سەرۆ قادر
نووسەر
تورکیا و ئیسرائیل و کورد لە داهاتووی سووریا
دەوڵەتی ئیسرائیل بۆردومانی ناو دیمەشقی کرد، بە تایبەتی لە دەورووبەری کۆشکی سەرۆکایەتی وەشاند کە ئەحمەد شەرع خۆی و خانەوادەکەی لەوێ دەژێت. لە هەمان کاتیشدا لە ڕێی وەزیری بەرگریەوە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە کە ئەوە هوشدارە بۆ دەوڵەتی سووریا تاکو بە هیچ شێوەیەک سوپای خۆی بەرەو باشووری دیمەشق واتە باشووری سووریا بە گشتی نەجوڵێنێ چونکە ئەو ناوچەیە بە هەرێمی ژێر دەسەڵاتی خۆی دەزانێ و پاساویشی بۆ ئەوە پاراستنی پێکهاتەی دروزە. دروزییەکان لە ناوخۆیاندا بە شێوەیەکی یەکگرتوو دەڵێن وجودیان لەژێر هەڕەشە دایە.
هەروەها لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا جیهادییەکانی ناو دامودەزگای ئاسایشی دەوڵەتی سووریا و لایەنگرانیان بە جلوبەرگ و شێوە و زمان و هێماکانی جیهادی هەڕەشەی بنبڕکردن لە دروزەکان دەکەن وەک کافر و مولحید باسیان دەکەن.
بەم شێوەیە بارودۆخی کۆمەڵایەتی ئەوەندەی دێتە بەرچاو لە ناو سووریا بە شێوەیەکی زۆر ترسناک گۆڕاوە بەرەو ئەوەی کە پێکهاتەکان لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی بیر لە بەرانگاربوونەوەی یەکتری بکەنەوە، بە تایبەتی پێکهاتەی سوننە کە دەوڵەتی سووریای ئێستا لە ڕێگای توندڕۆترین باڵی سیاسی جیهادییەوە نوێنەرایەتی دەکات. ئەوە نیشاندەدا کە هەیئەی تەحریری شام گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەر نەهاتوە و بیروباوەڕی جیهادی لە ڕەگوڕیشەدا لە قووڵایی ئەو ڕێکخراوەدا بەردەوامە، هەروەها لەو ڕێکخراوە گشتیانەی کە گوایە پێکهاتەی دەستەی ڕزگاکردنیان (هەیئەی تەحریری شام) پێکهێناوە فکری جیهادی توندڕۆ کۆتایی نەهاتووە.
لێدوانی سەرلەبەیانی بۆردومانەکەی دیمەشق کە وەزیری دەرەوەی سووریا لە وەڵامی شێخ حیکمەت هەجری ڕابەری دینی دروزییەکانی سووریا بڵاوی کروەتەوە زمانێکی هەڕەشە و وێکچوو بوو لە ناو پۆشاکی دیپلۆماسیدا لەگەڵ ئەو لێدوانانەی کە لە سۆسیال میدیا بۆ بنەبەرکردنی دروزەکان بەکاردەهێندرێت. ئەوە ڕاستگۆیی دەوڵەتی سووریا زیاتر دەخاتە ژێر پرسیارەوە و ڕەنگدانەوەی ئەو گومانە لە کاردانەوەی ئەمەریکا و فەڕەنسا و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی چاودێر لە سووریا و دەرەوەدا ڕەنگیداوەتەوە. ئەم دیاردەیە لە ئێستادا یارمەتی دەداتە بیروباوەڕی جیهادی بۆ جارێکی دیکە لە سووریا و ناوچەکە بڕستی بێتەوەبەر و ببوژێتەوە و پەرەبستێنێ. ئەو ناوچەیەی لەبارترین مەکۆیە بۆ ڕێکخراوەکانی داعش لە دەستی هەیئەی تەحریری شام دایە کە هەمان دەوڵەتی سووریایە. لەبیریشمان ناچێ کە سنورێکی ئەوتۆ لە نێوان بیروباوەڕی داعش و ئەو ڕەفتار و گوفتارەی جیهادییەکانی ناو هەیئەی تەحریری شام دەیکەن نییە.
