
ئازاد جندیانی
نووسەر
ئەنفال، یادەوەرییەکی کوردەواری

هێندەی لەدوێنەوە سەرنج دەدەم؛ وەک ئەوەیە یادکردنەوەی سی و هەفت ساڵەی ئەنفال بووبێتە کاری دەستەبژێری سیاسی و ئەکادیمی کوردستان ، ئەمەش بەپێچەوانەی پتر لە سی ساڵی ڕابردوو ، کە یادکردنەوەکە تا ئەندازەیەکی زۆر مۆرکێکی کۆمەڵگای فراوانی بەخۆوە دەگرت. هەڵبەت لەناو یادکردنەوە کوردەواریەکەدا ، ژانرە جۆراوجۆرەکانی هونەرو ئەدەب و سینەماو جۆرەها ئاکتی کۆمەڵایەتی کوردپەروەرانە و لە پاڵیدا توێژینەوەو پانێڵ و کۆڕو کتێب چاپکردنیش ئامادەگیان هەبوو ، هاوکات لە دیاسپۆراشدا ئەو یادەوەرییە بۆ ناساندنی تاوانەکەو تاوانبارانی یاد دەکرایەوە . بەدەربڕینێکی تر، یادکردنەوەکە بەزیندوویی هێشتنەوەی کۆیادەوەری کوردەواری بوو سەبارەت بە تراجیدیایەکی بێوێنە لە ناوچەکە و بگرە لەدنیای سەردەمیشدا.
لەو سێ دەیەی ڕابردوودا لە ناوخۆماندا هەبوون کە ئەو یادکردنەوانەیان بە مەرگدۆستی وێنا دەکرد و دەسەڵاتی سیاسی و پارتەسیاسیەکانی کوردستانیان پێ سەرزەنشت دەکرد . لەکاتێکدا هەمان ئەو توێژ یان دەستەبژێرانە لە باسکردنی هۆلۆکۆستی جوولەکەکان نەدەوەستان. جوولەکەکان خۆشیان لە بۆنەی جیاجیای ساڵەکاندا بەردەوام تراجیدیای هۆلۆکۆستیان بەدەیان شێوە وەبیر نەوەکانی خۆیان و وەبیر جیهانیشیان دەهێنایەوەو هێشتاش توێژینەوەو فیلمسازی و بەرهەمی ئەدەبی و هونەری لەمەڕ هۆلۆکۆست بەردەوامە کە بە بەراوردی تەمەنی دوو ڕووداوە تاوانکارییەکە ئەوە نیشان دەدا کە هێشتا برینی ئەنفالی کورد لەچاو هۆلۆکۆستی جوولەکە تەڕەو خیزاوی لەبەر دەڕوات .
بەراووردێکی تریش ئەوەیە کە هۆلۆکۆست لەهەموو دنیادا دانپێدانانە نێودەوڵەتیەکەی یاسامەندکراوە ؛ نەک هەر هێندەش بەڵکو ڕەتکردنەوە یان گومان خستنە سەر ڕووداوەکەش بەپێی یاسای نێودەوڵەتی قەدەغەکراوەو وەک تاوانیش هەژمار دەکرێ. من لای خۆمەوە لە تاوانی هۆلۆکۆستدا هەمیشە هاوخەمی جوولەکەکانم و واشی بۆ ئەچم هەرکاتێک دامەزراوە سیاسی، دەوڵەتی، ئەکادیمی، جڤاکی، کوڵتوری و ئاینی جوولەکەکان دەستبەرداری یادکردنەوە و بیرهێنانەوەی بەردەوامی هۆلۆکۆست بوون، ئەبێ گومان بخرێتە سەر دواڕۆژیان وەک نەتەوەو جڤاک و هتد .
بێگومان ڕۆڵی زانکۆو ئەکادیمیان و ناوەندەکانی توێژینەوە و میدیاکانی کوردستان لە یادکردنەوەی ئەنفال و کردنی بە بیانووێکی بەهرەدار بۆ کارکردن لەسەر جینۆسایدی کورد بە کارێکی لەجێی خۆی ئەزانم، هیوادارم لەوبوارەدا چەمک و دەستەواژەو بیرۆکەی ( خۆکردی و خۆکوردی )* بەرهەم بهێنن وەک چۆن جوولەکەکان بۆهۆڵۆکۆست کردیان .
بەڵام هەرگیز لەگەڵ ئەوەدانیم، کە یادکردنەوەی ئەنفال ،کە ترۆپکی تاوانێکی بێ ئەندازە دڕندانەی دەوڵەتێکی داگیرکەری کوردستانە، لە توێژینەوەو چالاکی هۆڵەکان و لاپەڕە و ستۆدیۆکانی میدیاکاندا کورت بکرێتەوە ، بەڵکو پێویستە لە پانتایی کۆمەڵگادا ئەو یادکردنەوەیە بکرێتەوەو ڕێگە بدرێ دەستەو گروپەکۆمەڵایەتیەکان و بەتایبەت خێزان و گوند و ئاوەدانی و عەشیرەت و ناوچە زیان بەرکەوتووەکان و هەموو کوردستانیش بۆ یادکردنەوەی ئەنفال هان بدرێن و پشتیوانیی بکرێن تا لە یادەوەری تاک وکۆی نەوە دێرین و نوێکانی کوردستان هەمیشە بەزیندوویی بمێنێتەوەو خەون و پیلانی دوژمنە داگیرکەرەکانمان بەتاڵ ببنەوە کە گەرەکیانە ببینە نەتەوەیەکی بێ یادەوەری. بۆیە ئەبێ هەمیشە ئەوەمان لەبەرچاو بێ، کە سڕینەوە و بەتاڵکردنەوەی نەتەوە ( هەر نەتەوەیەک ) لە یادەوەریە جۆراوجۆرەکانی ئەوە کۆتایی داستانی هەبوونی نەتەوەکەیە.