د. سامان سۆرانی
نووسەر
بڕیاری 688 و دامەزراندنی هەرێمی کوردستان
ڕاپەڕینی ساڵی 1991ـی گەلی کوردستان لە عێراق وەڵامێکی جەماوەری بوو لە دژی سیاسەتی سەرکوتکردن و پاکتاوی ڕەگەزی، کە ڕژێمی بەعس لە ماوەی دەسەڵاتی دژ بە گەلی کوردستان ئەنجامی دەدا، لە هەمان کاتدا ڕاپەڕین زەمینەیەکی بۆ پشتیوانی نێودەوڵەتی و دامەزراندنی قەوارەی هەرێمی کوردستان ڕەخساند، کە یارمەتیدەر بوو بۆ سەقامگیرکردنی کوردستان و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی گەشەسەندنی سیاسی و ئابووری لە هەرێم.
بڕیاری 688ـی ساڵی 1991، کە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە درا، بووە مایەی دروستکردنی نەوای ئارام و ڕێگەپێدان بەوەی، گەلی کوردستان لەدەستی هێرشی ئاسمانی حکوومەتی عێڕاق پارێزراوبێت و دەرگا بۆ ڕێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان واڵا بێت، هاوکاری پێشکەش بە گەلی کوردستان بکەن و بەو شێوەیە کورد لە هەندێ لە ناوچەکانی خۆی سەربەخۆییەکی ڕێژەیی هەبێت.
ئەم بڕیارە تا ڕادەیەكی زۆر ڕۆڵی هەبوو لە بووژانەوەی کوردستان و یارمەتیدەر بوو بۆ ئەوەی کوردستان سەقامگیر بێت و ژێرخانی بەهێز بێت، بە تایبەتی لە بوارەکانی خوێندن و تەندروستی و یارمەتی مرۆیی، هەرێمی کوردستان بوو بە خاڵی سەرەتا بۆ پەرەپێدان و دامەزراندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆیە ئەم بڕیارە بە قۆناغێکی گرنگ لە مێژووی هاوچەرخی کوردی لە عێراق ئەژمار دەکرێت، چونکە هاوکار بوو لە پاراستنی مافەکان و بەهێزبوونی هەڵوێستی سیاسی کورد لە ناوچەکە.
بوونی نەوای ئارام بووە هۆکاری گەڕانەوەی ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بۆ سەر زێدی خۆیان و بەو هۆکارەشەوە توانرا کۆمەڵگەی کوردستانی دووبارە بونیادبنرێتەوە، بە تایبەتی پاش ئەوەی زیاتر لە دوو ملیۆن کورد لە دەستی هێرشە سەربازییە وێرانکارەکانی ڕژێمی پێشوو پەنایان بردبووە بەر وڵاتانی دراوسێ.
پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس و دانانی دەستور لە ساڵی 2005 بۆ عێراقی نوێ بەفەرمی دان بە هەرێمی کوردستان نرا وەکو قەوارەیەکی دەستوری لە چوارچێوەی عێراقی فیدڕاڵ، ئەم دامەزراندنە دەسەڵاتی سیاسی و ئابوری و سەربازی زیاتری بە هەرێمی کوردستان بەخشی و هاوکار بوو لە سەقامگیری زیاتر لە ناوخۆی کوردستان.
لەو کاتەوە تاوەکو ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان لە سایەی سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆك بارزانی و فەلسەفەی ئاشتیخوازانەیان بۆ بەڕێوەبردن توانیویە پەرە بە دامەزراوەکانی بدات، بۆیە لە ئێستادا هەرێم لە زۆر بواری وەکوو پەروەردە و تەندروستی و کشتوکاڵی و پیشەسازی و بەرگری و ئاسایش، بووە بە نموونەیەکی سەرکەوتوو لە ناوچەکە و جێگەی متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.
ئەمڕۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرکردایەتی مەسرور بارزانی، سەرەڕای ئالنگارییە ئابوری و هەڕەشە ئاسایشەکان و شەڕی تیرۆر و ناسەقامگیری سیاسی لەناوچەکە بەردەوامە لە هەنگاوەکانی بۆ فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات و ڕاکێشانی وەبەرهێنی بیانی و زیادبوونی هاوکاری هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ کوردستان.
ئێمە پێمان وایە بڕیاری 688ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە تیایدا وڵاتانی وەکوو فەرەنسا و بەریتانیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕۆڵی گرینگ و سەرەکییان گێڕا بۆ دەرچوونی، هۆکار بوو لە درووستبوونی نەوای ئارام و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ کوردستان و دامەزراندنی هەرێمی کوردستان، کە لای خۆیەوە بە شێوەیەکی بەرچاو پشکداربووە لە سەقامگیری ناوچەکە.
لە کۆتاییدا ئەم ڕووداوە مێژووییە وای کرد، کوردستان ببێت بە لانکەیەك بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان نەتەوە و ئایین و ئاینزا جیاجیاکان، ئەگەر چی ناوچەکە هێشتا هەر بەردەوامە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئالنگاری سیاسی و ئاسایشی، کە لە ڕواڵەتدا پێویستی بە چارەی درێژخایەن و ڕیشەیی هەیە بۆ مسۆگەرکردنی ئاشتی و سەقامگیریی لە داهاتوودا.