ئەو واقیعە نوێیە وای کردوە ئەو باڵانسەی ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی لە باڵی لای لوبنان و سووریا و ئیسرائیل و ئوردن و عێراق و تورکیاوە گۆڕانی سەربازی و سیاسی تێکەوتووە لە جموجۆڵ و بەرەو پێشەوە چووندابێت بۆیە پێویستە چاوەڕان بین کەی و لە کوێ ئەم گۆڕانە دەسرەوێ و ڕادەوەستێ یان لە کوێ پارسەنگ وەردەگرێ.
لە ڕووی سەربازییەوە دەوڵەتی ئیسرائیل وەک زلهێزێک لە چەکی پێشکەوتوودا لە مەیداندا توانیویەتی حەماس لە غەززە، حزبوڵڵا لە لوبنان سەرکوت بکات هاوکار بێ لە لاوازکردنی حوسییەکانی یەمەن. هەڵبەت ئەو چیرۆکەش ناگێڕمەوە کە چۆن ئێران و ڕوسیای لە سووریا بە دەردەناوە.
ئەمانە هەموویان پەیوەندی بە وجودی بە هێزی ئیسرائیل و ئەمەریکاوە هەیە لەناو سووریا. ئیسرائیل پێی وایە وەک هێزێکی دەستڕۆیشتووی سەربازی و سیاسی بۆ دابینکردنی ئاسایشی نیشتمانی خۆی بۆی هەیە لە وڵاتانی دەوروبەریدا دەستێوەردان بکات و بۆ ئەو سیاسەتەشی مێژووی هەشتا ساڵ لەمەوبەری خۆی دەکاتە شاهید کە ئەو دەوڵەتانەی ناوم هێنان کەنگین بۆیان گونجابێ دەستێوەردانی نەرێنی و دوژمنکارانەیان لە ئیسرائیلدا کردووە.
پێگەکانی سۆسیال میدیای دەوڵەتی سووریا و قسەکەرەکانی لە ڕاگەیاندنی عەرەبیدا جۆری زمانیان بەرامبەر بە ئیسرائیل توندڕەوانەی تەقلیدی عەرەبی ئیسلامی لێهاتوە لەناوهێنانە ودووپات کردنەوەی چەمکی نەهێشتنی ئەو دەوڵەتە و بە نامۆ زانینی. ئەوە نیشانەدا کە گفتوگۆی نێوخۆی دەوڵەتی سووریا چۆن بەڕێوە دەچێت، ئەوەش وا دەکات ئیسرائیلییەکان موکورتر بن لە گۆڕینی ئەو دۆخەی ئێستا لە ناو دەوڵەتی سووریادا هەیە.
چاودێرانی ئیسرائیل دەڵێن ئەو هێمنی و لەسەرخۆییەی ئەحمەد شەرع و ئیدارەکەی پەیڕەوی دەکات وێدەچێ زیاتر پەیوەندی بە لاوازییانەوە هەبێ وەک فیڵیکی سیاسی وایە هەر کاتێک بەهێز بکەوێت ناوچەکە زۆر بە ترسناکی دەکەوێتە بەرەنگاربوونی سەربازی و لەوانەیە جموجوڵی هێزە کۆمەڵایەتییە توندرۆکانی ناوچەکە زیاتر بکات.
هەر ئەو بابەتە جێی باسی ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی سیاسییە لە ئەوروپا و ئەمەریکا. ئیسرائیلیەکان ڕۆژانە دووبارەی دەکەنەوە و دەڵێن ناهێڵین سەربگرێ و دەبێ ئەم حکومەتەی ئێستای سووریا لەگەڵ پێکهاتەکانی ناوخۆیی کە بریتین لە کورد و عەلەوی و دروز و عەلمانییەکانی سوننە بە تایبەتی بکەوێتە گفتوگۆ بۆ نووسینی دەستووری داهاتووی سووریا.
پێویستە دەستوورێک بێ بە چاودێری نێودەوڵەتی و بە ڕەزامەندی پێکهاتەکان بنووسرێت و مافی ئەوانە و فرەیی سیاسی و نیزامی دیموکراسی لە داهاتووی سووریادا مسۆگەر بکات.
