گرنگی فەلسەفەی ئاشتیی سەرۆك بارزانی لە سایەی ململانێی هەرێمی

گرنگی فەلسەفەی ئاشتیی سەرۆك بارزانی لە سایەی ململانێی هەرێمی
گرنگی فەلسەفەی ئاشتیی سەرۆك بارزانی لە سایەی ململانێی هەرێمی

ئەگەر دەسەڵاتدارانی ناوچەکە بایەخ بە بەدیهێنانی ئاشتییەکی هەمیشەیی بدەن، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەو کارە ئەنجامی بنیاتنەر و مەزنی لێدەکەوێتەوە، تەنانەت ئەگەر زلهێزەکانی جیهان پشتگیریشی لێ نەکەن، بەڵام ئەگەر دەسەڵاتدارانی ناوچەکە لەو ڕووەوە کەمتەرخەم بن، ئەوا  ناوچەکە و گەلانی ناوچەکە دەکەونە ناو دۆخێکی پڕ لە ململانێ و ئاشوپ و هەموو لایەنێ تێیدا زەرەرمەند دەبن.

دروستکردنی ئاشتی بابەتێکی زۆر ئاڵۆزە، بەتایبەتی ئەگەر هۆکارەکانی جیاوازی و ناتەبایی لەنێوان هێزە ناکۆکەکان زیاتر بن لە فاکتەری لێکنزیکبوونەوە و یەکگرتنەوە. 

کاتێ دەڵێین ئاشتی بابەتێکی زۆر ئاڵۆزە مەبەستمان ئەوە نییە، کە ئەگەرێک یان کەلێنێك نییە بۆ ئەو ئاشتییەی کە خوازراوە، هەرچەند قەبارەی جیاوازی و ناتەبایی گەورە بێت، بەتایبەتی ئەگەر ژیری بەکار بهێنرێت و عەقڵانییەت زاڵ بێت و بڕیاری دروست بەرز ڕابگیرێت و بەرژەوەندی گشتی و هاوبەش ڕەچاو بکرێت. 

ئەگەر ئەم هاوکێشە سیاسییە شۆڕ بکەینەوە بۆ کاروباری هەرێمی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە کێبڕکێی سیاسی پێش هاوکاری نێوان هێزە هەرێمییەکان کەوتووە و ململانێ هزری و ئایدیۆلۆژییەکان بوون بە مایەی هەڕەشە بۆ سەر بەردەوامی ئارامی لە نێوان جەمسەرە هەرێمییەکان و جەنگە لۆکاڵییەکان و هەڕەشە بەردەوامەکانی زلهێزەکان پێشبینی شەڕی کوشندە و مەزنتر دەکەن لە داهاتوویەکی نزیكدا.

ناوچەکە ڕووبەڕووی دۆخێکی سەخت و ئاڵۆز و مەترسیدار بۆتەوە، کە پێویستی بە چارەسەری خێرا هەیە، پێش ئەوەی بگاتە قۆناغی نائومێدی، کە دۆخێکی پڕ لە وێرانکاریی بێسنوور لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی بەرهەم دەهێنێت.

دەرەنجامەکانی ئەم وێرانکاری و کاولکارییە بەهۆی گرنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕووی جیۆپۆلیتیك و دەوڵەمەندی لە ڕووی سامانە سروشتییەکان و کولتوورە دێرینەکانی و شارستانیەتی دەوڵەمەندەکانی و مێژووی گەلان و ڕەگەزە جیاواز و جۆراوجۆرەکانی و گرنگی دەوڵەتەکانی ناوچەکە لەناو سیاسەتی نێودەوڵەتی و جیهانی چەند بەرابەر دەبێت. 

سەرۆك بارزانی، کە لە ناوچەکە و جیهاندا ناوبانگی بە پەیڕەکاری فەلسەفەی ئاشتی دەرکردووە و لەسەر ئاستی ناوخۆ و هەرێمی بەردەوام دەستپێشخەری کردووە بۆ کارکردن لەسەر گرتنەبەری ڕێگەی دیالۆگ و سازان بۆ چارەسەری کێشەکان، تا بتوانرێ لە ڕێگەی ئاشتییەوە کۆمەڵگەکانی ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەردەوام لە حاڵەتی خۆشگوزەرانی کۆمەڵگەیی بن و جیهان لە ڕووی گەشەی ئابوری بەردەوام بێت و ئاسایش و ئاشتی و سەقامگیری نێودەوڵەتی بپارێزرێت. 

بەڵێ ئێمە باس لە حیکمەت و دانایی سەرۆك بارزانی دەکەین، کە دەبێت لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی حزووری هەبێت، ئەگەر هەموو لایەك مەبەستیان بێت، بەرەو ئایندەیەکی بونیادنەر هەنگاو بنێن و ئاشتی خوازراو دەستەبەر بێت. 

بانگەوازە بەردەوامەکانی بۆ ئاشتی و دانوستانی ئەرێنی و دیبلۆماسییەت لە چوارچێوەی پەیوەندی برایانە نموونەیەکی زیندووی پابەندبوونە بە جاڕنامە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکان، چونکە دروستکردنی ئاشتی خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەش و گشتییەکان بۆ هەموو لایەنە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان دەکات. 

ئەمڕۆ ناوچەکە بە گرژییەکی لە ڕادەبەدەر تێدەپەڕێت و ململانێی نێوان هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان گەیشتۆتە لێواری پێکدادان و پەرپابوونی جەنگێکی فراوان لە پێناو بەرژەوەندییە ستراتیژەکان.

بۆیە پێویستە هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێکی بۆ پاراستنی ئاشتی بێت، کە لە ڕێگەیەوە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بەهێز دەبێت. 

لە کۆتاییدا گرنگە جەخت لەسەر ئەوە بکەینەوە، کەوا گەرەنتی سەرەکی بۆ پاراستنی دۆخی ئاشتی هەرێمی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێویستی بە نیازێکی ڕاستگۆیانە و خواستێکی ڕاستەقینەی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان هەیە بۆ پاراستنی دۆخی ئاسایش و ئاشتی و سەقامگیری و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە سیاسی، ئاسایشی و ستراتیژییەکانیان لە ڕێگەی دیالۆگی دیپلۆماسی و دانوستانی ڕاستەوخۆی نێوانیانەوە و پابەندبوون بە یاسا  نێودەوڵەتییەکان، کە لەلایەن ئەندامانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە پەسەند کراوە.

بەرقەرارکردنی ئاشتی هەمیشەیی هەرێمی و جێبەجێکردنی پابەندبوونی تەواو بە سیاسەتی دراوسێیەتی باش پێویستی بە دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتان و دوورکەوتنەوە لە هەڵسوکەوتی تێکدەرانە و ئاشوپگێڕی و پشتگیری نەکردن و لەخۆنەگرتن و داڵدەنەدانی ئەندامانی توندڕەو و ڕێکخراو و گروپە تیرۆریستییەکان هەیە.

بەدڵنیاییەوە دەستەبەرکردنی ئاشتی بەردەوام لەسەر ئاستی هەرێمی بەرهەمی بونیادنەری دەبێت، ئەگەر هێزە جیهانییەکانیش پشتگیری نەکەن، بەڵام پشتگوێخستنی ئاشتی دەبێتە مایەی گۆڕینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ دۆزەخێکی نەخوازراو و دواجار گەلانی ناوچەکە باجەکەی دەدەن.