دیدگایەکی کوردستانی لەسەردەمی شۆڕشەکانی هێزی نەرم و پێشبڕکێی هزرەکان

دیدگایەکی کوردستانی لەسەردەمی شۆڕشەکانی هێزی نەرم و پێشبڕکێی هزرەکان
دیدگایەکی کوردستانی لەسەردەمی شۆڕشەکانی هێزی نەرم و پێشبڕکێی هزرەکان

ئاشکرایە بیرکردنەوە تایبەتمەندی و یەکەم سەرمایەی مرۆڤە، کە بۆ سەرجەم هەوڵ و پڕۆژە و کار و چالاکیەکانی بەکاری دەهێنێ. 

ئەوەی زانایانی فەرەنسی "سێرژ هارۆش" و "دەیڤد واینلەند"ی ئەمریکی پێی گەیشتوون پێوانەکردنی تەنۆلکە کوانتەمییەکان بێ ئەوەی لەناو ببرێن، ئەمەش مانای دەستکاریکردنی تاک تەنۆلکەیە، بێ ئەوەی کاریگەری لەسەر سروشتی میکانیکی ماددە هەبێت. 

ئەم دەسکەوتە مەزنە، کارئاسانی کرد بۆ بەهێزکردنی جۆرێکی نوێ لە کۆمپیوتەر بە جیاوازییەکی زیاتر لە هەموو ئامێرەکانی پێشوو و بەهۆی ئەو دۆزینەوە دەگمەنەیان هەردوو زانای ناوبراو بۆ ساڵی ٢٠١٢ خەڵاتی نۆبڵ یان بۆ فیزیا وەرگرت. 

ئێمە وای دەبینین، کە ئامرازەکانی گلۆبالیزەیشنی هایپەر ، تۆڕی ئینتەرنێتی جیهانی و واقیعی مەجازی، زانیاری پێویستن بۆ تێگەیشتن و بەڕێوەبردن و گۆڕینی واقیع، چونکە لە ڕاستیدا چ بمانەوێت یان نا، ئەم پێشکەوتنە تێڕوانینی ئێمەی لەسەر خۆمان و پێگەمان لە سەر ئەم جیهانە گۆڕیوە.

پاش ئەم وەرچەرخانە ڕیشەییانە، کە دەرفەتێکی وجودین بۆ ئێمە، دەبێت ئێمە لەکوردستان پێش بکەوین و هەنگاوی گەورە بەرەو پێشەوە بنێین و واز لە کەموکورتییە کولتوورییەکانمان بهێنین و دواکەوتوویی ڕۆشنبیری جێ بهێڵێن و عەقڵییەتی بیرۆکراتی بشکێنین و بەعەقڵییەکی ئاسۆیی و تیمی و هاوکارانە کارەکانمان بەڕێوە ببەین، چونکە ئەو کەسەی واقیعی خۆی دیار نەکات،  ڕێگەیەك بۆ دەربازبوون لە دەستی تەڵە و تەنگژەکان نادۆزێتەوە. 

ئەگەر بڕوانینە عێراق، ئەوا ئێمە نازانین کەی "هاوبەشەکانمان" لەم دەوڵەتە "فیدراڵیە" لە زیندانە ئایدیۆلۆجییە تەسکە تایفی و نەتەوەییەکانیان دەردەچن، بۆ ئەوەی بەشداری لە گۆڕینی واقیعی خۆیان بکەن و لەسەر چەند ئاستێکدا بەشداربن لە گۆڕانکارییە جیهانییەکان. 

دوای ڕووخانی گەورەترین ستەمکاری ناوچەکە لە ساڵی ٢٠٠٣، هیوامان بەوە بوو، کە گۆڕانکارییەکان لە عێراق، ئەو دەوڵەتە بەرەو دەوڵەتێکی دێموکراسی ببەن، تیایدا ئیرادەی گشتی بپارێزرێت و دوای کۆتایی هاتنی دیکتاتۆرییەتی بەعس فیدراڵییەتێکی دادپەروەر و ئازاد پەرەی پێ بدرێت. 

بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمان بوو، حکوومەتە یەك لە دوای یەکەکانی پاش ڕووخانی ڕژێمی پێشوو مامەڵەیەکی نابابەتییان لەگەڵ دەستوری فیدراڵی دەکرد و ویستێکی نیشتمانییان نەبوو بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە فیداڵییەکان و بەردەوام خۆیان دەدزییەوە لە جێ بەجێکردنی ماددە دەستورییەکان و بەوەش دەرفەتی زۆریان بە فیڕۆ دا، کە لەبەردەم بونیادنان و پێشکەوتنی ئەو وڵاتە بوونیان هەبوو. 