ئێستا زیاتر لە هەمیشە دەردەکەوتوە کە هەیئەی تەحریری شام بە ڕێککەوتن دەرفەتی پێ درا بە ئاسانی دەست بەسەر سووریادا بگرێت و وێدەچێ ئیسرائیل و ئەمەریکا و تورکیا و وڵاتانی دیکەی دەرگیر لە کێشەکە بە جۆرێک ئاگایان لێ بووبێ، کە بێتەوە بیرمان ترەمپ بە ڕەجەب تەیب ئۆردوغانی گوتبوو؛ تۆ زۆر زیرەکانە دەستت بەسەر سووریا داگرت پیرۆزباییت لێ دەکەم! ئەو قسەیە بەو مانایە بوو کە ئەو ڕێگە پێدانەی بە ڕێککەوتن بە ئەحمەدی شەرع دراوە بۆ ئەوە نەبوو تورکیا وەک کۆلۆنی خۆی بەکاریبێنێ. ئەو قسەیەی تڕامپ زیاتر لە توانج دەچوو نەک پیرۆزبایی. لە لایەکی دیکەوە دەوڵەتانی عەرەبی بە گشتی دژی سیاسەتی دەستێوەردانی ئیسرائیل هیچ هەڵوێستێکی ئەوتۆیان نەنواندوە و زۆر بە بێلایەنی دەنگ و باسەکان دەگوازنەوە وە هیچ دەستێوەرانێک ناکەن.
ئەوە نیشانەدا کە دەوڵەتانی عەرەبیش لەگەڵ ئەو نەخشەیەدان کە ئاسایش و سەقامگیری بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگێڕدێتەوە و سووریا بە شێوەیەکی دیکە ڕێکبخرێتەوە. لێردا لەوانەیە ئەو پرسیارە هەمیشە لە پێشمان بێ؛ تورکیا لەو سیاسەتە توندەی لەناو سووریا گرتوویەتی و خۆی بە خاوەنی دەزانێ، بە تایبەتی لەم چەند ڕۆژی دواییدا پێش سەرۆک کۆماری ئێستای سووریا سیاسەتی سووریا لە زاری سەرۆکایەتی تورکیاوە دەردەبردرێ وە پێش هەموو کاربەدەستانی دیکەی سووریا وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی داهاتووی ئەو دەوڵەتە دەکات، ئەو سیاسەتە چەند دەتوانێ بەردەوام بێت؟ ئایا بەرەنگاربوونەوەی نێوان تورکیا وەک ئەندامی ناتۆ و وەک دووەمین هێزی سەربازی ناو ناتۆ لە بەرامبەر ئیسرائیل کە جێی پشتیوانی ناتۆ و ئەمەریکایە دەگاتە کوێ؟ گومانی تێدا نیە کە ئاستی بەرزی تکنۆلۆژیای چەکی ئیسرائیل بەراورد ناکرێت لەگەڵ هێزی سەربازی تورکیا. ئەو قسەیە بەو مانایە نیە کە لە ڕۆژگارێکی نزیک تورکیا و ئیسرائیل بەرەنگاری سەربازی ببنەوە بەڵام هەر لە ئێستا دەست و پەنجە یەکتر بادەدەن.
لە ڕووی جۆغرافییەوە تورکیا دراوسێی کورد و عەلەوییە، ئیسرائیلیش لە لایەکی دیکەوە دراوسێ دروزە و لە شۆڕبوونەوەیەکی درێژی سنووریدا دەبێتە دراوسێی کوردیش. زۆر نەخشە باس لەوە دەکەن کە بەرەنگاربوونەوە لەوانەیە لەوەبێ کە شۆڕ بێتەوە بۆ پشتیوانیکردنی کورد (ئەگەر کورد لەگەڵ حکومەتی سووریا نەگاتە پێکهاتن) هەروەها ئەگەر عەلەوییەکان بکەونە هەڕەشە لەوانەیە لەو پەیوەستییە جوغڕافیاییەوە ئیسرائیل و هێزەکانی دیکە هاوکاری خۆیان بۆ پاراستنی عەلاوییەکانیش بۆ لێوارەکانی ڕۆژئاوای سووریا درێژ بکەنەوە. هەر لە ئێستاوە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بەسەر کەنارەکانی ڕۆژاوای سووریا(عەلەویستان) دەخولێنەوە.
