گرینگی یەكبوونی کورد لە هزری سەرۆك بارزانی

گرینگی یەكبوونی کورد لە هزری سەرۆك بارزانی
گرینگی یەكبوونی کورد لە هزری سەرۆك بارزانی

لەگەڵ ئەوەی سەرۆك بارزانی وەکوو سەرکردەیەکی دیاری سەر گۆڕەپانی سیاسی کوردستان بە درێژایی خەباتی سیاسی خۆی ڕۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە بەرەو پێشبردنی دۆزی کورد، چ لەسەر ئاستی عێراق یان لەسەر ئاستی بەشەکانی تری کوردستان، چونکە یەکێك لە دیارترین پرەنسیپەکان، کە هەمیشە داکۆکی لێکردووە بریتی بووە لە یەکبوونی کورد و بە کۆڵەکەیەکی سەرەکی داناوە بۆ بەدیهێنانی ئاواتەکانی گەلی کوردستان.  

سەرۆك بارزانی پێی وایە لە چوارچێوەی گۆڕاوە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان یەکبوونی گەلی کوردستان مەرجێکی سەرەکییە بۆ دەستەبەرکردنی ئامانجە نەتەوەییەکانی، هەر بۆیە لە زۆربەی وتار و لێدوانە سیاسییەکانی جەخت لەسەر یەکبوونی نیشتمانی نێوان هێز و ڕەوتە سیاسییە کوردستانییەکان دەکات، تا بتوانن ڕووبەڕووی ئالنگارییە ناوخۆ و دەرەکییەکان ببنەوە، بەتایبەتی کاتێ دەبینرێ، هەوڵی زۆر هەیە لەلایەن نەیارانی گەلی کوردستان بۆ لاوازکردنی ئەو یەکبوونە. 

یەکبوونی کورد لە دیدی سەرۆك بارزانی یەوە پیویستییەکەی ستراتیژە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی نیشتمانی کورد و هەماهەنگی نێوان حزبە کوردستانییەکان دەتوانێ پشکداربێتل ە بەهێزکردنی هەڵوێستیان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی. 

سەرۆك بارزانی باوەڕی بەوە هەیە، کەوا فرەیی هزری و سیاسی و ڕێزی دوولایەنە دەبنە مایەی بەهێزبوونی یەکگرتوویی و هاوکاری بەردەوامی نێوان حزبە کوردستانییەکان لە پێناو ئامانجی گەورەتر، کە بریتییە لە پرۆژەی سەربەخۆیی و نەهێشتنی بەربەست لە بەردەم پێشکەوتن و بەدیهێنانی خواستەکان و تۆکمەکردنی ویستەکان. 

بۆیە پێویستە سەرکردایەتی سیاسی توانای ئەوەی هەبێت هەموو لایەنە سیاسییەکان لە ژێر چەترێ کۆبکاتەوە و لە ڕێگەی دیالۆگەوە زەمینەی هاوبەش درووست بکرێت بەمەبەستی نەهێشتنی هەر ململانێیەك، کە زیان بە بەرژەوەندی گەلی کوردستان بگەیەنێت.

لەم سۆنگەیەوە سەرۆك بارزانی هاندەری هێزە سیاسییەکان بووە، هەماهەنگی لەگەڵ یەکتر بکەن و بگەن بە سازانی سیاسی لە بابەتە چارەنوسسازەکان. لە ڕوانگەی سەرۆك بارزانی یەوە فیدڕاڵییەت ئامرازێکە بۆ گەیشتن بە مافە سیاسی و ئابورییەکانی گەلی کوردستان لە چوارچێوەی هەر دەوڵەتێکی دیموکرات، بەڵام ئەگەر دەوڵەتەکان بەردەوام بن لەسەر سەپاندنی هزری ناوەندێتی و پەیڕەوکردنی سیاسەتی شۆڤینی، ئەوا بە پێویستی دەبینێ، کە گەلی کوردستان بیر لە بژاردەی تر بکاتەوە، تا بتوانێ ئامانجەکانی دەستەبەر بکات، تەنانەت ئەگەر بابەتی سەربەخۆییش بیت، کە شکۆمەندی بۆ گەلی کوردستان دەگەڕێنێتەوە.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی بە پێویستی دەزانێت کورد لەسەر ئاستی هەرێمی هاوکاری یەکتر بن بۆ ڕووبەرووبوونەوەی ئالنگارییەکان و هەر هەنگاوێ، کە لەپێناو سەربەخۆیی دەنرێ، پێویستە لەسەر بنەمای یەکبوونی کورد بێت. 

ئەزموونی مێژووی گەلی کوردستان ئەوەی سەلماندووە، کەوا دووبەرەکی و شەڕی ناوخۆ بێجگە لە دواخستنی ڕێڕەوی خەباتی ڕزگاریخوازی هیچ شتێکی تری لەگەڵ خۆی نەهێنا. لە بەرامبەردا سازان و گونجان بەردەوام رێگەخۆشکەربوون بۆ دەستەبەرکردنی هەنگاوی بەدیکراو بۆ بونیادنانی قەوارەیەکی بەهێزی و دانپێنراوی وەکو هەرێمی کوردستان. 

بە دڵنیاییەوە جیهان بە چاوی ڕێزەوە دەڕوانێتە ئەو گەلانەی، کە توانای یەکبوونی و ڕێکخستنی خۆیان هەیە، هەر بۆیە سەرۆك بارزانی  پرۆژەی کۆکردنەوەی کۆمەڵگەی کوردستانی لە دەوری ئامانجێکی ڕوون و دیدگایەکی ئایندەیی هاوسەنگی کردووە بە لە پێشینەی کارەکانی، بە مەبەستی سەرخستنی دۆزی کورد و دەستەبەرکردنی پاڵپشتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. 

لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین، سەرۆك بارزانی لە ئێستادا وەکو مەرجەعێ بووە بە سمبولی یەکبوونی کورد و بەردەوامە لە بەرگریکردن لەو یەکبوونە وەکوو مەرجێکی سەرەکی بۆ بەدیهێنانی سەرجەم مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان، ئەو باوەڕە قووڵەی سەرۆك بارزانی لە ڕێبازی مستەفا بارزانی یەوە سەرچاوە گرتووە، کە فەلسەفەکەی بریتیە لە هاوکاری و ڕێزی دوولایەنە، سەرەڕای هەموو ئالنگاری و ئاستەنگەکان. 

کاتی ئەوە هاتووە ناکۆکییە لاوەکییەکان وەلاوە بنرێن و فۆکس بخرێتە سەر خاڵی کۆکەرەوە، چونکە یەکبوون تەنها بژاردەیەك نییە، بەڵکو بەردی بناغە و مەرجی سەرەکی سەربەخۆیی و ئازادییە.