هەرێمی كوردستان و گەردەلوولی گۆڕانکارییکان لە ناوچەکە

هەرێمی كوردستان و گەردەلوولی گۆڕانکارییکان لە ناوچەکە
هەرێمی كوردستان و گەردەلوولی گۆڕانکارییکان لە ناوچەکە

لەگەڵ ئەوەی ئەم قۆناغەی ئێستا لەسەر ئاستی سیستەمی نێودەوڵەتی بە قۆناغی گواستنەوە دادەنرێ و لەم قۆناغە هەوڵ دەدرێت قاڵبێکی نوێی هەرێمایەتی لە ڕووی فۆرم و سروشتی کارلێك و هاوپەیمانێتی و هاوسەنگییە ڕێژەییەکانی هێز لە نێوان هێزە هەرێمییە جیاجیاکان و هێزی جیهانی باڵادەست پێکبهێنرێ، دەبینین ململانێیەکانی ناوچەکە لە دەوری چەند بابەتێ دەخولێنەوە، لەوانە هەوڵی هەندێ دەوڵەتە بۆ پاراستنی سنوورەکانیان و یەکگرتوویی نیشتمانییان و فراوانکردنی سنوورەکانیان لە ڕێگەی گەردەلوولی گۆڕانکارییەکان.

لە ئێستادا ئەو هێزە هەرێمییانەی، کە ناسنامەی ئایدیۆلۆژی ئایینییان کردبوو بە درووشم دووچاری شکستی مێژوویی بوون، لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی نوێ و پێکهێنانی جەمسەری هەرێمی، لە هەوڵ و تەقەلان بۆ پاراستنی شوناسی نیشتمانی خۆیان، تا بە کەمترین زیان لەم هاوکێشەیە دەرباز بن. 

هەرێمی کوردستان، کە لە ڕووی جیۆسیاسی لە ناوچەیەکی لەرزۆك و پڕ لە ناسەقامگیرییە، بەردەوام بووە لە پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی هاوسەنگ و وریا بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشیی خۆی و جەختی لەسەر بنیاتنانی پەیوەندییەکی بەهێز کردووە لەگەڵ هێزە نێودەوڵەتی و هەرێمییکان، بۆ دڵنیابوون لەوەی، تووشی هیچ ململانێیەك نەبێت، کە کاریگەری نەرێنی لەسەر داهاتووی هەرێمی کوردستان هەبێت. 

هەرێمی کوردستان، کە لە دوای ساڵی 2003ـوه‌ گەشەسەندنێکی سیاسی و ئابووری و دەستووری و دیپلۆماسی فراوانی بەخۆیەوە بینیوە و هاوشێوەی دەوڵەتێکی دیفاکتۆ مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە و وڵاتە زلهێزەکان دەکات، لە پێناو پاراستنی جوگرافیا و دانیشتوان و توانا نیشتمانییەکانی گرینگی زیاتری بە ئاسایشی نەتەوەیی و پەرەدان بەو بوارە داوە. سەرکردایەتی سیاسی لە هەرێم و سەرۆکی حکومەت بەتایبەتی، کە بە بنەمایەکی فەلسەفی سیاسی ژیرانە لێکدانەوەی لۆژیکی بۆ گۆڕانکارییەکان هەیە، پێی وایە سەقامگیری سیاسی مەرج و سیستەمی سیاسی دیاریکراوی خۆی هەیە بۆ شێوازی بەڕێوەبردن و گەشەپێدانی هەرێم. 

سەقامگیری لە ڕێگەی ڕەوایەتی و تێکەڵبوون و هاوبەشی لایەنکان بۆ درووستکردنی سەقامگیری سیاسی دەستەبەر دەکرێت. بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان کار بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی دەکات لەگەڵ  ویلایەتە یەکگرتتوەکانی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی کەنداو و درواسێ، تا بتوانێ لەو ڕێگەیەوە  پاڵپشتی سیاسی و ئابوری و بەرگری دەستەبەر بکات، کە دەبنە مایەی بەهێزبوونی هەڵوێستی هەرێم لە ڕووبەڕوونەوەی ئالنگارییە هەرێمییکان و خۆپاراستن لە گەردەلوولی گۆڕانکارییەکان.