ئەم سەردەمە، کە بە سەردەمی شۆڕشی هێزی نەرم ناسراوە، تیایدا ئایدیا و کولتوورەکان بەجیهانی کراون و کۆدەکانی بیرکردنەوە و بەرنامەی مێشک و نەخشەی زانیاری و یاساکانی ڕاوێژ بە تەواوی گۆڕاون، بۆیە باشتر وایە بێفیزیی پراکتیزە بکرێت و کار بۆ کەمکردنەوەی نەخۆشی خۆ بە زلزانین و عەقڵییەتی ناوەندگەرایی و مۆنۆپۆڵکردن بکرێت و کارکردن بۆ تاك ڕەویی و دەسەڵاتی زۆرینەی تایفی و مەزهەبگەرایی وێرانکاری دەچێنێت و تەنگژە و جەنگ بەرهەم دەهێنێت.

شۆڕشی تەکنەلۆجیای زانیاری و هێزی نەرم، کە ئێستە بەرجەستەن، دەستکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆشنگەری و سیاسی و ڕزگاریخوازی پوچەڵ ناکەنەوە، بەڵکو ئەو سنوورە تێدەپەڕێنن، کە ماوەی بەکاربردنیان بەسەر چووە، سیمبول و زمان و ناونیشانەکانیان چیاوازە. چونکە شۆڕشەکانی هێزی نەرم لەگەڵ خۆیاندا ئامرازگەلێکیان بەرهەم هێناوە،  کە دەسەڵاتی ڕژێمە تۆتالیتارییەکان کەم دەکاتەوە، هەوڵە سەربازییە باڵاکان ئاشکرا دەکات، کە بێجگە لە دواکەوتوویی و ستەمکاری هیچی تر بەرهەم ناهێنن. 

حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، کە خاوەند ڤیژن و دیدگایەکی ئایندەیی و نیشتمانسازی ڕوونە، بەردەوام لەهەوڵی ئەوەدایە، لایەنە نەتەوەییەکانی لەیەك نزیک بکاتەوە و کار دەکات بۆ بەدەستهێنانی نمرەی باش لەتاقیکردنەوەکانی دیموکراسی و گەشەپێدان و دادپەروەری و گەڕانەوەی شکۆمەندی بۆ کوردستان و کەرامەت بۆ هاوڵاتی کوردستانی لەپێناو دارشتنی ئایندەیەکی نوێ، تا  ئەو کڵێشە نێگەتیڤانەی، کە دوژمنانی گەلی کوردستان و دوژمنانی دیموکراسی کاریان بۆ کێشانی کردووە، تێک بشکێنرێن. 

جەماوەری کوردستان لە سایەی فەلسەفە و حیکمەتی سەرۆك بارزانی، کە ئەمڕۆ لەلایەن زۆرینەی گەلی کوردستان بە مەرجەع و ڕێنیشاندەری گەلی کوردستان و  سیمبولی نەتەوەیی كورد لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەی كوردستان دەبینرێ، هیوادارن ببنە ئەکتەرێکی بەهێز لەبنیاتنانی شارستانیەت و درووستکردنی مەعریفە و مۆدێرنیتە و پێشکەوتن، تا بتوانن کارایانە بەشداربن لەگەڵ نەتەوەکانی تری ناوچەکە لە داڕشتنی ئایندەیەکی باشتر بۆ ناوچەکە. 

لە کۆتاییدا، بۆ دەربازبوون لە تاقیکردنەوەی مەعریفە و دیموکراسی و پێشکەوتن پێویستە لەسەرمان خۆمان بە دوور بگرین لە ناسنامە کاتییەکان و بگەڕێینەوە بۆ میراتی نیشتمانیمان و لەگەڵ کانزا مەعریفییەکانی خۆمان و ڕێبازی پیرۆزی کوردبوونمان وەکوو میراتێکی پیرۆز مامەڵە بکەین و سەنگەری لێ نەگرین. هەروەها  لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەك هەڵسوکەوت بکەین، تا ناسنامەیەکی کوردستانی بەرهەمهێنەر و داهێنەرانەمان هەبێت، تا بتوانین بەشدار بین لە دەستکەوتەکانی شارستانیەتی هاوچەرخ. 

دکتۆر سامان سۆرانی