
د. سامان سۆرانی
نووسەر
پلانی داهاتووی ناتانیاهو و ترامپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چییە؟

سەردان و کۆبوونەوەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهو، لە کۆشکی سپی لە واشنتن لەگەڵ دۆنالد ترەمپ لە کاتێکدایە، ئەگەری بەردەوامبوونی دانوستانەکان هەیە لە نێوان حەماس و ئیسرائیل سەبارەت بە قۆناغی دووەمی ڕێکەوتنی ئاگربەست لە ڕێگەی نێوەندگیرانەوە.
ناتانیاهو پێی وایە سەردانەکەی وەکوو یەکەم بیانی، کە سەرۆکی ئەمەریکا دەبینێ، پاش دەستبەکاربوونی، بەڵگەی بەهێزی هاوپەیمانێتی ئیسرائیل و ئەمەریکایە.
ئامانجی ستراتیج و مەبەستی مەیدانی لەم سەردانە کارکردنە لەسەر ئامادەکردنی پلانێکی فراوان و ڕێباز و میکانیزمی پەیوەست بە سیاسەتی هاوبەش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی عەرەب.
لە هەندێ لە تەوەرەکانی ئەجیندای ئەو دیدارە دەکرێ بابەتگەلێ، کە پەیوەست بن بە ئەنجامی ئەو سەردانەی ستیف ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆك ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دیداری لەگەڵ میر محەممەد بن سەلمان و بەدەستهێنانی زانیاریی وورد لەسەر ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی بارمتەکان و کشانەوە لە هەردوو میحوەری نەتساریم و فیلادێلفیا و ئایندەی بەڕێوەبردنی غەززە دوور لە بوونی سیاسی و کارگێڕیی حەماس، کە لەگەڵ دیدگای سەرۆك ترەمپ یەك دەگرێتەوە.
ترەمپ هەوڵ دەدات بە کۆتاییهێنان بە ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان و وەستاندنی شەڕ لە غەززە قازانجێکی سیاسی بەدەست بهێنێت، چونکە ئەم کارە بە سەرکەوتنێك دەزانێت لە سەرەتای دووەم خولی سەرۆکایەتییەکەیدا.
هەروەها ترەمپ هەوڵ دەدات پشتگیریی لە هەڵوێستی بکات لە ڕێگەی پێشکەشکردنی چەند دەستکەوتێک بە نەتانیاهۆ، وەک پشتیوانیکردن لە بوونی لە حکومەتی ڕاستڕەو لە ئیسرائیل تا لەڕووی سیاسییەوە لەگەڵیدا بوەستێت، جگە لە پەسەندکردنی فرۆشتنی ژمارەیەك بۆمب و بلدۆزەر بەئیسرائل، کە لە کاتی هێرشەکانی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەی ڕەفح لە مانگی ئایاری ٢٠٢٤وە لەلایەن سەرۆکی پێشوو، جۆ بایدن ڕاگیران و دواخران.
سەرۆکی ئەمەریکا ئێستە کار بۆ دۆزینەوەی پلانێکی کردەیی دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە ڕووداوەکان و دەرئەنجامەکانی لە فەڵەستین و ڕازیکردنی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بەوەی کە پێویستە هاوکاری بکات بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە ئاشتییە گەورەکەی ناوچەکە، کە ترەمپ هەوڵی بۆدەدات، مەبەستمان لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و عەرەبستانی سعوودی و فراوانکردنی ڕێکەوتننامەی ئیبراهیم لەگەڵ وڵاتانی تری عەرەبی، کە دەتوانێ هاندەر بێت، بۆ ئەوەی ترەمپ خەڵاتی نۆبلی بۆ ئاشتی پێ ببەخشرێ.
