
د. سامان سۆرانی
نووسەر
ترەمپ لە کۆشکی سپییەوە چی دەکاتە دیاری بۆ ئێران؟

لە ڕێوڕەسمی هاتنە سەر دەسەڵاتی چل و حەوتەمین سەرۆکی نوێی ئەمەریکایە، تەواوی جیهان چاوی لەسەر بەڕێوەچوونی ئەم بۆنە گرینگە بوو، کە دەتوانێ بۆ چوار ساڵی داهاتوو کاریگەری هەبێت لەسەر زۆر گۆڕانکاری لە جیهان، هەر لە ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل بگرە، تا دەگاتە جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، بەڵام لە پاڵ ئەوانەوە ئەوەی گرینگە بۆ ناوچەکە، سەرۆکی نوێ چی بۆ ئێران هەیە:
ترەمپ بەنیازە پاش دەستبەکاربوونی لە کۆشکی سپی ڕێکەوتنێکی نوێ پێشکەش بە ئێران بکات، کە ئاراستە سیاسییەکەی بریتییە لە دوورکەوتنەوەی ئێران لە هەر تێکدانێکی ئاسایش و ئاشتی نێودەوڵەتی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی عەرەبی و دەستبەرداربوونە لە هەر پاڵپشتیکردن و هاوکاریکردنێکی میلیشیا چەکدارەکان و ڕاگرتنی چالاکی سەربازی و دەستێوەردانە لە کاروباری ناوخۆی دەوڵەتەکانی ناوچەکە و پاراستنی هاوسەنگی ستراتیژ و بەرژەوەندی نێودەوڵەتیییە لە تەنگەی هورمز و دەریای سوور و کەنداوی عەدەن و ڕێگریکردنە لە هەر چاکالی و ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی، کە ببێتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر بازرگانی نێودەوڵەتی و ئابوری جیهانی.
ڕێککەوتنە سیاسییەکە بریتی دەبێ لە پابەندبوونی ئێران بە سنووردارکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی لە بواری پیتاندنی یۆرانیۆم و بەرهەمهێنانی سانتریفیوژ، لە بەرامبەردا توندنەکردنی کارڕاییەکانی ئەمەریکا و بڕیارەکانی پەیوەست بە ڕووبەڕووبوونەوەی تاران و سیاسەت و ڕەفتارەکانی.
ئەم پێشنیارەی ئەمەریکا دەرفەتێکی مێژوویی و گۆڕانکارییەکی سیاسی گەورەیە، کە دەبێت سەرکردایەتی ئێران بەجدی مامەڵەی لەگەڵدا بکات، دوور لە سیاسەتی کەلەشەقی و نیشاندانی دەسەڵات، بەڵکو بەکارهێنانی ژیری و هەڵسوکەوتی باش و ئارام و دەستپێکردنی پەیوەندی ڕاستەوخۆ و دیالۆگ لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمەریکا.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بێتوانا نییە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران، بەڵام پێیوایە پاراستنی بەرژەوەندییە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکێکە لە ئەرکە سەرەکییەکان، کە سەرۆک ترەمپ هەوڵی بۆ دەدات.
کەمکردنەوەی ململانێ و قەیرانەکانی ناوچەکە و ڕێگریکردن لە هەر ڕووبەڕووبونەوەیەکی داهاتوو بەهۆی سیاسەتی کاریگەری و فراوانبوونی ئێرانەوە، بە کرداری مانای پاراستنی ئامانج و دەستکەوتە سیاسییەکانی ئەمەریکایە، لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوبەشەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی عەرەبی و ڕێگریکردنی هەر حاڵەتێکی هەڕەشەیە، کە لەوانەیە بە هۆکاری کەمتەرخەمی ئێران ڕووبدات.
بەتایبەتی کە تاران هەستی بەوە کردووە کە دۆڕاندن و شکان لەباشووری لوبنان و دەرچوونی لەسوریا و قووڵایی ستراتیژی و ئەو پردەی کە درووستی کردبوو تا بۆ گەیشت بە لوتکەی پڕۆژە هەرێمییەکەی، کە هیلالی شیعە بوو.
ئەگەر ئێران ئەم پێشنیارەی سەرۆکایەتی ئەمەریکا جێبەجێ نەکات، ئەوا ڕووبەڕووی کارێکی سەخت و ململانێیەکی بەردەوام دەبێتەوە، کە لەوانەیە ببێتە هۆی لەناوچوونی سیستەمی سیاسی و هەڵوەشاندنەوەی ئەو ئامرازانەی، کە بەدەستییەوە ماوە و وای لێ بکات جوڵەی هاوبەشەکانی ئیفلیج بێت و ئیرادە و هێزی لەمامەڵەکردن لەگەڵ کاروباری ناوخۆیی خۆیدا لاوازبێت.
سەرۆک ترەمپ کار دەکات بۆ کەمکردنەوەی ئەو قەیران و مەترسییانەی، کە لەم ناوچەیە هەیە و کار بۆ دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی دەکات.
ئینجا دواتر بەشێوەیەک هەنگاو دەنێت، کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئیدارەکەی بکات، ئەگەر بە ئەرێنی وەڵامی نەدرێتەوە.
ئێران ئاگاداری سروشت و نیازەکانی ئیدارەی ئەمەریکایە بەرامبەری و دەزانێ چۆن کار بۆ سنووردارکردنی سیاسەتی دەرەوە و ڕەفتارەکانی دەکرێت.
دەبێ ئێران ڕۆژانی داهاتوو لە وڵاتەکەی بە چ ساڵژمێرێ بخوێنێتەوە؟