پاراستنی سیاسەتی هاوسەنگی دەتوانێ زامنی سەربەخۆیی سیاسی بکات، بێ ئەوەی هەرێم بەکوێتە ناو ململانێیەکانی، کە دەبنە مایەی زیان، هەر بۆیە هەرێم نێوەندگیری دەکات لە نێوان هێزە جیاجیاکان، بەتایبەتی لە دۆسییەی سوریا و عێراق. 

لەم هەلومەرجەدا سەرکردایەتی سیاسی لە هەرێم لە هەوڵی بەردەوامە بۆ کۆکردنەوە پێکهاتە کوردستانییەکان بۆ زامنکردنی سەقامگیری و یەکخستنی هێزە سیاسییەکانی ناوخۆ، تا بتوانێ خۆڕاگرانە بەرامبەر ئەو هەڕەشانە ڕاوەستێ، کە بەرۆکی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان بە گشتی و عێراق بە تایبەتی گرتووە. 

وەبەرهێنانکردن لە بەرگری بە پەرەپێدانی توانا بەرگرییەکان بەشێوەیەکی بەردەوام لە ڕێگەی تۆکمەترکردنی هێزی پێشمەرگە و یەکخستنی ئەو هێزە و دروستکردنی هاوبەشی سەربازی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسەرکردایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە ئەنجامدانی مەشق و ڕاهێنان و ڕاهێزانی بەردەوامی هێزە سەربازی و ئەمنییەکان، ئەمەش کارێکی پێویستە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان لەم قۆناغە هەستیارەدا. فراوانکردنی تۆڕی هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی لە ئایندەدا ئەستێرەی هەژموونیان فراوانتر دەبێت لە ناوچەکە گرینگی خۆی هەیە بۆ پتەوکردنی پێگەی هەرێم. لە بەرامبەردا بەڕێوەبردنی سەرچاوە سروستییەکان بە شێوەیەکی حەکیمانە دەتوانێ پێگەی ئابوری هەرێم بەهێزتر بکات و توانای دارایی دەست واڵاتر بکات، بە شێوەیەك یارمەتی بدات بۆ ڕووبەڕووبوونەی هەر قەیرانێ، کە درووست ببێت.  

بۆ بەهێزکردنی پێگەی هەرێم لەسەر گۆڕەپانی سیاسی حکومەتی هەرێمی كوردستان لە کابینەی نۆیەمدا زۆر گرینگی بە دیبلۆماسیەتی نەرم دا، بەتایبەتی بە بەکارهێنانی ئامرازەکانی میدیا و پەروەردە و دەستپێشخەرییە کەلتورییەکان بۆ بونیادنانی وێنەیەکی ئەرێنی سەبارەت بە هەرێم لە سەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی. 

ڕاستە هاوکێشەکانی ناوچەکە بە بەردەوامی گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، بە تایبەتی لە ئێستادا، کە گەردەلوولی گۆڕانکارییەکان بەڕێوەیە، گرینگە هەرێم توانای خۆی نمایش بکات لە خۆ گونجاندن لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانە و بەردەوام بەدواداچوون بکات بۆ پەرەسەندنە هەرێمییەکان و ئەگەری دەرفەت و هەڕەشەکان دیاری بکات، بۆ ئەوەی بتوانێ بڕیاری ستراتیژی کاریگەر بدات. 

لە کۆتاییدا پاراستنی هەرێمی کوردستان پێویستی بە هاوسەنگی وورد هەیە لە نێوان کاری سەربازی و دیپلۆماسی و دەستەبەرکردنی تەواوکاری لە نێوان هێزەکانی ناوخۆ و دەرەوە بۆ زامنکردنی سەقامگیری هەرێم و خۆپارستن لە کەوتنە ناو تەڵەی ململانێیە هەرێمییە ئالۆزەکان.