سیاسەتی برسیکردن و هەراسانکاری ئایدۆلۆژی

سیاسەتی برسیکردن و هەراسانکاری ئایدۆلۆژی
سیاسەتی برسیکردن و هەراسانکاری ئایدۆلۆژی

ئاشکرایە هەراسانکردنی ئایدیۆلۆژی کارتێکردنێکی دژبەرانە و نەرێنییە لە مامەڵەکردن لەگەڵ لایەنی جیاواز. ئەم جۆرە مامەڵەکردنە ڕووخسارێکی تری نەخۆشی سیاسییە لە عێراق، کە بەرجەستەیە لە بەکارهێنانی میدیای پاڵنراو لە ڕێگەی ئەجیندای تایبەتەوە، کە کار دەکات بۆ بەرژەوەندی ئەو کەسانەی، بە ناوی ئایین و هزری شۆڤێنی و عێراقی ناوەندێتی هەوڵی برسیکردنی گەلی کوردستان دەدەن و مەبەستیانە لە ڕێگەی بانگەشەکردنی ساختەیان بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندی عێراق و نەتەوە و مەزهەب چۆك بە گەلی کوردستان دا بدەن، بۆ ئەوەی دەستبەرداری مافە دەستورییەکانی و خواستە نیشتمانییەکانی بێت.  

بە دڵنیاییەوە ئەم میکانیزمە پەیڕەوکراوە دژایەتی نەتەوەیی و پێکدادانی نەرێنی کەلتوورە جیاوازەکانی لێدەکەوێتەوە، وەکوو سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، لە چەندین بۆنەدا ئاماژەی پێکردووە، ڕەفتارێكی ستەمکارانەیە، نادادپەروەرانەیە و قبوڵکراو نییە. 

ڕاستە بە بەکارهێنانی سیاسەتی دابەشکردن و پەرتەوازەکردنی پلان بۆ دڕێژراو تەمەنی مانەوەیان لەسەر دەسەڵات لە عێراق درێژ دەبێتەوە و ئەو سیاسەتە ڕێگە خۆشکەر دەبێت بۆ خواستی زاڵبوونیان بەسەر ویستی گەل و سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکان، چونکە دواجار ئەوان بە دوای یەك مەبەستن، ئەویش گەیشتنە بە ستەمکاری و جاڕدانی جەنگ دژ بە هەر لایەنێ، کە بە نەیار و دژبەری خۆیانی دەخوێننەوە، ئەو کەسانەی لەگەڵ ئایدیۆلۆژیا و مەزهەبی ئەوان تەبا نەبێت.

دەبینین چۆن ئەمڕۆ فەرهەنگی حکوومەتی ئێستا لە عێراقی فیدراڵ خاڵییە لە دەستەواژەکانی وەکوو پەرەپێدان و بونیادنان و پەرەسەندن و گەڕان بەدوای چارەسەر بۆ پرسە هەڵپەسەردراوەکان و ئاڵوگۆڕی بیر و ڕا و پشتبەستن بە ماددە دەستورییەکان و ڕێککەوتنە سیاسییەکان بە شێوەیەکی جدی. 

هەموو هەوڵەکان خۆیان لەوە چڕکردۆتەوە، چۆن بە هەوڵە نەزۆکەکان پەنجەی تۆمەت ئاراستەی هەرێمی کوردستان بکرێت بە شێوەیەكی دیماگۆگییانە و گەڕاندنەوەی هۆکاری سەرنەکەوتنی ئەزموونیان لە حوکمڕانی بۆ هەبوونی گەلی کوردستان لە عێراق. بەوەش مەبەستیانە پەڕاوی گەندەڵی و دزی سەدە بسووتێنن، تا هیچ لایەنێکی ئۆپۆزسیۆن لە ئێستا و لە ئایندە نەیاختاتە بەردەم لێپرسینەوە و سزادان. 

