شۆڕش عەزیز سورمێ
نووسەر
یەکێتی ئەوروپا و تێپەڕاندنی ئەزموونێکی سەخت
دوای بەستنی لووتکە نائاساییەکەی یەکێتی ئەوروپا
دوای بەستنی لووتکە نائاساییەکەی یەکێتی ئەوروپا و بەمەبەستی پاڵپشتیکردنی ئابووری ئەو وڵاتانەی کە بەهۆی کۆڤید19ەوە زەرەرمەند بوون، سەرکردەکانی هەر 27 وڵاتی ئەندام لە یەکێتیەکە پاش وتوێژێکی چوار رۆژە، گەیشتن بە پلانێکی مێژوویی بۆ پاڵپشتیکردن لە ئابووری وڵاتەکانیان، ئەویش بەتەرخانکردنی بڕی (750 ملیارد) یۆرۆ بەشێوەی قەرزی هاوبەش.
ئەم بڕیارە هاوبەشەی یەکێتی ئەوروپا بە یەکەم هەنگاو دادەنرێت لە مێژووی یەکگرتووی یەکێتی ئەوروپا، کە لەسەر پێشنیازی فەرەنسا و ئەڵمانیادا خرایەڕوو، هاوکات لە سەرەتادا پێشنیازەکەی رووبەڕووی ناڕەزاییەکی زۆر بوهوە لەلایەن وڵاتانی وەک هۆڵەندا، نەمسا، دانیمارک، سوید و فینلەندا، بەڵام دواتر پاش مشتومڕێکی زۆر لە نێوان هەر 5 وڵاتەکە لە لایەک و ئەڵمانیا و فەرەنسا لەلایەکی ترەوە، توانرا بگەن بە ئەنجامێکی دڵخۆشکەر، بە تایبەتیش بۆ وڵاتێکی وەک ئیسپانیا و ئیتاڵیا کە زەرەرمەندترین وڵاتن لە رووی ئابوورییەوە بەهۆی کۆڤید19 ەوە.
هاوکات بە پێی پلانەکە، سندوقێک بە بری (750) ملیار یۆرۆ وەک پاڵپشتی بۆ ئابووری وڵاتانی ئەوروپا تەرخان دەکرێت. هەروەها ئەو بڕە پارەیە بۆ دوو بەش دابەش دەکرێت کە (390) ملیار وەکو یارمەتی دەبەخشرێت و (360) ملیاریش دەبێت وەکو قەرز لە داهاتوودا بدرێتەوە بە یەکێتی ئەوروپا.
هەروەها بۆ دانەوەی بەشی یەکەم، کە وەکو یارمەتی دەدرێت بە وڵاتانی زەرەرمەند، دەبێت بە قەرزێکی هاوبەش، کە دواتر بەشێوەیەکی هاوبەش هەر 27 وڵاتەکە دەیدەنەوە.
هەرچی بەشی دووەمە، کە وەکو قەرزە دەبێت تەنها ئەو وڵاتانە بیدەنەوە، کە سودمەند دەبن لە وەرگرتنی یارمەتییەکە.
هەر بۆیەش لە بڕی ئەو (750 ملیارد) یۆرۆیە (209 ملیارد یۆرۆ) درا بە ئیتاڵیا بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی ئابووری وڵاتەکە، کە نیوەی وەکو قەرز دەبێت و نیوەکەی تریش وەکو یارمەتی.
ئەم بڕیارەش بۆ ئیتاڵیا زۆر پێویست بوو، بووە جێگەی دڵخۆشی نەک تەنیا پارتە بەشداربووەکانی دەسەڵات، بەڵکو بۆ پارتە بەرهەڵستکارەکانیش، بەتایبەتی بەرزنرخاندنی رۆڵی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا (جوزێپێ کۆنتێ)، لەم کۆبوونەوەیەدا کە توانی ئەم بڕە پارەیە بۆ ئیتاڵیا بەدەست بێنێ.
بەم بڕیارەی یەکێتی ئەوروپا سەلماندی هێشتا لە توانایاندا هەیە بە پشت بەستن بەیەکەوە، جموجۆڵ بکەن و بە هانای یەکترەوە بچن لە کاتی تەنگانەدا.