گوێرەی دەستورێکی تەوافقی دیموکرات کە مافی هەموو سووریاییەکان بە پێکهاتەکانەوە دابین بکات وە دەوڵەتێک بنیات بنرێ کە عەلمانی بێت.

لە لایەکی دیکەوە سعوودیە و میسر ڕابەرایەتیی دونیای عەرەب دەکەن ئەوانیش زۆر بە پەلە بە هانای ئەحمەد شەرع یان هەمان جۆلانیەوە دێن بۆ ئەوەی لە دەست تورکیا  دەریبێنن، چونکە ئەو کێشە بەردەوامەی کە لە نێوان سعوودیە و وڵاتانی کەنداو و مسرد لەگەڵ تورکیا هەیانە کێشەیەکە بەرژەوەندی یەکتر دەخەنە مەترسی و ڕوانگایان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر لە یەکتدی دوورە. ئەوەی کە ساغ بووەتەوە سعوودیە و میسر و وڵاتانی کەنداو ڕوانگای حکومەتی دینیان لای خۆیان کۆتایی پێ هێناوە و ڕوویان لە جێگرەوەیەکی بەرەو سیکولاردایە کە گەشانەوە و پێشکەوتنی ئابووری لە ناوچەکە دابین بکات و ئاساییش دەستەبەر بکا و هیچ هەڕەشەیەکیش لە بەرژەوەندییە سراتیژییەکانی سعوودیە و میسر نەکات، بۆیە بە خێرایی دەستی یارمەتییان بۆ دەوڵەتی سووریا درێژ کردوە و هەوڵ دەدەن کە جێی پێ بۆ تورکیا نەهێڵن یان بە ئەندازەیەک بەری پێ تەنگ بکەن نەتوانێ پلانەکەی کە هێنانەدی ئامانجی ستراتیجین بۆ دەست بە سەرداگرتنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گوشارهێنان بۆ وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل پێی بگات. ئێستا لە پاڵ ئێراندا زۆرانبازی نێوان دونیای عەرەب و تورکیا بە ئاشکرا لە جاران تۆختر بوە و بە ڕژدی کاری بۆ دەکەن.

سعوودیە و وڵاتانی کەنداو باس لە کردنەوەی ڕێگایەکی گەورەی بازرگانی دەکەن کە بە سووریادا بێتە سەر دەریای سپی ناوەڕاست و لەوێوە بەرەو ئەورووپا و دەوری دونیا بڕوات کە یارمەتیەکی زۆری بوژانەوەی ئابووری سعوودیە و مسر و وڵاتانی دیکەی کەنداو و وڵاتانی دەوروبەریشیان دەدات. لە بەرامبەریاندا تورکیا باس لە نوێکردنەوەی هێڵی شەمەندەنەفەری ئەستانبۆڵ -دیمەشق- حیجاز- فەڵەستین دەکات، ئەو هێڵەی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم بنیادینا وە بە ڕێگایەکی هاموشۆی سەربازی و بازرگانی گرنگ پێش لێکهەڵوەشانی ئیمپراتۆری عوسمانی حیساب دەکرا.

لە لایکی دیکەوە ئەگەر تورکیا بتوانێ دەست بەسەر سووریادا بگرێ و ببێتە میراتگری ئێران لە لەو وڵاتەدا، دەستی لە ڕووی ئابووری و سەربازییەوە هەروەها بەو پەیوەندییانەی کە لەگەڵ گرووپە توندڕۆکاندا هەیەتی دەستی درێژتر دەبێ وە بازووی سەربازی و ستراتیژیەتی تورکیا لە ناوچەکە بە هێزتر دەکات. 

لە بەرامبەر تورکیادا ئەو دەوڵەتانەی دژی وەستاون زۆر بەهێزن لە سەروی هەموویانەوە ئەمەریکا و ئیسرائیلە، دوایی دێتە سەر عەرەب بەو شێوەی کەوا باسم کرد، لەو لاشەوە ئێران سەرباری ئەو شکستەی تووشی بووە بە داخ و قینێکی زۆرەوە سەیری تورکیا دەکات، چونکە هەر وەک لەسەر زاری ئایەتوڵا خامەنەیی دەربڕدرا تورکیا نەخشەڕێژی ئەو سەناریۆیە بوو کە ئەسەدی ڕوخاند و جەبهەی تەحریری شامی هێنایە سەرکار بۆیە ئێران پێیوایە لەم شەڕە دوور و درێژەی کە لە ناو سووریا و لوبنان و غەزەدا هەیبوو تورکیا توانی بارودۆخەکە بە جۆرێک بقۆزێتەوە کە فێڵ لە ئێران بکات و بە پێی ئامانجەکانی خۆی گۆڕانکاری لە سووریا دروست بکات.