لە هەموو حاڵەتێکدا ڕێگە نادەن لەژێر چەتری تورکیادا عەلەوییەکان لەوە خراپتریان بەسەر بێت. بە خێرایی دەمەوێت بڵێم پێکهاتەکانی سووریا لەگەڵ زۆرینەی عەرەبی سوننە دەوری گرنگ دەگێڕن لا ڕوانگاکانی نێودەوڵەتی نوێدا بۆ ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
سووریا پێویستە جارێکی دیکە ڕێکبخرێتەوە هەرچەند سووریاییەکان دەڵێن جرەبەی عێراق دووبارە ناکەینەوە بەڵام تەجربەی عێراق بە جۆرێکی دیکە زۆر نزیکە لە واقعی سووریا و ئەگەری دووباربوونەوەی هەیە، ئەویش لە جۆری بەشداری پێکردنی هەموو پێکهاتەکان لە نووسینەوەی دەستوور و پێکهێنانی چەند هەرێمێکی فێدڕالی و سووریا ببێتە دەوڵەتێکی فیدڕاڵی بە چوار هەرێمی گەورە. ئەو مۆدیلە ئەگەر دروستببێ داهاتووی ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاست ئاسایشێکی پتەو ڕووی تێدەکات. چاودێرانی نێودەوڵەتی بۆ ئەو پرۆسەیە هەر لە ئێستاوە باس دەکەن پێویستە تەنیا سووریا و تورکیا بۆ خۆیان بڕیاری چارەنووسی سووریا نەدەن.
دروزەکانی سووریا ئێستا بەڕاستەوخۆ لەژێر پارێزگاری ئیسرائیل دان. پێکهاتەی دروز بۆ خۆی سێ ناوەندی دینی و ڕابەریان هەیە؛ لە لونان و ئیسرائیل و سووریا. ڕابەرەکانی دینییان لە سووریا و ئیسرائیل پێکەوە کۆکن بە مەبەستی پاراستنی بەردەوام و هەرێمی تایبەتی خۆیان پێکبهێنن. کورد بەو ئاشتییەی ئێستا کردویانە هەموو حزبەکان پێکەوە لەگەڵ دەوڵەتی سووریا گفتوگۆ دەکەن و وەک ناوەندێکی یەکگرتوو پەیوەندی بە پێکهاتەکانی دیکەی دروز و عەلەوی و هێزەکانی نێودەوڵەتیەوە دەکەن.
ئەم یەکدەنگییە پێگەی کوردی زۆر بەهێز کردووە لە هەمان کاتدا پشتیوانی مەعنەوی و لۆجیستیکی و قووڵایی ستراتیژی کوردی ڕۆژئاڤا هەرێمی کوردستانە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کە دەستی لەو ئاشتییە دایە کە ئێستا لەناو کوردەکانی سووریا سەری گرتووە.
سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دەورێکی سەرەکی لەوە دەسکەوتەدا دەبینن وە هەردوو حزبی پارتی و یەکێتی پشتیوانی ئەم پرۆسەیەن. بۆیە دەبێ چاوەڕوان بین هەردووک لایەنی سیاسی پەیەدە و ئەنەکەسە وەک بەرەیەکی کاریگەری ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو هێمنی و واقیعبینی لە کێشەی کورد و کێشەکانی دیکەی ناوچەکەدا هەنگاو بنێن.
لەم پرۆسەیەدا کێشەی کورد لە کوردستانی باکوور مەودایەکی زۆری بڕیوە و گفتوگۆکان لە ئیمڕالییەوە هاتونە ناو کۆشکی کۆماری و پەڕلەمانی تورکیا و دەوڵەتی قوڵی ئەو وڵاتە ئینجا بۆ قەندیل و هەولێر و قامشلی گواستراوەتەوە.
