نەورۆز و سەرەتای لۆبی بەهێزی کوردستان

نەورۆز و سەرەتای لۆبی بەهێزی کوردستان
نەورۆز و سەرەتای لۆبی بەهێزی کوردستان

نەورۆزی ئەم ساڵ جیاواز بوو لە رووی ناوەڕۆک و پەیامەوە، تەنها جەژنێکی میللی نەبوو کە راگوزەرانە تێبپەڕێت، بەڵکوو هەڵگری کۆمەڵێک پەیام و بنەمای رێکخراو بوو کە رەهەندی سیاسی و کۆمەڵایەتی گەورەی هەڵگرتبوو، بۆ یەکەم جاریش بوو کە هێزی لۆبی کوردی لە رێگەی نەورۆزەوە هەم دەربخرێت هەم وەگەڕبخرێت.

ئاکرێ کە ئێستا بووه‌تە پایتەخی نەورۆز، لە هەمان کاتدا بووه‌تە جێگای کۆکردنەوەی کوردستانییان و ساڵانە لە هەموو وڵاتان و ناوچەکانی تری کوردستانەوە خەڵک بە پەرۆشەوە رووی تێ دەکەن، لە هەمان کاتدا ئەو بۆنەو مەراسیمانەشی کە ئەنجام دەدرێن بە ئامادەبوونی نێردە نێودەوڵەتییەکان، بەهایەکی زیاتر دەبەخشێت بە جەژنەکە و بۆنەکە لە چوارچێوەی لۆکاڵییەوە دەباتە چوارچێوەیەکی گڵۆباڵی شایستە.

ئەو کۆبوونەوە جەماوەرییە گەورەیەی لە ئامەد ئەنجامدرا و جەژنی نەورۆزییان تێدا بەرز ڕاگرت و پەیامی سەرۆک بارزانی تێدا خوێنرایەوە، نیشاندانی یەکگرتویی کوردستانییانە کە لە رێگەی جەژنی نەورۆزەوە پەیامێکی گەورە و کاریگەر دەخەنە بەرچاوی جیهان.

شایی و خۆشییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئاهەنگگێڕانییان بە جۆش و خرۆشەوە و بە جل و بەرگی رەسەنی کوردییەوە و پەرۆشییان بۆ جەژنەکە، پەیامی زیندوییەتی و رەسەنایەتی جەژنەکە زیاتر دەچەسپێنێت.

ئەو دیمەنە جوان و رەنگینانەی لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیاشەوە بینیمان کە کوردستانییانی ئەورووپا و رەوەندی کوردی لە کۆڵن کۆبوونەوە و سەرجەمییان ئاهەنگی نەورۆزیان تێدا گێڕا، دیمەنێکی هەم دڵخۆشکەربوو هەم ئومێدبەخش بوو، چونکە بینیمان کە کوردیش لە ئەورووپا توانایەکی گەورە و کاریگەری هەیە و هەنگاوی یەکەمی لۆبی کوردی نیشانی هەموو وڵاتانی ئەورووپا دراو لەسەر ئاستی جیهانیش بووە جێی باس و تێڕامان.

رۆڵی فیدراسیۆنی رەوەندی کوردی لە کۆکردنەوە و رێکخستنی کوردانی ئەورووپادا و بە سەنتەرکردنی جەژنی نەورۆز لە یەک شوێندا، ئەرکێکی پیرۆز و هەنگاوێکی بەجێ بوو، کە شایەنی پێزانینە.

کۆی ئەم دیمەنانە جیاواز لە رەهەندە کۆمەڵایەتی و نەتەوایەتییەکەی، رەهەندی سیاسی و پەیامی روون و راشکاوی لەخۆگرتبوو کە بۆ یەکەم جارە بە دی دەکرێت.

دروستکردن و رێکخستنی لۆبی کوردی لە ئەورووپا و بەشداری هەزاران کەس لە جەژنی نەورۆزدا لە رۆژهەڵات و باکوور و جێگیرکردنی پایتەختی نەورۆز لە ئاکرێ، نەورۆزی لە جەژنێکی نەتەوەییەوە گواستەوە بۆ هێزێکی سیاسی کاریگەر کە بۆ داهاتوو دەتوانین وەک هێزی فشار و وەک رەگەزی ئاشتی پشتی پێ ببەستین.

ئەم هێزە نەرمە گەر بەردەوام گرنگی پێ بدرێت و گەشەی پێ بکرێت و جومگەکانی پتەو بکرێت و بنەماکانی جێگیر بکرێت، دەتوانێت کار بکاتە سەر بڕیاری سیاسی و هەوێنی گۆڕانکاری لە هاوکێشە سیاسیی و ئابوورییەکاندا.

ئەوەی لۆبی دەتوانێت ئەنجامی بدات، سیاسەت راستەخۆ ناتوانێت بەدەستی بهێنێت، بۆیە ئەم پێشهاتە بە نرخە دەتوانێت ئاسۆیەکی رونمان نیشان بدات و ئایندەیەکی گەشمان پێببەخشێت، بە مەرجێک کە هەمووان بە چاوی هێزەوە بۆ کورد و کوردستان تەماشای بکەن، نەک وەک زۆر بابەت و بوار و رووداوی تر بەرژەوەندی بخرێتە پێش کورد و کوردستانەوە.