هەڵبەتە لە لایەکی دیکەوە ئیسرائیل دەڵێ ئەوەی کەوا زەمینەی ڕووخاندنی حکوومەتی پێشووی سووریای خوڵقاند دەوڵەتی ئیسرائیل بوو بە لێدانە بەردەوامەکانی دامودەزگە سوپاییەکانی سووریای لە کارخست و هیچ توانایەکی بۆ نەهێشتنەوە ئەسەد لە ئەنجامی ئەو بۆردومانە بەردەوامەدا ڕووخا و جەبهەی تەحریری شام بە بەرچاوی ئیسرائیل و بە ڕێگەپێدان و چاو لێ نوقاندنی ئەوان گەیشتە دیمەشق. ئەمانە هەمووی ڕوانگە و خۆ ئارایشکردن و ڕازاندنەوەی دەوری خۆیانن لەو گۆڕانکاریانەی کە لە سووریا ڕووی داوە.

 لە لایەکی دیکەوە ئێران لە بارودۆخێکی سەختدا دەژی؛ لە غەزە و لوبنان و سووریا تێکشکێندرا وە جوگرافیای بەربڵاوی بەرەنگاربوونەوەی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمەریکا زۆر تەنگ بۆتەوە و هاتۆتەوە ناو خۆی لەگەڵ ئەو پانتایە بچووکەی کە حووسییەکانی یەمەن لە دوورەوە هەیانە و بە هاوکاریی ئێران لە دژایەتی ئیسرائیل بەردەوامن، وەک دیارە حووسییەکان لەژێر بۆردومانی بەردەوام دان و لەوانەیە لە ماوەیەکی نزیکدا وەک باس دەکرێ کۆتایی بە دەوریان بهێندرێت، دەبێ چاوەڕێی ئەو سناریۆیە بین کە چۆن کۆتاییان پێدێت.

بۆیە ئێران بۆ خۆی لە تەنگوچەڵەمەیەکی قوڵی ناوخۆییدا دەژی و ئەو ڕاپۆرتانی کە لەو وڵاتەوەوە درزەکەنە میدیاکان لە کۆبوونەوەکانی ناوخۆی سوپای پاسداران و سیاسییەکانی ئێراندا ئەو باس و مەناقەشە توندەی لە ناو سیاسی و ئەکادیمی و چالاکەکانی ئێراندا هەیە ئەم ڕۆژانە دەبینرێ، نیشان ئەدا کە ئێران لە لەرز و تای دوای شکانی سوپایی و سیاسیدا دەژێت. ئەو هەموو بەڵێنەی بە میللەتی ئێرانیدا بوو لەبارەی ئەو سەرکەوتنەی بۆ ئێران بە دەستی دەهێنێ و ئەو سەرمایەی زۆرەی ساڵانێکە لە قوڕگی هاوڵاتییانی خۆی دەری دەهێنا لەو شەڕەدا سەرفی کردبوو، لەگەڵ ئەو ژمارە زۆرەی لە دانیشتووانی ئێران لە شەڕەکاندا بە کوشتی داون ئێستا هیچ وەڵامێکی دیاریکراوی پێ نییە و پتر بیر لەوە دەکەنەوە کە لە ناوخۆیاندا بە جۆرێک جارێکی دیکە خۆڕێکبخەنەوە کە نەهێڵن لە ناوخۆدا لێکترازانێکی ئەوتۆ دروست ببێ کە وەک ئەسەد لە سووریا کۆتایی بە حکوومەتی ئیسلامی بێت یان بابڵێین باردۆخەکەیان دەست بباتە دەرێ وە دەرگا بکاتەوە بۆ سیناریۆی دیکە کە لەوانەیە ئامانجیان کۆتاییپهێنانی حکوومەت بێ.

بەشی یەکەم