کەواتە کێشەی کورد لە باکووردا ڕەهەندێکی کوردستانی وەرگرتووە لە هەمان کاتدا هەوڵ هەیە کە ڕەهەندێکی نێودەوڵەتیشی هەبێت بۆ ئەوەی بە چاودێری نێودەوڵەتی ئەو پرۆسەیە بەرەو ئاشتییەکی ڕەوادارانە سەربگرێ. لە تورکیا ئەو پڕۆسەیە بە دەستپێشخەری سەرۆک کۆمار دەستیپێکردووە، چی بەسەردێ ئاستەنگی دێتە پێش چۆن مۆدیلی چارەسەری خۆی دەدۆزێتەوە؟ ئەمە دوور نابێ لەو سیاسەتەی تورکیا لەناو سووریا دەیکات بۆ داهاتووی سووریا، بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا گەشبینی هەیە کەوا تورکیا واقیعبینانەتر تەماشای کێشەی کورد و کێشەکانی ناوچەکە بکات.
یەکێک لە دەراویشتەکان لەم پرۆسەیەدا وا پێشبینی دەکرێت هەرواش دروستە کە دۆستایەتی نێوان پەکەکە و پارتی دیموکراتی کوردستان دەستپێبکاتەوە، بە شێوەیەکی ئەوتۆ کە ڕاستەوخۆ پێکەوە هاوکاری بکەن تا ئاسایشێکی متمانەپێکراو بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە لە هەمان کاتدا پێگەی پەکەکە لە گفتوگۆ لەگەڵ تورکیا بەهێزتر دەبێ. هەر وەک کاتێک کە پەیەدە پەیوەندی خۆی لەگەڵ پارتی دیموکاتی کوردستان و سەرۆک مەسعود بارزانی ئاسایی کردەوە وە ڕێگەیان دا کەوا سەرۆک بارزانی و پارتی بچنە ناو پرۆسەکە ڕۆژئاڤا قازانجی کرد. بە هەمان شێوە بە جۆرێکی دیکەی تایبەتی بۆ کوردستانی باکوور پێویستە ئەم پرۆسەیە دەستپێبکات. کەواتە پێویستە چاوەڕێی ئەوە بکەین کە هیوایەکی زۆر بۆ کوردستان بە باکوور، باشوور و ڕۆژڤاوا دەگەڕێتەوە، تەبایی و گفتوگۆ و هاوکاری زیاتر دەبێ و پشتیوانی نێودەوڵەتیش بەردەوامە لەوانەیە زیاتریش ببێ.
پارسەنگی هێز کە لەناو سووریا و لە ناوچەکە تێکچووە و لەوانەیە پەل بکێشێتە هەندێک دەوڵەتی دیکەش ئەوە کاری خۆی بکات و دروست بوونەوەی وەک ئاماژەم پێکرد پەیوەندی هەیە بە هەبوونی مافی پێکاتەکان و دابینکردنی بەرژەوەندی ئیسرائیل و زیاتربوونی یەکدی قبوڵکردنی دینی و نەتەوەیی و پێکهاتەیی بە چەشنێکی ئەوتۆ کە هیچ پێکهاتە و دەوڵەتێک چاوی لە قڕکردنی پێکهاتەیەکی دیکە نەبێ لەبەر جیاوازی دینی و نەتەوەیی. پێویستە ئەو باوەڕە دروست بکرێ کە هێندە حەساس نەبن بەرامبەر بەو ڤیدیۆ و قسانەی لە سۆشیال میدیا کەسێک دەریدەبڕێ و لە لای توندرۆکانی کۆمەڵگای سوننی سووریاوە ئەوانەی کە لە ژێر سەرکردایەتی ئەحمەد شەرع دان بە ڕای پێکهاتەیەکی وەک دروز یان عەلەوی حیساب نەکرێ وە هەڕەشەی نەمانیان لێ نەکەن.
ئەم تێکچوونەی لە پارسەنگدا ڕوویداوە و ئەو دەستێوەردانە نێودەوڵەتییە و بەهێزبوونی ڕۆڵی پێکهاتەکان بارەکە بەلای ئاسایش و هاوکاری و هێمنی ڕاست دەکات.