
د. سامان سۆرانی
نووسەر
سەرۆك بارزانی و فەلسەفەی دیالۆگی سیاسی

لە ڕواڵەتدا فەلسەفەی دیالۆگی سیاسی بونیادنەرانە لەسەر کۆمەڵە بنەما و چەمکێک دادەمەزرێ، بە ئامانجی دەستەبەرکردنی لێکگەیشتنی هاوبەش و چارەی ئاشتیانەی قەیرانە سیاسییەکان، دوور لە توندوتیژی و گرژی، بۆیە دیالۆگی سیاسی بونیادنەر بە ئامرازێکی سەرەکی دەبینرێ بۆ لەیەکتر نزیککردنەوەی دیدگا و بۆچوونەکان و بەدەستهێنانی سازان لە نێوان لایەنە جیاجیاکاندا.
ئەمڕۆ گەلی کوردستان لە هەموو کاتێ زیاتر پێویستی بە پەیڕەوکردنی ئەو فەلسەفەیە هەیە، هەر بۆیە سەرۆك بارزانی لە دوا دیداری لە ٢٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ لەگەڵ کەناڵی تەلەفیزیۆنی "شمس" جەختی لەسەر کردەوە و بە گرنگی زانی.
بنەمای دیالۆگی بونیادنەرانە ڕێزگرتنی دوولایەنەی نێوان لایەنە جیاوازەکانە، چ ئەوەی پەیوەست بێت بە پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، یان لە نێوان پارتە سیاسییەکان لەناوخۆی هەرێم. ڕێزگرتن بە واتای گوێگرتن دێ لە دید و بۆچوونی جیاواز و داننان بە مافی بەرامبەر لە دەربڕینی خواست و هەڵوێستی خۆی.
سەرۆك بارزانی، پێی وایە دیالۆگی سیاسی بونیادنەرانە بە پێویستی دەبینێت پابەندبوونی تەواو هەبێت بە ڕێککەوتنەکان و بە گەڕانی بەردەوام بەدوای سازشێ، کە سوود بە هەموو لایەنەکان بگەیەنێت، چونکە ئەو فەلسەفەیە بە ئامرازێکی گرنگ دادەنرێت بۆ بەدیهێنانی سەقامگیریی ناوخۆیی لە هەر وڵاتێک و لە هەر ناوچەیەك.
بە کەمکردنەوەی گرژییەکان و چارەکردنی ناکۆکیەکان، دیالۆگی سیاسی بونیادنەرانە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ دوورکەوتنەوە لە ململانێی چەکداری یان قەیرانی سیاسی گەورە کە دواجار هەڕەشە لە سەقامگیری دەکات. دیالۆگی سیاسی بنیاتنەرانە تەنیا چارەکردنی کێشەکانی ئێستا لەخۆ ناگرێت، بەڵکو بیرکردنەوە لە داهاتوو و بنیاتنانی میکانیزمیش دەگرێتەوە بۆ دڵنیابوون لەوەی، کە قەیرانەکان دووبارە نەبنەوە.
لە تەنیشت ئەوەشەوە سەرۆك بارزانی پێی وایە یەکگرتوویی کورد، چ لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بێت یان لەسەر ئاستی سەرجەم نەخشەی کوردستان، کلیلی بەهێزبوونی کوردە، هەر کاتێ کورد یەکگرتوو بێت، باشتر دەتوانێت کاریگەریی لەسەر سیاسەتی عێراق و ناوچەکە هەبێت و لە ڕێگەی یەکگرتنەوە گەلی کوردستان توانای زیاتری دەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئالنگارییەکانی ئەم سەردەمە و وەڵامی ئەرینی دەبێت بۆ گۆڕانکارییە خێراکانی لە ناوچەکە و جیهان.
سەرۆك بارزانی لە دیدارەکەیدا ئاماژەی بە یەکڕیزی و خۆڕاگریی کرد لەسەر بنەماکانی کوردایەتی و هەماهەنگیی نێوان لایەنە جیاوازەکان بۆ بەدیهێنانی مافەکانی گەلی کوردستان لەچوارچێوەیەکی ئاشتیانە و ئارامدا.
لەگەڵ ئەوەی قوربانیدان لەپێناو دۆزی کورد بەشێکە لە میراتی ئەم گەلە خەباتکارە، سەرۆك بارزانی گەڕانەوە بۆ بەکارهێنانی ئامرازی مەدەنی و ئاشتیخوازانە لە خەباتی سیاسی بە زمانی ئەم سەردەمە دەزانێ و پێی وایە لەم قۆناغەدا بەکارهێنانی ڕێکاری چەکداری لە بەرژەوەندی گەلی کوردستان نابێت و گەلی کورد ناگەیەنێت بە کەناری ئارام و دەستەبەرکردنی مافە سروشتییەکانی.
لەگەڵ ئەوەی مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسین؛ یەکێک لە بنەما نوێیەکانی یاسای نێودەوڵەتییە، ئەم مافە لە جاڕنامەیەک و وەکوو ئامانجەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان دێتە ئەژمار، بەڵام سەرۆك بارزانی بە گرنگی دەزانێت، گەلی کوردستان لە ڕۆژئاوا دیراسەی ئەزموونە نێودەوڵەتییەکان بکەن سەبارەت بەو مافە و بەدوای چارەیەکدا بگەڕێن، کە لەگەڵی واقیعیاندا گونجاو بێت. هەر بۆیە هەرێمی کوردستان هانی کوردی ڕۆژئاوا دەدات، هەموو تواناکانیان بخەنە گەڕ بۆ دانوستان و گەیشتن بە ئاسایش و سەقامگیری و چارەی سیاسی، کە تیایدا مافەکانیان لە چوارچێوەی دەستورێکی نوێ لە سوریا بارێزراو بێت.
ڕاستە ئەمڕۆ لە بەغدا هەندێ لایەن هەن، کە باوەڕیان بە دیالۆگ و ئاوەدانکردنەوە و بونیادنان نییە، بەڵام هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لەسەر ئەو فەلسەفەیەی، کە سەرۆك بارزانی دایڕشتووە بۆ پاراستنی مافی گەلی کوردستان لە چوارچێوەی عێراق و پاڵپشتیی چارەی ئاشتیانە، کە زامنی مافە دەستورییەکانی گەلی كورد دەکات لە چوارچێوەی دەستوری عێراقی فیدراڵ.
ئێمە پێمان وایە جەختکردنەوەی سەرۆك بارزانی لەسەر پەیڕەوکردنی فەلسەفەی دیالۆگی سیاسی بونیادنەرانە دەتوانێت ببێت بە ئامرازێکی فشار بۆ سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، تاوەکو چارەیەکی دادپەروەرانە و پاڵپشتیکار بۆ مافی گەلی کوردستان لە عێراق بدۆزرێتەوە.
دواجار یەکگرتوویی گەلی کوردستان فاکتەری سەرەکییە بۆ بەهێزکردنی دەرفەتی پێشکەوتن و پەرەپێدان و بەدیهێنانی هاوسەنگی و گەشەی بەردەوام.