سەبارەت بە لوبنان ئەگەری ئەوە هەیە لەم دیدارە دوولایەنە فۆکس بخرێتە سەر جێ بەجێکردنی بڕیاری ١٧٠١ی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە پەیوەستە بە کشانەوەی حزبوڵلا بۆ باشووری ڕووباری لیتانی و جێبەجێکردنی ئەو ڕێکەوتنەی کە ئەمەریکا و فەرەنسا بە ڕەزامەندیی وڵاتانی عەرەبی دایڕشتبوو. کە دەڵێت: لە ئەمڕۆ بەدواوە هیچ جەنگێ لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵلا نامێنێ و هەموو یەکلاییکردنەوەیەك لە ڕێگەی دیبلۆماسیەتی سیاسی و بەچاودێریی نێودەوڵەتی بەڕێوە بچێت.
هەروەها لەو دیدارە ئەگەری هەیە فۆکس بخرێتە سەر شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران و باڵەکانی لە ناوچەکە، چونکە ئەم بابەتەی ڕەفتاری ئێران و ڕێبازەکەی لە پیشینەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی ترەمپ بووە و ئەو پێی وایە بەردەوامبوونی سزا ئابورییەکان و گرژیی سەربازیی بەرامبەر بە تاران پێویستن، ئەگەر ئەو وڵاتە پابەندی پێوەرەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان نەبێت و جوڵە و دەستێوەردانەکانی بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی سیاسی هەرێمی ڕانەگرێت و چالاکییەکانی بۆ پەرەپێدانی ویستگە ئەتۆمییەکانی و دەستەبەرکردنی چەکی ئەتۆمی سنووردار نەکات و دەست لە پاڵپشتیکردن و ناردنی کۆمەکی دارایی بۆ میلیشیا و گروپە چەکدارەکانی گرێدراو بە سوپای پاسداران هەڵنەگرێت. ئەمە پێجگە لە ڕاگرتنی هەموو ئەو چالاکییە سەربازیانە و پاراستنی هاوسەنگی ستراتیج و بەرژەوەندیی نێودەوڵەتی لە تەنگەی هورمز و دەریای سوور و کەنداوی عەدەن و ڕێگریی لە کردار و ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی، کە دەبنە مایەی هەڕەشە بۆ سەر بازرگانیی نێودەوڵەتی و ئابوریی جیهانی.
دیمەنی سووریا لەو دیدارە بەرجەستە دەبێت، دوای ئەوەی تەلئەڤیڤ نیگەرانییەکانی خۆی لە کشانەوەی ئەمەریکا لە سووریا نەشاردەوە، چونکە ئیسرائیل پێی وایە کشانەوەی ئەمەریکا کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر هاوپەیمانەکانی لەناو هێزەکانی سووریای دیموکرات.
لەم ڕووەوە ئەمەریکا لە ڕێگەی هاوپەیمانەکانی هەوڵی داوە، کە ئەحمەد شەرع لەگەڵ مەزڵووم کۆبانی کۆبێتەوە، بۆ ئەوەی حکوومەتی سوریا بگات بە ڕێکەوتن لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات.
ترەمپ دەتوانێ ڕۆڵی سەرەکی بگێڕی لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل، کە پاش ڕووداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەر گرژییان تێ کەوتبوو.
ئەگەر ترەمپ فشاری سیاسی و ئابوری بخاتە سەر سەرانی تورکیا، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەو کارەی دەبێت بە کلیلی چارەی کێشەی پەیوەندی تورکیا لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات.
کەواتە ئەم سەردانەی ناتانیاهو بۆ ئەمەریکا و دیداری تایبەتی لەگەڵ ترەمپ ڕەهەندی ستراتیجی هەیە و ڕەنگدانەوەی دیدگایەکی مەیدانییە بۆ چارەکردن و دۆزینەوەی ڕێگاچارەی سیاسی بۆ سەرجەم قەیران و ململانێیەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی عەرەبی و دەتوانێ ژمارەیەك گۆڕاو و پارادایمی نوێ لەگەڵ خۆی بهێنێ.