بڕینی بەشە بودجەی هەرێم و کارکردن بۆ برسیکردنی گەلی کوردستان و خۆ دزینەوە لە جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستووری هەمیشەیی عێراق و ڕێگریکردن لە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و دەرنەکردنی یاسای نەوت و غاز و قەرەبوونەکردنەوەی قوربانیانی جینۆساید و کیمیاباران، هەموو ئەمانە بەڵگەن بۆ ئەو ڕەفتارە نادیموکراتیانەی دەسەڵاتدارانی بەغدا، کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێک کردووە. 

ئەوەی جێگەی ئەسەف و نەنگە ئەوەیە، کەوا لایەنانێ لە هەرێمی کوردستان بە ناوی ئۆپۆزسیۆنبوونەوە شیری حزبە عێراقییەکانی دەخۆنەوە، کە دژ بە ئەزموونی دیموکراسین لە هەرێم، لەسەر ئاستی سیاسی و یاسادانان کار بۆ سزادانی حکوومەت و گەلی کوردستان دەکەن و ماف دەدەن بەو لایەنەی، کە مەبەستییە گەلی کوردستان برسی بێت و حکوومەتەکەی بەو شێوەیە ملکەچی خواست و ویستی شۆفیننیەکان و مەزهەبگەراکانی دەسەڵاتدار لە بەغدا بێت. 

بەداخەوە ئەو جۆرە ئۆپۆزسیۆنە لە بیری دەچێتەوە، کەوا لە پێشینەی کارەکانی ڕاوەستانە دژ بە ستەمکاری ناوەندێتی، هەوڵ نادات بۆ کارکرانی وتاری یەکگرتوویی کوردستانی و دوورکەوتنەوە لە جاوبازێ لەگەڵ حزبە سیاسییە عێراقییەکانی، کە نایانەوێت، گەلی کوردستان لە پێشکەوتن بژی و ئاسایشی بەرقەرار بێت. 

ئۆپۆزسیۆن بوون فەرهەنگە و پێویستی بە تێگەیشتن و مومارەسەیە، ئەرکی سەرەکی دەوڵەمەندکردن و سەرخستنی ئەزموونی حوکمڕانییە لە کوردستان، ئەویش لە ڕێگەی دانانی بەرنامە و پرۆژەی بونیادنانی دەوڵەتی دامەزراوەکان و یاسا و دادی سەربەخۆ و عەقڵی ئازاد و ئازادی ڕا و میدیا و ئاسایش ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئاستی خوێندن و شێوازی وانە وتنەوە لە خوێندگە و زانکۆکان، پاش گواستنەوەی ململانێیەکان لە جێ بەجێکردنی دیدەکان لە شەقامەوە بۆ یاسادانان لەپێناو گەیشتن بە ئامانجە بەرزەکانی گەلی کوردستان. 

ئۆپۆزسیۆنبوون هونەری ئامادەکردنی تاکە، پاش تێگەیشتنێکی زانستی لە گۆڕاوەکان و بە شارستانییەتکردنی وتاری میدیایی لەپێناو گەیشتنی گەلی کوردستان بە ئازادی و سەربەخۆیی.   

لە کۆتاییدا ئێمەی کوردستانی مەبەستمان نییە بگەڕێینەوە بۆ دواوە، گرەومان لەسەر ئەوەیە، وزەی خۆمان بگۆڕین بۆ هێزێکی کۆمەڵگەیی کارا، کە بتوانێ دەرگا بکاتەوە و هەلەکان بقۆزێتەوە لە پێناو بونیادنانی دەوڵەتی کوردستان، دەوڵەتی ئازاد بێ لە سیاسەتی برسیکردن و سەپاندنی ئایدۆلۆژیای تایفەگەرەیی، دەوڵەتی کراوە بێت بە ڕووی جیهان و کار بۆ دیموکراسی ڕیشەیی بکات، تا لە هەرێمی کوردستان ئاسایش و سەقامگیری بەردەوامی هەبێت و هاووڵاتییانی هەرێم لە دۆخێکی بژێوی باش و بە ئاشتیانە پێکەوە بژین.