د. سامان سۆرانی
نووسەر
گرنگی فەلسەفەی ئاشتیی سەرۆك بارزانی لە سایەی ململانێی هەرێمی
ئەگەر دەسەڵاتدارانی ناوچەکە بایەخ بە بەدیهێنانی ئاشتییەکی هەمیشەیی بدەن، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەو کارە ئەنجامی بنیاتنەر و مەزنی لێدەکەوێتەوە، تەنانەت ئەگەر زلهێزەکانی جیهان پشتگیریشی لێ نەکەن، بەڵام ئەگەر دەسەڵاتدارانی ناوچەکە لەو ڕووەوە کەمتەرخەم بن، ئەوا ناوچەکە و گەلانی ناوچەکە دەکەونە ناو دۆخێکی پڕ لە ململانێ و ئاشوپ و هەموو لایەنێ تێیدا زەرەرمەند دەبن.
دروستکردنی ئاشتی بابەتێکی زۆر ئاڵۆزە، بەتایبەتی ئەگەر هۆکارەکانی جیاوازی و ناتەبایی لەنێوان هێزە ناکۆکەکان زیاتر بن لە فاکتەری لێکنزیکبوونەوە و یەکگرتنەوە.
کاتێ دەڵێین ئاشتی بابەتێکی زۆر ئاڵۆزە مەبەستمان ئەوە نییە، کە ئەگەرێک یان کەلێنێك نییە بۆ ئەو ئاشتییەی کە خوازراوە، هەرچەند قەبارەی جیاوازی و ناتەبایی گەورە بێت، بەتایبەتی ئەگەر ژیری بەکار بهێنرێت و عەقڵانییەت زاڵ بێت و بڕیاری دروست بەرز ڕابگیرێت و بەرژەوەندی گشتی و هاوبەش ڕەچاو بکرێت.
ئەگەر ئەم هاوکێشە سیاسییە شۆڕ بکەینەوە بۆ کاروباری هەرێمی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە کێبڕکێی سیاسی پێش هاوکاری نێوان هێزە هەرێمییەکان کەوتووە و ململانێ هزری و ئایدیۆلۆژییەکان بوون بە مایەی هەڕەشە بۆ سەر بەردەوامی ئارامی لە نێوان جەمسەرە هەرێمییەکان و جەنگە لۆکاڵییەکان و هەڕەشە بەردەوامەکانی زلهێزەکان پێشبینی شەڕی کوشندە و مەزنتر دەکەن لە داهاتوویەکی نزیكدا.
ناوچەکە ڕووبەڕووی دۆخێکی سەخت و ئاڵۆز و مەترسیدار بۆتەوە، کە پێویستی بە چارەسەری خێرا هەیە، پێش ئەوەی بگاتە قۆناغی نائومێدی، کە دۆخێکی پڕ لە وێرانکاریی بێسنوور لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی بەرهەم دەهێنێت.
دەرەنجامەکانی ئەم وێرانکاری و کاولکارییە بەهۆی گرنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕووی جیۆپۆلیتیك و دەوڵەمەندی لە ڕووی سامانە سروشتییەکان و کولتوورە دێرینەکانی و شارستانیەتی دەوڵەمەندەکانی و مێژووی گەلان و ڕەگەزە جیاواز و جۆراوجۆرەکانی و گرنگی دەوڵەتەکانی ناوچەکە لەناو سیاسەتی نێودەوڵەتی و جیهانی چەند بەرابەر دەبێت.
سەرۆك بارزانی، کە لە ناوچەکە و جیهاندا ناوبانگی بە پەیڕەکاری فەلسەفەی ئاشتی دەرکردووە و لەسەر ئاستی ناوخۆ و هەرێمی بەردەوام دەستپێشخەری کردووە بۆ کارکردن لەسەر گرتنەبەری ڕێگەی دیالۆگ و سازان بۆ چارەسەری کێشەکان، تا بتوانرێ لە ڕێگەی ئاشتییەوە کۆمەڵگەکانی ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەردەوام لە حاڵەتی خۆشگوزەرانی کۆمەڵگەیی بن و جیهان لە ڕووی گەشەی ئابوری بەردەوام بێت و ئاسایش و ئاشتی و سەقامگیری نێودەوڵەتی بپارێزرێت.
بەڵێ ئێمە باس لە حیکمەت و دانایی سەرۆك بارزانی دەکەین، کە دەبێت لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی حزووری هەبێت، ئەگەر هەموو لایەك مەبەستیان بێت، بەرەو ئایندەیەکی بونیادنەر هەنگاو بنێن و ئاشتی خوازراو دەستەبەر بێت.
بانگەوازە بەردەوامەکانی بۆ ئاشتی و دانوستانی ئەرێنی و دیبلۆماسییەت لە چوارچێوەی پەیوەندی برایانە نموونەیەکی زیندووی پابەندبوونە بە جاڕنامە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکان، چونکە دروستکردنی ئاشتی خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەش و گشتییەکان بۆ هەموو لایەنە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان دەکات.
ئەمڕۆ ناوچەکە بە گرژییەکی لە ڕادەبەدەر تێدەپەڕێت و ململانێی نێوان هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان گەیشتۆتە لێواری پێکدادان و پەرپابوونی جەنگێکی فراوان لە پێناو بەرژەوەندییە ستراتیژەکان.
بۆیە پێویستە هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێکی بۆ پاراستنی ئاشتی بێت، کە لە ڕێگەیەوە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بەهێز دەبێت.
لە کۆتاییدا گرنگە جەخت لەسەر ئەوە بکەینەوە، کەوا گەرەنتی سەرەکی بۆ پاراستنی دۆخی ئاشتی هەرێمی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێویستی بە نیازێکی ڕاستگۆیانە و خواستێکی ڕاستەقینەی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان هەیە بۆ پاراستنی دۆخی ئاسایش و ئاشتی و سەقامگیری و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە سیاسی، ئاسایشی و ستراتیژییەکانیان لە ڕێگەی دیالۆگی دیپلۆماسی و دانوستانی ڕاستەوخۆی نێوانیانەوە و پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان، کە لەلایەن ئەندامانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە پەسەند کراوە.
بەرقەرارکردنی ئاشتی هەمیشەیی هەرێمی و جێبەجێکردنی پابەندبوونی تەواو بە سیاسەتی دراوسێیەتی باش پێویستی بە دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتان و دوورکەوتنەوە لە هەڵسوکەوتی تێکدەرانە و ئاشوپگێڕی و پشتگیری نەکردن و لەخۆنەگرتن و داڵدەنەدانی ئەندامانی توندڕەو و ڕێکخراو و گروپە تیرۆریستییەکان هەیە.
بەدڵنیاییەوە دەستەبەرکردنی ئاشتی بەردەوام لەسەر ئاستی هەرێمی بەرهەمی بونیادنەری دەبێت، ئەگەر هێزە جیهانییەکانیش پشتگیری نەکەن، بەڵام پشتگوێخستنی ئاشتی دەبێتە مایەی گۆڕینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ دۆزەخێکی نەخوازراو و دواجار گەلانی ناوچەکە باجەکەی دەدەن.